مەیدانی عەمەلان
(بزوێنەری بژێوی هەژارانی هەولێر)
مەیدانی عەمەلانی (قوڕکاری) لەتەک مەیدانی تەیراوە و کوران لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو تا نێوەڕاستی نەودەکان لە ناو جەرگەی شاری هەولێرێ بو
لە سێ ڕێیانەکەی بەردەمی مەچکۆ و قاوەخانەی عەبۆ و تاجریان و ئەجهیزە دەقیقە بو، لەنێوەڕاستی دا گۆڕەپانێکی سێ سووچی لێبو. لێواری شۆستەکان بۆ سەر جادەکان بە بۆڕیی چەقێنرابوو بۆ ئەوەی ڕێبوارەکان نەیەنە سەر جادە، بۆ کاتەکانی تریش لە دەمی سەراکێشانی مەلای مزگەفتەکان کرێکارەکان لەسەریان دادەنیشتن یان خۆیان بە پاڵەوە پێوە دەگرت.
لە سێ سوچە کەی نێوەڕاست عارەبانەکانی شەربەتی مێوژی حاجی سدیق و کوبەی مام سەید و سەلمانی دەفرۆشران لەتەک لەفەی هێلکە و ڕوون و کێکی کوبە و پاقلاوە، لە سووچەکەی بەردەم قەیسەری نەجاڕان شیری گەرمی گامێشەوانەکانی ماڵە عارەبەکانی بەستی سەیداوە و کەندە پیس و سایلۆی بە جامی فافۆن بە نیو دەرهە می لێ دەفرۆشرا کە بە ئاگری داری نەجاڕەکانی قەیسەری لانک و ڕەوڕەوە و تیرۆک نێڵە نێڵ داخ دەبو بەنانێکی گەرم زۆر جاران هێندێک گێمەڕی قەیماغی تێکەڵ دەکرا تین و وزەیەکی سرووشتی دەدا بازوی کرێکارەکان.
کرێکارەکان لە بەیانییەکی زوو لە هەموو گەڕەکەکانی شار بە زستان و هاوین دەردەچوون و دەگەیشتنە مەیدانەکە بە دەستی قڵیشاو و چیمەنتۆ بردی و نیتاق لە پشت و پۆتین لە پێ بوون، بە گشتی کرێکارەکانی سەبەی چوست و چالاکتر بوون لە کرێکارەکانی تری دیوار و حەفر و قوڕکاری.
وەستاکان بە فیزێک و بە تیلاکی خوار و فیتە و شاوری بەرپشتیان، بە چەشنی کڕینی مەڕ و بزن بە ئیشارەتی چاو کرێکارەکانیان دیاری دەکرد بۆ کاری ئەو ڕۆژە، کەمتر کرێکارەکە مافی پرسیار کردنی شوێن و جۆری کارەکەی هەبوو، زۆریان ئەوانەی پایسکلیان هەبوو بە تایبەت وەستا و خەلفەکان بە خۆیان دەچوونە سەر شوێنی خانووەکان، خانووەکان زۆریان لە کەرپووچی کورەکانی سەر ڕێگای کەرکووک و عەنکاوە بلۆکی پتەوی بلۆک بڕەکان درووست دەکرا هەر لا دیوارەی بە دوو ڕێز و نیمە یەک ی حەل و شەت بەرز دەکرایەوە، دوای ئەوەی تەرازوو شاور دەکرا، نێوان کەرپووچەکان بە قوڕە سوور قوڕپان کەرەوە ڕێکی دەخست و بەردەر لە خوارە و کەرپووچی دەهاویشتە ناو دەستی وەستا زۆر بە شێوەیەکی هونەریان وەک شۆخیەک وەستاکە لە حەوا بەردەکەی دەگرتەوە، قوڕکێشانەکەش زیاتر لە نسیبی گەنج و قوتابیە هەژارەکان بوو کە ڕۆژی هەینی یان لە پشووی هاوینە جوانی و گەنجیان لە بەر تیشکی داخی گەرمای هاوینە یان سەرماو ئاوی شەختەی زستانێ دەستیان شەقاڵ شەقاڵ دەبو بە چەمەنتۆ و کەرپوچە زوورە دڕەکان، بێ هیچ خۆ پارێزێک تەمەنیان بە فیڕۆ دەچو.
وەستاکان زۆریان هەولێری و تورکمان بوون، بەڵام بەبێ خوێندەواری تەنیا بە تیاڕامان ئەندازیارێک بوون! زۆر جاران لە کاتی ئەزموونی وەرگرتنی مۆڵەتی بەننایی ئەندازیارەکانی بەلەدیە بە مەزەندە و حیسابیان لە بواری نەخشە و شێوازی تێکەڵەی پێویستی چەگڵ و قوم و چیمەنتۆ سەریان سوڕدەما.
کرێکای سەبە زووتر لە کرێکارەکانی تر دەچوونە سەرئیش و لە ماوەی تەنیا سێ کاتژمێرێک خانوێکی دوو سەد مەتریان تەوا دەکرد و ڕوبعێک زیاتر ڕۆژانەیان زیاتر وەردەگرت و خاوەن خەباتەکان جێب ی لاندرۆڤەر و پیکابی شۆفرلێت و خەباتەی هیندی میلەرزیان هەبو.
نموونەیان سەعید و محەمەد یاهو و سەعدی ئەبو شوارب بوون.
نەجارەکانی بەستنی تەختەی بنمیچی خانوو وا باو بو شێوەی ئەکتەرە کاوبۆیەکان شەبقە و چەکوچەکە لە شێوەی دەمانچە و تورەگەی بزماریان لە بەرپشت بو.
زۆربەی کات ئیش و کار زۆر کەم بوو کرێکارەکانیش لە زیاد بوون، بە تایبەتیی لە زستانانی ئەو دەم لە بەر تەڕی و تووشی جاری وا هەبوو چەند ڕۆژێک لەسەر یەک کەسێک کاری بەدەست نەدەکەوت دوای ئەوەی لە کاتژمێر هەشت هیچ هەلێکی چوونە ئیش نەدەمایەوە ئیتر کرێکارەکان لە بەر بێزاری لەگەڵ یەک بەشەڕ دەهاتن سەر و پۆتاڵکی یەکتریان دەشکاند، وردەوردە دوکانەکان دەکرانەوە و بازاڕ بۆ ڕۆژێکی تر دادەهاتەوە و کرێکارەکان لەبەر دوکانەکان دەردەکران.
بە گشتی هیچ یاسایەک نەبوو بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و هەتا لەکاتی بریندار بوون و مردن و دەرکردنشیان لەلایەن خاوەن کار.
یەکی ئایار شتێک نەبوو بە لافیتەیەکیش بۆ کرێکاران جێگای سەرنج نەبوو، دەبێ لەبەر دوو هۆ، نە کرێکارەکان هۆشیار و خوێندەوار بوون و زیاتریش یەکی کرێکار بۆنی شیوعی لێ دەهات لەلایەن حکومەت زۆر بەتەنگ ئەو یادە نەبوون، تەنیا توانرا ماوەی کارکردن بکرێتە هەشت کاتژمێر لە هەشتی بەیانی تا یازدە و نیوی نیوەڕۆ و دواتر دەست پێکردنەوی کار لە یەکی دوای نیوەڕۆ تا چواری ئێوارە.
کرێی ڕۆژانەی کرێکارێکی ئاسایی قوڕکاری لە حەفتاکان تەنیا حەفت دەرهەم بو بەڵام کیلۆی شەکری بە دوو دەرهەم بو. لە سەرەتای هەشتاکان دینارێک و ڕوبعێک بو دواتر هەتا چوار دیناریش هەڵکشا.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو مەیدانی عەمەلان لە دوای حەفتاو پێنج بۆکرێکاری چەپ و خوێندەواری وەک ئەبوبەکر خۆشناو کاکە زیاد لادێی و زۆرانێکی تری وەک ئێمەمانان. بووە ناوەندێکی وشیاربوونەوەی خەباتی چینایەتی.[1]
قیچەک لە یادەوەریەکانم
یوسف عوسمان عەزیز