کاری شەربەتفرۆشی[1]
لە ساڵانی بیست و سییەکانەوە
فەردە مێوژەکان لە دەرووبەری سلێمانی دەهێنرانە ناو شار، زۆربەی مێوژە باشەکان کە باشترینن بۆ دروستکردنی شەربەت، لە گوندەکانی سنوری شارباژێڕ و شینکایەتی و دۆڵی جافایەتی بەرهەم دەهێنرێن، چونکە باشترین جۆری ڕەز و ترێ و مێوژ دەکەونە ئەو دەڤەرەوە، جاران بەشێوەیەکی ڕێک و پێک ئامادە و پوختە دەکران و دەخرانە گونێیەی ئەستور و ئەستور، پریاسکەی گەورە و بەسەر پشتی ڕەشەوڵاخ و گوێدرێژ دەهێنرانە ناو بازاڕ و شوێنە قەرەباڵخەکانی شار و بە خەڵک و دوکاندارەکان دەفرۆشان یان ئاڵوگۆڕیان بە شتومەکی تر پێدەکرا.
زۆر لە شەربەتفرۆشەکانیش خۆیان چاڵە بەفریان هەبوو، هەندێکیان لە مەڵکەندی تاشە بەفریان هەبوو، کە بەفری ئەوێ دەتوایەوەو ڕوویان لە لەچیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە و گوندەکانی قولەڕەش و خەمزە و ئەزمڕ دەکرد و
لەوێوە بەفرەکانیان دەخستە گوێنیەوە بە پشتی وڵاغ دەیاهێنایە ناو شار و ئێواران دەیانفرۆشت یان لەگەڵ شەربەتەکانیان تێکەڵیان دەکرد.
کاری شەربەتفرۆشەکان لە بەهار و هاویندا زۆر زۆرتر بوو، چونکە خەڵکی لە وەرزی گەرمادا زیاتر خواردنەوە ساردەکان دەخواتەوە، کە زیاتر لەناو بازاڕ و کۆڵان و دوکانەکانیاندا شەربەت و ماستاوی پڕ قەزوانی ساردیان دەفرۆشت.زستانان وازیان لە کاری شەربەتفرۆشی دەهێنا و شێلمی کوڵاو و لەبلەبی و پاقلەیان دەفرۆشت.چونکە بۆ ئەو وەرزە خواردنە گەرمەکان پێویست بوو...
ئەوکات وەکو ئێستا ئامێری پێشکەوتوو نەبوو، بۆیە کاری شەربەت دروستکردن، کاری تاڕادەیەک قورس وگران بوو، چونکە زۆربەی کارەکان کاری دەستی بوون و ماندووێتیان زۆر دەویست..
$چۆن شەربەتی مێووژ لەکۆندا دروستکرا؟$
شەربەتی مێووژ لە سلێمانیدا بە زۆر شێوە ئامادە دەکرا،
سەرەتا مێوژەکە لە چێوکەکانی لێدەکرایەوە و بەئاو، تەپوتۆز وقوڕ و پیسیەکانی جوان جوان پاک دەکرایەوە، دوو سێجار پاک بە ئاوێکی سارد دەشۆرایەوە و پوختە دەکرا هەتا ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی گوشراوی شەربەتی مێوژ.
جاران زۆر لەشەربەچییەکان شەو و ڕۆژێک، مێوژەکە دەخستە ناو مەنجەڵێکی مسی پڕ ئاو، وازیان لێدە هێنا تا مێوژەکە بەتەواوەتی دەخوسا و ڕەنگی دەدایەوە، یان هەندێک لەشەربەتکارەکان، مێوژەکەیان دەخستە مەنجەڵێکی مسەوە لە سەر ئاگرێکی نزم یەک قوڵپیان پێدەدا و دایاندەگرت، هەتا بەتەواوەتی مێوژەکە دەخوسا و ڕەنگی بەتەواوەتی دادەیەوە.
دوای ساردبوونەوەی مێوژەکە، گوشراوی شەربەتەکە دەپاڵێورا، لەکاتی پاڵاوتنەکەدا چەند چڵە نەعنایەک یان چەند چڵە پونگەیەکیان لەگەڵ تێکەڵ دەکرد، هەتا شەربەتەکە کەمێک تام و بۆن و بەرامەی شەربەتەکە خۆشتر بێت و زیاتر بمێنێتەوە و ئازاری گەدە نەدات.
یان بەشێوازێکی تر، زۆر لە شەربەتکارەکان، هەندێجار مێوژەکەیان دەخستە چەند گوێنیەکەوە و هەڵیاندەواسی، پەستان دەخرایە سەر گوێنیەکە و هەتا شەربەتەکە گوشراوەکەی بێتە خوارەوە و لەژێرەوە تەشتێکی میسان بۆ دادەنا و دلۆپە و گوشراوی شەربەتەکە تک تک دەچۆرایە ناو تەشتەکەوە و دەبوو بەگوشراوی شەربەت.
یان زۆرجار مێوژەکە لەسەر خامێکی سپی و یان شاشێک، یان پاڵاوتەیەکی کونکون ڕۆدەکرا و خڵتە و تڵپە و توێکڵ و ناوکی مێوژەکە لەسەر دەنیشت و ڕاگیر دەبوو وتێکەڵ بەشەربەتەکە نەدەبوو، ئیتر دەبوو شەربەتێکی خەست و خاڵس، کە ساردە دەبۆوە دەکرایە ناو چەند و شووشە و دەبەی شین و لە شوێنی سێبەر و فێنک هەڵدەگیرا و ڕۆژانە لێیان دەفرۆشت.
ئیتر لە سەر مێزی دوکانەکە بەشێوەیەکی سەرەنجڕاکێش دایان دەنا و چەند پریاسکەیەکی چیلکەیی کە مێوژی تێدا بوو ڕیز دەکرا و لەتەنیشتیەوە پەرداخی گەورە و بچووک بەدەوریدا ڕیز دەکرا و تاشە بەفری گەورە بەگوێنی داپۆشراو دەبینرا، هەر کەس داوای شەربەتێکی بکردایە، کەمێک بەفریان بۆ دەخستە ناو پەرداخە شەربەتەکەیەوە هەتا بەتەواوەتی سارد دەبوو، خۆشترین و بەتامترین شەربەتی لێ بەرهەم دەهات.
هەمیشە سەرمێزی دوکاندارەکان تاشەبەفری لەسەر بوو، جار جار بەمشارێک کڵۆیەکیان لێدەکردەوە دەیانخستە ناو شەربەتەکەوە،
جار جاریش شەربەتەکانیان دەیاخستە ناو کوپەیەکی شینەوە، یان بەسوراحی بچوک بچوک دەیانفرۆشت، دەستگێڕەکان قایشی تایبەتیان دەبەست، بۆ ڕاگرتنی پەرداخەکان، پەڕۆیەکی سپییان لە شێوەی خاولی بەکەمەریان شۆڕدەکردەوە و بۆ دەست سڕین و وشکردنەوەی پەرداخەکانیان، مەتارە و ئاویان بەکاردەهێنا بۆ شتنی پەرداخ و دەستیان.
$چۆنیەتی فرۆشتن و هاوارکردنی شەربەتفرۆشەکان.$
شەربەتفرۆشەکان بەگەلێ جۆر هاواری شەربەتفرۆشتنیان دەکرد، تاوەکو سەرەنجی کڕیار بۆلای خۆیان ڕاکێشن:
خوڕەی نایە، خەست و خۆڵە، کەللە تەزێنە، عیللەت پەڕێنە، وەکو هەنگوینە، دەرەجە یەکە، خاڵس و بێخەوشە، یەکجار تامی کە....
شەربەتفرۆشەکان، خوێیەکی زۆریان بەتاشە بەفرەکانیانەوە دەکرد، تاوەکو زۆر زوو بەفرەکە نەتوێتەوە، ئینجا گوێنیەکی پەڕۆی ڕەنگ قاوەییان دەدا بەسەریا تاشە بەفرەکەیا، بەمشار و کڵۆ کڵۆ جیادەکردەوە.بەتایبەت لە ئێواراندا هاواریان دەکرد کڵۆیەک بە 4 فلس بوو، ئەم شەربەتکارانە پەرداخی گەورە و بچووکیان بەکاردەهێنا، کە نرخیان جیاوازتر بوو..
لەساڵانی چلەکاندا نرخی پەرداخێکی بچووک بە 2 فلس بوو
نرخی پەرداخێکی گەورە بە عانەیەک بوو..
لە ساڵانی پەنجاکان پەرداخێکی شەربەتی بچووک بە 5 فلس بوو، پەرداخێکی شەربەتی گەورەش بە 10 فلس بوو.