عەدێ و مەدێ 78
وەختەکی کابرایەک هاتە ژۆرێ، ڕانک و چۆغەرەکی کری زۆر خاوینی لەبەر بوو، دەبانچەکی چاردە خۆری لەبەر پشتێندی بوو، کراشەکی سپی سپی لە پێبوو، سەر و سمێری دەتگۆ قەترانی ڕەشە، دیاربوو سبوغ عام بوو، بە عەستەم سەری جولاند، وەکی برێی سەلامی کرد، دانیشت و لاقی هاویشتە سەر لاقی، برادەرە خاوەن نووسینگەکەم قیت بۆوە و گۆتی: بەکر بەگ بەخێراتی! عەدێ و مەدێش بە غاردان هاتنە ژۆرێ و زۆر بەگەرمی بەخێراتنی کابرایان کرد، پێکڕا غاریاندا بەڕادەکەی هەتا پەرداغە ئاوەکی سارد لۆ ئەو کابرایەی بینن، گۆتی: ئاوی ناخۆمەوە مەینن، ئەوجە ڕووی لەو برادەرەی منی کرد و گۆتی: چ هەیە چ نیە؟ ئەویش گۆتی: وەڵلا شتەکی وا نیە بەکر بەگ! بەکر گۆتی: چەندم پێگۆتی واز لەو سەگە دوکانەی بینە و وەرە لەگە من ئیش بکە، هەر نەهاتی، وەڵلا لە ناو پارەی غەرقم دەکردی! ئەویش گۆتی: وەڵلاهی حەزم لە ئیشی سەربەخۆیە، ئەوها لۆمن خۆشترە، هەر وەختی بمەوێ دێمە دوکانێ یان نایێم، کاکە کنەنگۆ دەوامەکی زۆری دەوێ و بەمن ناکرێ! کابرا گۆتی: بزانە عاردەکی تیجاری دوو هەزار مەتریم لۆ نابینیەوە ئیشم پێیتی، ئەویش گۆتی: بە سەرچاو چاو دەگێڕم، بەس بەمن برێ موجەمەعەکەت زۆری ماوە تەواو بی؟ گۆتی: وەڵلا دوو مانگیدی کلیلی تەسلیمی خەرکی دەکەین، وەرە لەوێ نووسینگەکی بکەوە، بە دەستی دوو خانیت دەدەمێ و بفرۆشەوە خەرکی، فوول دەبی! عەدێ و مەدێ دەویان بەش کردبۆوە و بەس تماشای زاری کابرایان دەکرد کوو قسان دەکا! وەختەکی کابرا هەستاوە و گۆتی: سبەی عەسرێ دەچمە دووبەی، سێ چار ڕۆژم پێدەچی، هەر هاتمەوە تەلەفۆنت لۆ دەکەم بزانم چت کردەوە لە عاردەکەی، ئەوجە هەستاوە و بێ خوا حافیزی ڕۆیی!
ئەو چووە دەرێ و سواری ڕانجڕۆڤەرەکی بوو و تێی تەقاند، ئەمنیش گۆتمە برادەرەکەم ئەوە کێ بوو، ئەویش تەماشا عەدێ و مەدێی کرد و چاوەکی لە من قووچاند و گۆتی: هەر لێی گەڕێ! ئەمنیش هەستامەوە و گۆتم دەڕۆم، خانیەکت لۆ پەیدا نەکردم، کابرا چ دەنگی نەکرد، بەس زەردەخەنەکی کرد و گۆتی: مەڕۆ، با لە خزمەت دابین، نان و کەبابەکی پێکەوە دەخۆین، کەبابخانەک لێرەیە، هەر زێنەتە بچی نانی لەکن بخۆی! گۆتم: زۆر مەمنون سەر و درم گیرایە و هیچم پێ ناخورێ، گۆتی: کورە دەوەرە، ەهەر هیچ نەبی سووپەکی بخۆ و تەواو! عەدێ گۆتی: وەڵلا با بچین، ئەمنیش عەزم لە چووپیە! گۆتم: حەزت لە چیە؟ گۆتی: چووپ چووپ، هەی سەلامەتبی، دەرێی گێت گران بووە!
مایتی.[1]