ناو: ئەحمەد
ناوی باوک: ڕەزا
رۆژی لەدایکبوون: #08-05-1963#
شوێنی لەدایکبوون: سلێمانی
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی ئەحمەد ڕەزا قادرە، لە 08-05-1963 لەدایکبووە، لە قوتابخانەی چوارباخی کوڕان لە #سلێمانی#، سەرەتایی تەواو کردووەو لە ناوەندی سیروان، ناوەندی.. دەرچووی کۆلیژی یاسایە.
لە سەرەتاکانی تەمەنی 1978 لە 15 ساڵییەوە، لەسەر دەستی شاعیری گەورە حەمە ساڵح دیلان و محەمەد عەزیزی مەلا ڕەحیم شیعری نوسیووە.. لە سەرەتای هەشتاکانەوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریدا وەک شاعیر ناسراوەو لە چەندین کۆڕی ئەدەبیی و گۆڤارو ڕۆژنامەدا بەشداری کردووەو شیعری بڵاوکردووەتەوە.. هەر لەو ساڵانەدا لە نوسینگەی خۆشنووسیی محمد نصرالدین و دواتر خۆشنووس بووەو لەسەر دەستی هونەرمەندی شێوەکار خالید ڕەسوڵ، ئاشنای زۆرینەی کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکان بووەو پەیوەندی پتەوی لەگەڵیاندا هەبووە.. لە ساڵی 1987 لەگەڵ شەهیدی هونەرمەند ئەریوان عومەر دەوڵەت، پێکەوە شانۆیی شیعریی ئۆڤیلیای سپییان نوسیوە.
یەکەمین بەرهەمی شیعریی دوای ڕاپەڕین بە ناونیشانی سۆراخ چاپکردووە.. دامەزرێنەری یانەی قەڵەم بووە لە سلێمانی، بەشداری کارای سەندیکای نوسەرانی کورد هەبووە.. لە دواهەمین کۆنگرەی یەکێتی نوسەرانی کوردەوە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی سلێمانی بووە لە ساڵی 2010 ەوە، تا لە شوباتی 2016 دەستی لە ئەندامێتیی کێشاوەتەوە.. ئەندامی بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیریی گەلاوێژ بووە، ساڵی 1992 تا 1994 بەرنامەی ئاسۆی ڕۆشنبیریی لە کەناڵی گەلی کوردستان ئامادەو پێشکەش کردووە بە هاوکاریی جەمال غەمبارو کەژاڵ ئەحمەدو د. ئاراس عبدالکریم و محمد مەردان.. دواتریش ئامادەکاری بەرنامەی ئاوێزە بووە لە هەمان کەناڵ.
لە #هەڵەبجە#و سلێمانی و ڕانیەو حاجیاواو #چەمچەماڵ# و تەکیەو #کەرکووک# و #هەولێر# ساڵانی 2015- 2016 زنجیرەیەک کۆڕی دەربارەی بیری ئەنارکیزم بەستووە.. چەندین وتارو لێکۆڵینەوەی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە عێراق و نیشتیمانی عەرەب بڵاوکردووەتەوەو سەرۆکایەتی شاندێکی هونەری شێوەکاریی کردووە لە ئوردون 2009.. ئامادەکارو ڕێکخەری ئەلبومی سۆزەی #گەرمیان# ی هونەرمەندی کۆچکردوو سەڵاح داودە 2010 لەگەڵ تیپی موزیکی لوڕ.. بەڕێوەبەری شێوەکاری و ڕاگەیاندنی سلێمانیی بووە لە ساڵانی 2008 تا 2012.. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە سەرۆکایەتی دادگای گومرگی سلێمانیی.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
سۆراخ: کۆمەڵە شیعر 1991
داستانی مەسیح: باڵادەی شیعریی 1992
ئۆڤیلیای سپیی، بە هاوکاریی لەگەڵ شەهیدی هونەرمەند: ئەریوانی عومەر دەوڵەت 1994
پەندی ئاوێنە: چیرۆکی درێژ بۆ مناڵان 2007
هونەری شیعر نوسین، ب-1: لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی 2008
پۆل ڕیکۆر: ژیاننامەو وەرگێڕانی چەند وتارێکی فەیلەسوفی فەرەنسی پۆل ڕیکۆر 2008
لە دەروونشیکارییەوە بۆ لێکدانەوە: کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی 2008
من نیگام لەبەر ئەڕوا: کۆمەڵە شیعر 2019
سایکۆلۆژیای تاک: کۆمەڵێک وتاری دەروونناسیی(ئامادەیە بۆ چاپ) 2022
دراما پێشکەش کراوەکان:
ئاریا: دەرهێنانی هادي المهدي 2007
شەڕەنگێز: دەرهێنانی موفق عارف لهۆنی 2019
بەختەباران: دەرهێنانی نیاز لطیف 2020- 2021
دراما ئامادەکان:
شمشێرەکانی مێژوو: مێژوویی.
سروتی با: 100 ئەڵقە کۆمەڵایەتی- پۆلیسیی.
ڕێگەی ئاوریشم: پۆلیسیی.
ڕەشەمێرگ: کۆمەڵایەتیی- کۆمیدیی- سایکۆلۆژیی.
ئاوژەن: کۆمەڵایەتی.
بیرۆکەی دراما:
مەملەکەتی نەزاکەتشا: مێژوویی- سەربازیی.
سەمای ژێر چادرەکەی هەیبەت: کۆمەڵایەتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!