هەندێک کەسمان خۆشدەوێت
دەق: جوبران خەلیل جوبران
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت،
بەڵام لێیان نزیک نابینەوە..
ئەوان لە دورەوە جوانن..
لە دورەوە ناسکن..
لە دورەوە بەنرخن..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت،
هەوڵ دەدەین لێیان نزیک ببینەوە،
وردێکانی ژیانیان لە گەڵدا دابەش بکەین..
دورکەوتنەوە لێیان ئازارمان پێدەگەیەنێت..
بەبێ ئەوان بیر کردنەوە لە ژیان زۆر قورس دەبێت..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت
خۆزگەی ئەوە دەخوازین کە چیرۆکێکی جوان لە گەڵیاندا بەرێبکەین..
هەوڵ دەدەین بە ڕێکەوت پێیانبگەین..
هۆکار دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی بیانبینین..
زیاتر بە خەیاڵ لە گەڵیاندا دەژین تا لە واقیعدا..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت
تەنها لەنێوان خۆمان و خودی خۆماندا..
بێدەنگ دەبین هەرچەندە ئازارمان دەدا..
هەرگیز خۆشەویستیان بۆ دەرنابڕین، چونکە بەربەستەکان زۆرن.. لێکەوتەکانی ترسناکە..
باشتر وایە بۆ ئێمە و ئەوان دەرگاکان بە داخراوی بمێنێتەوە..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت
بە خۆشەویستیمان زەوییان بۆ پڕدەکەین..
لەلای هەموو دونیادا باسیان دەکەین..
لە هەموو کاتەکاندا ناویان دەهێنین..
پێویستیمان پێیانە.. وەک ئاو.. وەک هەوا..
دورکەوتنەوە لێیان دەمانخنکێنێت..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت،
چونکە لەوان زیاتر کەس نابینین،
پێویستیمان بە خۆشەویستی
پاڵمان پێوە دەنێت بۆ لایان..
ڕۆژکار دەروات
تەمەن کەمدەکات
کات ناوەستێت
زۆر دەترسین لەوەی کە بەبێ هاوڕێ بمێنینەوە..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت،
چونکە کەسانی وەک ئەوان تەنها شایستەی خۆشەویستین و
هیچ شتێک بەرامبەریان شک نابەین جگە لە وەی خۆشمانبوێن..
شتی جوانیان لێوە فێردەبین و
زۆر شتیان لە گەڵدا چاکدەکەینەوە و
سەر لە نوێ چوار دەوری ژیان تازەدەکەینەوە و
بەڕاستگۆیی هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی تۆزێ خۆشیان پێببەخشین..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت،
بەڵام دەنگی خۆشەویستی لە دڵیاندا نییە!
دەڕوخێن و دەشکێین و
دەکەوینە ناو چەندەها چیڕۆکی دۆڕاو،
بەڵام ڕقمان لێیان نابێت..
لە بیریان ناکەین و
هەر ئەوانمان خۆشدەوێت..
دوای هەر هەوڵدانێکی دۆڕاویش! هەر بۆیان دەگرین..
هەندێک کەسمان خۆشدەوێت
تەنها ئەوە دەمێنێتەوە کە خۆشمانیان بوێت..
وەک چۆن خۆشماندەوێن..[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!