لەو ڕۆژەوە کە بازووێک لە بازووێک بە هێز تر بوو،
لەو ڕۆژەوە کەسێکی وا سەری هەڵدا،
زۆرزانتر بوو؛
فێڵبازتر بوو...!!
کێشەی ژیان هاتە گۆڕێ،
وتیان : گرەوی ئەم کێشە هەر دەمێنێ و قەت ناگۆڕێ!
تای ئەم کێشە، بە لای ڕاستا لارە سەنگە!
لە نێوانی دوو دژوار دا حەق و ناحەق
هەتا ئەمڕۆیش کێشمە کێشە و، هەرا و جەنگە!
دەڵێن: حەق وا بەسەر نووکی شمشێرەوە،
دەڵێن: ئەگەر شمشێر نەبێ،
ئەوا حەق وا لە ژێرەوە!
دەڵێن: نەخێر، حەق هەر حەقە؛
شمشێر هەبێ، یاخود نەبێ..
کەسێک لاریی لەم یاسایە نییە، مەگەر زۆر گەمژە بێ!
ئەم جیهانە هەر دوو ماکە،
شەو و ڕۆژ ە، مەرگ و ژیان ؛
هەر یەک و یەک، ئەکاتە دوو ؛ ناکاتە سییان!
ئا لەم ڕێگە جەنجاڵە دا، بە ملیۆنها ڕێبوار پسان!
ئەگەر بێت و تاڵی نەبێ، خۆشی چییە؟
ئەگەر بێت و شەوگار نەبێ، ڕۆژگار نییە!
هەموو شتێ، خۆی لە دژی خۆی ئاوسە!
شتێکی دی لێ دێتە دی،
هەوەڵ کوانێ؟ ئاخر کوانێ؟
دە سا خەڕەک بۆ چنینی ئا ئەم ڕیسەیەمان دانێ؛
مرۆڤ، خۆی خاوەنی ڕێگە و کاروانیشە،
مرۆڤ، خۆی ئاگری بن کا و بارانیشە!
مرۆڤ، خۆی داس و سەپان و خەرمانیشە!
با بزانین، ئاخۆ ڕاستە، حەق هەر حەقە؟
ئاشکرایە....
حەق کێوێکی وا مەزنە...
گەردوون ئەگەر ببێ بە تەور،
چڵۆسکێکی بۆ دانایە!
مرۆڤ ئەگەر هۆشیار نەبێ،
ئەم مەتەڵەی بۆ هەڵنایە!
مەلەوانە جەربەزەکان،
خۆ دەهاونە ئەو دەریایە!
دەبا ئێمەیش گوێ ڕاگرین، ئاخۆ مێژوو
ئەم مەسەلە چۆن دەردەبڕێ و چیشی تیایە!؟
#حەسیب قەرەداغی#
#10-07-1985#
[1]