شەوێکیان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
ئێوارەیەکیان پوتین زۆر بێتاقەت بوو. دەستی دایە تەلەفۆنەکەی و زەنگی بۆ هەڤاڵانی لە وڵاتانی تر دا. بۆ ڕۆحانی، بۆ ئەردۆغان، بۆ ترامپ و بۆ 'شی جین پینگ'یش. گوتی:
کوڕە با بۆ جارێکیش بێت واز لە سیاسەت بێنین و ئەمشەو بچین بۆ دەرەوەو کەمێک خۆش ڕابوێرین. بەس بە یەک مەرج، کەس هیچ میکرۆفۆنێکی شاراوەو یان شتی لەم بابەتەی پێ نابێ.
جگە لەوەی چین، جەماعەت هەموو پێیان خۆش بوو. شین جی پینگ گوتی لە دوێنێکەوە قەبزە و ئەگەرچی ڕۆن گەرچەکێکی زۆری خواردووە، بەڵام هێشتا بەرینەداوە و چاوەڕوانە. گوتبووی لە ئان و ساتدایە و بۆیە واباشترە لە ماڵەوە بێت. بگرە دەستبەجێ بە مۆبیلە مودێل هواویەکەی خۆی وێنەیەکی خۆیشی گرتبوو و بۆیانی ناردبوو. لە وێنەکە لە تەنیشت ئاودەستەکدا ئامادە بە شۆرتێکەوە دانیشتبوو. چڕوچاوی شین جی بەپێچەوانەی ناوسکی یەکجار کراوە و ڕووخۆش دەینواند!
نیو سەعات دوواتر هەموویان بەڕێوەبوون. ڕۆحانی لەبەر ژنەکەی لە ژێر عاباکەیدا خۆی شاردەوە، ئەردۆغان خۆی وەک داعشێک لێکرد و ترامپیش بەناوی ئەوەی ئەمشەو دەیەوێ بینای کۆنگرەی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بسووتێنێ، وەدەرکەوتن. تەنیا پوتین وەک خۆی هاتەدەرەوە، بێ منەت و لەبەرچاوی ژنەکەیەوە کە خەریکی سەیرکردنی فیلمێکی ڕۆمانسیانەی هیندی بوو.
لە شەقامێکی ناوەندی پایتەخت لە ڕۆمانیا یەکیان گرتەوە. هەموو شوێنێک چراخانی بوو و شەو ئەگەرچی درەنگ بوو، بەڵام هێشتا شەقام جمەی دەهات. پوتین گوتی:
بەزیانەبێ، خەڵک ژیان ئەکا و ئێمەیش ژیان.
لەدووای ئەوەی بۆ ماوەیەکی باش بە شەقامەکاندا گەڕان، کتوپڕ دیسان پوتین پێشنیاریدا بچن و لە باڕێک دابنیشن. ڕۆحانی گوتی:
باڕ؟!
پوتین: ئا، باڕ.
رۆحانی: ببورن من ناتوانم بێم، من ناتوانم بخۆمەوە. بەڵێنمان ئەمە نەبوو.
ئەردۆغان بە لاچاو سەیرێکی کرد و گوتی:
کوڕە هیچ نیە، ئەچین لە سووچێکا دائەنیشین، کێ ئاگای لێیە، بە شەوێک هیچ ناقەومێ، خوا بەخشندەیە، سبەی نوێژێکی بۆ ئەکەین و تەواو، ... دەی یاڵلا!
بەڵام ڕۆحانی لەوە نەدەچوو ڕای گۆڕیبێ.
ترامپ گوتی: بەس دانەیەک لەو قەحبانە لەگەڵ خۆمان بەرین ئیتر من بە سەروملەوە لەگەڵام.
ئەوسا ئاماژەی بە پیادەڕەوەکەی ئەوبەری شەقام کرد کۆمەڵێک ژنی مۆدە بە ڕانی ڕووت، پێڵاوی پاژنەبڵیند، قژی درێژ و خاو و بە جانتاکانیانەوە، هەڵواسراو بە شانەکانیانەوە، ڕاوەستابوون. ئەو ژنانەی وا لە هەموو ڕێبوارانیان وەک مشتەری دەڕوانی.
پوتین ڕووی کردە ڕۆحانی و گوتی: هەر کەسە و بە دینی خۆی. تۆ دانیشە و مەخۆرەوە، ئەردۆغان با لە سووچە تاریکەکەدا بخواتەوە، ترامپ بە ژنێک لە باخەڵیدا و منیش ئیتر لە گەڵتان!
رۆحانی کە ڕوخساری داژەنیبوو و لەبەردەمی خۆی دەڕوانی، بەبۆڵەیەکەوە گوتی:
نابێ!
ئەردۆغان کە بەرەبەرە خەریک بوو توڕەدەبوو، گوتی:
بۆ؟
رۆحانی: بۆیە!
ترامپ کە نیگای لەوسەری شەقام بوو، گوتی:
گیان گیان، ... خواقەزات کشمیش! کوڕە وەرە... دەی وەرە!
رۆحانی: نابێ!
پۆتین: خەمت نەبێ بۆخۆم دوواتر بۆت ڕێک ئەکەمەوە.
ئەردۆغان: بەخوا پیاوێکی لاسارە، باشە خۆ تۆ وانەبووی، بەخوا پێم سەیرە چۆن چۆنی توانیت بەرجام لەگەڵ ئەو تڕنە مۆڕبکەی!
ترامپ کە هەر سەرنجی لەسەر ئەوبەر خیابانەکە بوو، گوتی:
ترن خۆتی، ئەوە من نەبووم، ئەوە ڕەشە بوو، ... ڕەشەدرێژ! بە ژنە جوان خاسەکەیەوە، ... بەخوا گێژی مەگەر ئاگات لێ نیە من لێی دەرچووم؟... سەیری سەیری حەک بتخۆم!
ئەردۆغان: ئەوە بۆ هەر لە خۆوە خۆتی تێ ئەخەیت، کێ لەگەڵ تۆی بوو؟
پۆتین: کاکە مەیکەن بە هەرا!...شەوەکەمان لێ تێکمەدەن (رووی کردەوە ڕۆحانی) کاکە مەلا گیان خۆ ناکرێ هەر بەم شەقامانەدا وێڵ و حەتاڵ بێین و بڕۆین و بسوڕێینەوە، قاچم تەقی، بەخوا دین و ئیمانت بە دانیشتنی ناو باڕێک لەدەست نادەی، مەگەر هەر لە کۆنەوە نەیانگوتووە دەروون حسێبە دەروون؟
رۆحانی هەروا لچی داژەنیبوو و، لەبەر دەمی خۆی دەڕوانی.
ئەردۆغان: کوڕە دڵم تۆقی دەبا بچینە ژوورەوە، جا بە ڕاکییەوە گەر نەوارێکی بلە گیان برایم تاتڵسیان هەبێ ئیتر نووری عەلانوورە، هەی کوێر بم بلە گیان وا تەقەیان لێکردی، هەی کوێربم!
ترامپ: خوێڕیەتی تۆیە، ئەگینا خەڵک چۆن دەتوانن بە ڕۆژی ڕووناک تەقە لە خەڵکی تر بکەن؟
ئەردۆغان: پەح! قەل بە قەل ئەڵێ ڕووت ڕەش، ... هەر دوێنێ نەبوو لە قوتابخانەیەک دە کەسیان لێ کوشتن و چەندینی تریش بریندار، ئاگات لێ بێت دوو فیشەک بە قنتا نەکەن!
ترامپ کە هەر بەردەوام لەوبەر دەڕوانی: حەک ماڵم بەقوربانت بێت، سەیری سپی ئەڵێی کەلەرمە، سەیری ئەو سمت و ڕانەی، (روودەکاتە پوتین، برۆی بۆ هەڵدەتەکێنێ)، لە خۆتانە لەخۆتان، وێنەتان نیە!
پوتین: سوورەی حیز هەر ئەمەت مابوو؟
ترامپ قاقا پێدەکەنێ.
مشتەری دێن و دەڕۆن، هاڵاوی بۆنی خواردنەوە لە باڕەکەوە لێێان دەئاڵێ، دەنگی مۆسیقایەکی بەرزیش. ئەردۆغان گێژ بووە. پوتین بن باڵی ڕۆحانی دەگرێ و بە ئاستەم ڕایدەکێشێ و بە لەحنێکی کەمێک پاڕانەوە و کەمێک تووندەوە دەڵێ با بڕۆین دەی با بڕۆین! بەڵام ڕۆحانی لەوە قیرسیچمەترێکە دێتەبەرچاو. وەک حوشتر بۆی چەقیوە و، ناجووڵێ.
ترامپ: کوڕە ئەمە کەرە، لێی گەڕێ بۆخۆمان ئەچینە ژوورەوە، یەک تۆز زیرەک بووایە و لێم بهاتایە پێشەوە من ئەو دیزداشەلەبەرانەم بۆچی بوو، ... با ئەم لێرە بێت تا ئێمە دێینەوە دەرەوە، با بۆخۆی لەگەڵ دانەیەک لەو خەپانە بدوێ، بەخوا لەمەیشا بێ خەتەرە، نازانم ئەم کەرە بۆ چی ئەژی و بەتەمای چی ئەژی، با بڕۆین.
بەڵام پوتین مکوڕە ڕۆحانیشیان لەگەڵابێت. دەڵێ:
یەعنی هەر نایەیت؟
رۆحانی هیچ ناڵێ.
پۆتین: ئەها، ئیستا تێگەیشتم.
روودەکاتە ترامپ:
ئەرێ کاکە تۆ ئەمشەو بگەڕێوە سەر بەرجام با ئەم هاوڕێیەی ئێمە لەگەڵمان بێتە ژوورەوە و پێکێک هەڵدا و جەوەکەمان لێ نەشێوێنێ.
رۆحانی سەر بەرزدەکاتەوە و بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. ترامپ کتوپڕ ئەوبەر جادەکەی لەبیردەچێتەوە. ڕوو وەردەگێڕێ و دەڵێ:
ئیتر لەسەر ئەمەمان نەکردبوو، پیاسەی شەوان و ئارەق خواردنەوە چ فڕی بە بەرجام و دەرچوونی من لێیەوە هەیە، .... کاکە تکایە شەوەکەمان لێ تێکمەدەن! تکایە حاڵمان مەگرن! مەگەر بەڵێن نەبوو ئەمشەو سیاسەتی تیانەبێ!
پوتین: گیانی دایکت... گیانی ملانیا! سوورە گیان خۆ تۆ وانەبووی!
ئەردۆغان: ئەی چۆن بوو؟
ترامپ: تۆ وسبە، ... گوو بخۆی باشترە!... ژمارەی ژنەکەتەم هەیە ها!... پێی ئەڵێم وەک کەر بتتۆپێنێ!
ئەردۆغان بە نووزەیەکەوە: ئەو پیاوە هێشتا لە دایک نەبووە.
لەوبەر جادەوە ڕێبوارێک لەدووای قسەباسێکی کورت یەکێک لە قەحبەکان لەگەڵ خۆی سوار ترۆمبیلێکی تۆیۆتای سوور دەکاو دەیبا.
ترامپ دەکێشێ بە ڕانی خۆیدا: وەی وەی وەی وەی... خۆ ئەو گەوادە بردی، ... ها سەیریکەن سەیر... بردی، ئای لەو گەوادە، شازەکەیشی برد، ... قن خڕەکەیان!
پوتین سەرێک بادەدا و دەڵێ:
هەتیو لەهەموومان گەورەتری، تۆزێک ئاگات لە دەمی خۆت بێت. کەمێک حەیات هەبێ... بەخوا هەر بە کەریەتی سەرئەنێیتەوە.
ترامپ: جا لە کەریەتی خۆشتر هەیە؟ ئەی وەک ئەم لمبۆز شۆڕە بم!
رۆحانی چاوێک لە پوتین دادەگرێ و بە ئاماژەی لێو پێی دەڵێ لەسەر باسی بەرجام بەردەوام بێت. پوتین کە تیایا ماوە، نازانێ چی بکا. دەزانێ سوورە کەرە بەڵام گێژ نیە.
رۆحانی بە ئەسپایی: گیانی دایکت، گیانی دایکت ڕازی بکە!
کتوپڕ پوتین بیری بۆ شتێک دەچێ، دەڵێ:
کوڕە وەرە ژوورەوە بەڵکو لەوێ لەسەر مێزەکە بە دەم خواردنەوەوە ڕازی بکەین.
رۆحانی دیسان لچی شۆڕدەبێتەوە.
ئەردۆغان: ئەرێ ئیستا ئەچین یان ناچین، قاچم سڕبوو... تەقیم. (لێرەدا ڕوودەکاتەوە ڕۆحانی) ئەرێ کاکە وەڵڵا بە ئەبوبەکر ئەلبەغدادی ئەڵێم گوناحی ئەمشەوی تۆ لەسەر خۆی بنووسێ، ئیتر چیت ئەوێ؟
ترامپ ڕوو لە ئەردۆغان: وەڵلا ئەڵێی لەداخی تۆیش بێ نەچینە ژوورەوە، بەڵکو تۆ ئەمشەو گووبکەیت بەخۆتا!
پوتین برۆیەک لە ئەردۆغان هەڵدەتەکێنێ، یەعنی ها ئەوەندەی لێ مەڵێ و سوورە مەوروژێنە. کەس نازانێ داخۆ ئەردۆغان لەم برۆهەڵتەکانە گەیشتووە یان نا. بەهەرحاڵ بێدەنگ دەبێ.
ئەو شەوە هەتا سەعات سێی بەرەبەیانی هەر چواریان لەبەر باڕەکە ڕاوەستان و قسەیان لەسەر ئەوە کرد داخۆ دەتوانن ڕۆحانی و ترامپ وەها لێبکەن کە یەکیان واز لە داواکارییەکەی خۆی بێنێ بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ژوورەوە و جەوێک بگۆڕن. بەڵام بێسوودبوو و سەرئەنجام هەر کامەی تاکسییەکیان گرت و بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتنەوە.
شی جین پینگ کە لە ناو باڕەکەدا، دوور لە نیگای ئەو چوارە، دانیشتبوو و لە ڕێگای میکرۆفۆنێکی بەهێزەوە قسەکانی هەر چواریانی کۆنتڕۆڵدەکرد، بەو ئەنجامە گەیشت ڕۆحانی منداڵە، پوتین پیاوێکی لەخۆڕازییە، ترامپ کەرە و ئەردۆغانیش دووڕوو.
کاتێک ئەویش تاکسی گرت و بەرەو ماڵەوە بووەوە، لەناو ترۆمبیلەکەدا بیری لە حیکمەتی دونیا دەکردەوە، لەوەی کە چلۆن لەم جیهانەدا ماوەن ئەو منداڵانەی وا قسەی خۆیان بۆ دەبرێتەسەر!
پوتین شەکەت و ماندوو خۆی بەسەر قەنەفەی تەنیشت ژنەکەیدا دەدا کە هێشتا نەخەوتبوو و، ئەمجارە خەریکی سەیرکردنی فیلمێکی سەردەمی سۆڤیەت بوو. تێمی فیلمەکە لەسەر ئەشقی نێوان دوو سەربازی گەنج بوو لە کاتی شەڕی ستالینگراددا. پوتین باوێشکێکی قووڵی کێشا و لە کاتێکدا چاوە پڕ لە ئاوەکانی نیگای لێڵ دەکرد، گوتی:
خواکەت بخۆم. حەک هەموویان لەدەورت گەڕێن، بەخوا تەنیا لەگەڵ تۆ سیاسەت نامێنێ!
ئەو بەیانییە زووە ئەردۆغانیش ئەگەرچی زۆر ماندوو بوو، بەڵام هەرچی دەکرد خەوی لێنەدەکەوت. بەردەوام لە خۆی دەپرسییەوە ئەمشەو مەبەستی ئەو زۆڵە لە کۆکردنەوەی ئێمە چیبوو؟... ئاخ هەر ئەوەندەم بزانیایە![1]