دارستانی داربەڕوو
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لە دوورەوە دەنگی هلیکۆپتەر دێت. ئەو بە شەلەشەل بە دارشەقەکانیەوە لەسەر جادە خۆڵینەکە لادەات و دەچێتە ناو دارستانەکەوە، دارستانی داربەڕووەکە. منیش بە شوێنیدا. دووانیوەڕۆی گەرمی هاوینێکی ساڵەکانی ژیانە، ... هاوینی گەرمی سالی پەنجاو نۆ. گوند لەلاسەروومانەوەیە. دەنگی دێت و ڕەنگی نیە. سەروژوورییەکە یەکجار کووڕە. هەردووکمان شەڵاڵی ئارەقین. ئەو لە من زیاتر. بەتایبەت ژێر باڵەکانی. ئەو شوێنەی دارشەقەکان ئەوەندەی تر ڕێگای هاتوچۆی هەوا دەگرن.
پاڵدەدا بە داربەڕوویەکەوە و دارشەقەکان لەخۆی دووردەخاتەوە و، دەڵێ درەختەکان دەمانشارنەوە. من کە زۆر دڵنیا نیم، لە ئاسمان ورد دەبمەوە و دەڵێم ڕەنگە! دەلێ نا، دڵنیابە! منیش لەبەر ئەو دڵنیا دەبم. هەوا جاری وایە دەنگەکە دووردەخاتەوە و جاری وایە نزیک. کە دوور دەکەوێتەوە من گوێم لە ویزەویزی مێش و دەنگی هەناسەی ئەوە. تێکەڵ. شاخەکانی دەورووبەرمان، بێدەنگ، لەو گەرمایەی نیوەڕۆی یەکێک لە ڕۆژەکانی ساڵی پەنجاونۆ وەک هەمیشە لەژیان دەڕوانن. من نازانم بیر لە چی دەکەنەوە.
دەڵێم ماندووی، ڕێگایەکی زۆرمان بڕیوە، واچاکە کەمێک زیاتر بمێنینەوە. بەڵام زۆر خێرا پەشیمان دەبمەوە. دەزانم تینوویەتی و دەرینابڕێ. بزەیەکی دێتێ و دەڵێ باشە. ئەوسا بە یارمەتی چێوشەقەکانی دادەنیشێتە سەر زەوی. ڕێک هەر لەبەردەمی ئەو درەختەیدا وا پاڵی پێوەدابوو. تەنیا چەند میترێک دوورتر از جادە خۆڵینەکە. جادە داغ و گڕاوییەکەی ڕۆژێکی هاوینی ساڵی پەنجاو نۆ.
دەڵێم بەختت هەبوو هاوەنەکە درا بە مەستەراوە کۆنە گڵینەکەدا، ئەگینا ئیستا هەلاهەلا بووی، لەمێژبوو لە گۆڕستان بۆ خۆت ڕاکشابووی. لەناو دەنگی دووری کۆپتەرەکە بزەیەکی دێتێ و دەڵێ ئەیچۆن، بەڵام تیکەیەکی هەر گەیشتێ. ئەوسا لە قاچە بریندارەکەی دەڕوانێ. دەڵێم فەرقی زۆرە، چاک دەبیتەوە و هەموو شتێ وەک جارانی لێدەێتەوە.
بەڵام بەڕاست هەموو شتێ وەک جارانی لێدێتەوە؟
لە خوارخوارەوە لە ناو دۆڵەکە هەموو شتێ چەند بێدەنگە. تەنانەت لە سەر جادە سەرەکییەکەیش هیچ ماشینێک نابیندرێ. لەو کێوەی دەڕوانم وا شار لە پشتییەوە خۆی حەشارداوە، ... کێوەکەی ناو تەم، ... ئەو شارەی کەسی تیا نەماوە و ماوەی چەند هەفتەیەکە شەڕ بەرۆکی پێگرتووە. دەڵێ چ ڕۆژێکی ئەفسانەیی! دەڵێم ڕۆژە ئەفسانەییەکان!
دیسان زۆر خێرا پەشیمان دەبمەوە. بەڕاستی ئەم ڕۆژانە ئەفسانەیین؟
کە دەنگی هلیکۆپتەرەکە وندەبێ، دەڵێم بڕۆین؟ دەلێ بەڵێن بوو بحەسێینەوە! من شەرمێک دامدەگرێ. من کە دەستم بۆ دارشەقەکانی بردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم دەستم دەکێشمەوە و هەروا دەمێنمەوە. دەڵێ گاڵتەم کرد، با بڕۆین.
من دەست دەبەمەوە بۆ دارشەقەکانی. بەسەرسووڕمانەوە دەبینم هەرچی دەکەم و هەرچی هەوڵدەدەم ناتوانم بیانگرم. چێوشەقەکان بە دەستمەوە نایەن. پەنجە و لەپی دەستم لێیانەوە تێدەپەڕن. من کە یەکجار ترساوم، سەیری دەکەم و دەمەوێ شتێک بڵێم، بەڵام بێدەنگ دەمێنمەوە. ئەو دەستدەداتە دارشەقەکانی و کەمێک بە زەحمەت ڕادەبێ و جامانەکەی سەر سەری ڕێک و پێک دەکا. من شرمێونانە لێی ڕادەمێنم. ئەو وەڕێدەکەوێ. لە دوواوە سەیری شانە داهێزراوەکانی دەکەم کە بە سەر دارشەقەکاندا شۆڕبوونەتەوە. هەتاو هەروا گەرم بە تەوقی ئاسمانەوە گڕدەهاوێ. باشە بۆ دەستەکانم دارشەقەکانیان نەگرتە خۆ؟ نەکا لەو ساڵانە گەلێک ساڵ تێپەریون؟
ئەوسا دەزانم گەلێک ساڵ تێپەڕیون. ڕێک شەش ساڵ. بەڵام ئەمجارە پاییزە، ... پاییزی ساڵی شەست و پێنج. من لەناو گۆڕەکەی ئەودام. گۆڕە نماوی و فێنکەکە. بە جل و بەرگەکانیەوە لە دووای یەک مانگ دەرمهێناوەتەوە و خەریکە سەیری دەکەم. هێشتا هەر گەنجە، یەکجار گەنج. سەیری پووزەوانەکانی دەکەم، سەیری جل و بەرگە خاکییەکانی، پێڵاوەکانی و دیانە چیڕەوەبووەکانی ژانێکی ئەفسانەیی.
بەپەلە هەنگاو هەڵدێنم و دەمەوێ پێی بڵێم من چۆن گەڕاومەتەوە بۆ ئەم هاوینە؟ دەمەوێ بڵێم شتی وانابێ و ئەمە خەونە. بەڵام ئەو وەک ئەو ڕۆژە گەرمەی هاوینی ساڵی پەنجاو نۆ شۆڕشۆڕ بەسەر دارشەقەکانیدا بە سەرەوژوورییە کووڕەکەدا خەریکە دەڕوا و سەردەکەوێ. هەنگاو بە هەنگاو. کاوەخۆ و بە بێ پەلە. بەرەو گوندە نادیارەکە. ئەژنۆم شل دەبێ و ڕۆدەبمە سەر چۆک. چیبکەم؟... بۆی بگێڕمەوە؟ بڵێم لە ڕاستیدا ساڵانی ساڵ لەم ڕۆژە تێپەڕیوە و ئیستا من خەریکم لە داهاتووەوە ئەم چیرۆکە سەر لە نوێ دەبینمەوە؟ باسی گۆڕەکە، پووزەوانە و ژانەکەی بۆ بکەم؟ بڵێم کە بەڕاستی ژیان قەت وەک جارانی لێنەهاتەوە؟
نا، ... نایڵێم. من دیسان وەک ئەو ڕۆژە شوێنی دەکەومەوە. لە جەستەی مێردمنداڵیکدا، بە شانە لاوازەکانمەوە تەژی لە حەزی بارانێکی ناوەخت. بە خۆشییەوە تا گوند زۆرمان نەماوە. ڕەنگە لەوێ هەموو شتێ بگۆڕدرێ. ڕەنگە لەوێ هەتا ساڵی شەست و پێنج تا ئەو پاییزە نفرینکراوە بەردەوام شەش ساڵی مابێ، ... شەش ساڵی ڕەبەق، ئەو شەش ساڵەی کە من قەت حەز ناکەم تەواو بێت، ... قەت قەت! [1]