دنیا لە مشتمایە!
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لەبیرمە تاقە دەرسێک لە قوتابخانە تا ماوەیەکی چاک سەرنجی ڕادەکێشام، کتێبی جوگرافی بوو. هیچ کتێبێک بەقەد ئەو کتێبە خەیاڵی نەدەبزواندم. منێک کە بۆ چوونە مەلە بۆ 'گۆمە تەنووران' لە گوندی 'بۆیەن'، کە تەنیا چەند کیلۆمترێک لە شار دووربوو، کێشەم هەبوو، کاتێک کتێبەکەم بەدەستەوە گرت و بۆ یەکەم جار هەموو نەقشەی دونیام لە دوو لاپەڕەی تەنیشت یەکتردا بینی، وەها سەرم سوڕما کە چاوەکانم بێ ئیرادە قونجاند و دەروون بۆ یەکەم جار لە هەموو شتێکی ئەم دونیایە بەتاڵ بەتاڵ بووەوە. جوان سەرنجم دایەوە. دونیا، سەروبەر پێنج پەلە بوو. سیانیان جودا و دووانیان بەیەکترەوە لکاو. لە نێوانیشیاندا دەریا و دەریا. نەقشەکە چەندە جوانیش بوو. ڕەنگی شین و سەوز وەک ڕەنگی زاڵ، زۆربەی پانتایی نەقشەکەیان داگیرکردبوو. نەک تەنیا دەمتوانی لە یەک نیگادا هەموو نەقشەکە، واتە دونیا، ببینم، بەڵکو زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی دەمتوانی نیگام لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر بگوازمەوە، بە بێ ئەوەی جەستە یەک میلیمتر چییە ببزوێ. تەنیا جووڵەی چاو بەس بوو.
لەبیرم دێ بە ئەسپایی لەبەر خۆمەوە بە خۆمم گوت دنیا لە مشتمایە!
ئیستایش کە ساڵانی ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕیوە، من ئەم هەستەم هەر لا ماوە. کاتێک منداڵەکانم لە قوتابخانە دێنەوە، لە کتێبی جۆگرافیەکەیان دەڕوانم، ئەم دیواودیوی دەکەم، لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە، لێی ورد دەبمەوە و هەوڵدەدەم بزانم لەگەڵ ئەو ساڵانە دونیا چەندە فەرقی کردووە، دەبینم هیچ فەرقی نەکردووە و دونیا هەر ئەو پێنج پەڵەیە بە شیناییەکانی نێوانیانەوە، لەسەر لاپەرەیەک کاغەز.
تەنیا شتێک فەرقی کردووە ئەوەیە چیتر من هەست ناکەم دونیا لە مشتمایە.
لە کاتێکدا کتێبەکە لەسەر مێزەکەی بەردەمم دادەنێم و پاڵدەدەمەوە و بەدەم چاو قونجاندەوە بە ساڵەکاندا ڕۆدەچم، بیردەکەمەوە کە بە پێچەوانەوەو لە ڕاستیدا ئەوە من بووم یەخسیر لە مشتی دونیادا. ئەوەیکە قەت دونیا لە مشتی مندا نەبووە و ئەمە تەنیا خەیاڵی منداڵی و ئاکامی کاریگەرییەکانی کتوپڕی وێنەیەک لەسەردەمی خۆیدا بووە و بەس. وێنەیەک کە زۆر بێ بەزییانە دونیای وەها بچوک کردبووەوە کە من پێم وابوو دەکرێ لە مشتی بگرم. خەیاڵی منداڵێک وا ساڵەکانی بەڕواڵت دوورودرێژی تەمەنی، هێشتا لەبەردەمی ڕاکشابوون و چاوەڕوانی بوون. ئەو ساڵانەی لە ساڵانی ڕاویان دەکرد، نەک لە ساڵانی نێچیربوون.
رۆژێک لە کاتێکدا کتێبە جوگرافییەکەم بەدەستەوە گرتبوو، لە منداڵەکانم پرسی داخۆ کاتێک بۆ یەکەم جار چاویان بە نەقشەی دونیا کەوت، چ هەستێکیان لا دروست بووە. سەرەتا بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان کرد و ئەوجا بە چاوی پرسیارەوە لێیان ڕووانیمەوە. وتیان مەبەستم چیە. وتم هیچ، تەنیا ئەوەیکە بزانم کاتێک مرۆڤ بەم بچووکییە شتێکی ئەوەندە گەورە تەنیا لە ڕووبەری پەڕەیەکدا دەخەنە بەردەمی، چی لا دروست دەبێ. دیسان بە سەرسوڕمانەوە سەیریان کردمەوە. سەرئەنجام یەکیان گوتی نەقشەی دونیا زۆر جوانە. ئەوی تریشیان بەپەلە گوتی سەرنجڕاکێشە.
من دڵنیام لەبەر ئەوەیکە ئەوان مەراقی چوونە گۆمە تەنوورانیان نیە، خەیاڵاتی منیان تیا دروست نابێ. ئەوەیکە هەموو هەفتەیەک دەتوانن بچن بۆ مەلە، ئاخری هەفتە بۆ کڕین بچن بۆ شارەکەی دراوسێمان، لەوێ لە خواردنگەیەک دابنیشن و بخۆن، سەرئەنجام ئەوەیکە هاوینان، لانیکەم دوو ساڵ جارێک، سوار فڕۆکە دەبن و دەچن بۆ باشوور.
بە حەسرەتەوە لێیان دەڕوانم.
کە شۆڕشی ساڵی پەنجاو حەوت هات، لە بیرم دێ ئەم هەستە تیاما بەهێزتر بوو، بە خۆمم گوت ئیستا ئیتر بەڕاستی دونیا لە مشتمایە. دونیایش لەمشتما بوو. دروشمم دەدا، هاوارم دەکرد، گوێیان لێدەگرتم، چەکەکەم بە قەدمەوە دەکرد و کاتێک بە کۆڵاندا تێدەپەڕیم ئاگام لێبوو کچان و ژنان چۆن لێیان دەڕوانیم، لەناو هاوڕێکانمدا دەوری سەرەکیم دەگێڕا. لەکۆبوونەوەکاندا زیاتر لە هەمووان قسەم دەکرد. بە کورتی بووم بەو پنتەی وا زەوی بە دەوریدا دەسووڕایەوە. ئەو زەوییەی تەنیا پێنج پەڵە بوو لەسەر پەڕەیەکی بەردەمم.
بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو ئەمەیش وەک یەکەم ڕۆژی دیتنی نەقشەی دونیا سڕایەوە و ونبوو. ئەو دونیایەی من پێم وابوو لە مشتمدایە، دووای چەند ساڵێک تفی کردمەوە و لە سنوورەکانی خۆی فڕێی دامە دەرەوە. وەک بنێشتێکی بێ تام کە چیتر کەڵکی نەمابوو. بنێشتەکە بە شوێن تامدا بێ سەرەوشوێن بوو. کە سنوورێکیش تفی کردیتەوە، ئیتر سنوورەکانی تر چاوی لێدەکەن. هیچ شتێک بە قەدەر سنوورەکان چاولێکەر نین. ئیتر بە شوێن تامدا وەیلانی ناو ئەو پێنج پەڵەیە دەبی کاتی خۆی پێت وابوو لەناو مشتدایە.
بە مندالەکانم دەڵێم دەزانن هێشتا خەڵکانێک هەن نازانن گۆی زەمین ئاوەهایە؟ دەڵێم دەزانن هێشتا ئەو جۆرە کەسانە نازانن بیری شۆرشگێڕی سەرەتا لە جوگرافیاوە دەست پێدەکا؟ ئەوان دیسان بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانن و دەڵێن لەبەر ئەوەی سبەی زوو لە خەو هەڵدەستن، دەبێ شەو زوو بخەون. دەخەون. من لەناو ژوورەکەم دا پێم سەیرە جوگرافیای ئەم سەردەمە ئەوەندە دوورە لە خەیاڵەکانی سەردەمی منداڵیی من.
وشەی 'پێنج پەڵە' لە ناو مێشکمدا دەنگ دەداتەوە: پینج پەڵە، پێنج پەڵە، پێنج پەڵە، پێ.. نا، ڕاوەستن! بەڕاستی پێنج پەڵەیە؟ کتێبی مندالەکانم دێنمەوە بەر دەستم. سەیری هەمان لاپەڕە دەکەمەوە. ئا بەڕاستی پێنج پەڵەیە. ئەوسا چاوی پیادەگێڕم. دەچمە سەر ناوچەکەی خۆم. هەوڵدەدەم گوندی بۆیەن بدۆزمەوە. نایدۆزمەوە. دەچمە سەر نەقشەی گووگل. زووم دەکەمە سەر ناوچەکە. نەقشەکە خۆی دەکێشێتەوە. ماسوڵکەی زەوی دەئاوسێ. بۆیەن، وەک پنتێکی بچووک دەردەکەوێ. چەمەکە لە تەنیشتیدا دەردەکەوێ. شار بەمەودای چەند کیلۆمترێک لە باکووریدا، ئەویش خۆی دەخەمڵێنێ و خۆی نیشان دەدا.
بزەیەکی تاڵ دەمگرێ.
ئیستا تێدەگەم. ئیستایش هەر وەک ئەو سەردەمە من کێشەی چوونە گۆمە تەنورانم هەیە! ئەو کات تەنیا چەند کیلومەتر و ئیستا چەندین هەزار کیلومەتر. ئەو کات بەو هەستەوە دونیا لە مشتمدا بوو و، ئیستایش بەو هەستەوە من لە مشتی دونیادا. ئەو کات نە ئەو هەستە مەودای نێوان من و گۆمە تەنوورانی بچوک کردەوە و، نە ئەم هەستەیش نێوان من و ئەوی، درێژتر.
هەموو شتێک هەر لەسەر جێگای خۆیەتی.
دەبێ دان بەوەدا بنێم من لە جوگرافیا ناگەم. قەت تێێ نەگەیشتووم. نە ئەو کات و نە هەنووکە.
دێمە سەر ئەو ڕایەی، جوگرافیا و نەقشەی دونیا تەنیا جوان و سەرنجڕاکێشە، جوان و سەرنجڕاکیش![1]