ژنێک شیعری کوردیی دەگەیەنێتە خوێنەرانی بیانی
خانمێکی کورد ئەرکێکی قورسی لەم ڕوەوە لەکۆڵ ناوه و دەیەوێت داهێنان و دونیابینی و دیدگای نووسەرانی کورد بۆ خوێنەری بیانی و بەتایبەت ئینگلیزی زمان بگوازێتەوە، لەم پێناوەشدا هەوڵەکانی بە زایە ناچن و کارەکانی بە پێزانینەوە لەلایەن ناوەندە ڕۆشنبیریەکانەوە وەردەگیرێت و بەڵکو خەڵاتیش دەکرێت.
چۆمان هەردی، سەرباری ئەوەی خۆی نووسەر و شاعیرە و کاری مامۆستایەتیش دەکات، بەڵام کارێکی تریشی خستوەتە ئەستۆی خۆی، ئەویش وەرگێڕانی شیعری کوردییە بۆ زمانی ئینگلیزیی.
ئه و ئەگەر چی ئەم کارەی زۆر بە بەرفراوانی نەکردوە، بەڵام بە سەلیقە و وردەکاریەکەوە کردووە، کە لەناوەندە ڕۆشنبیریەکانی بریتانیا ببێتە جێی پەسەندبوون.
لەماوەی ڕابردوودا، هەستا بەوەرگێڕانی قەسیدەی (دەربەندی پەپولە)ی شاعیری ناسراوی کورد (شێرکۆ بێکەس).
ئەم وەرگێڕانەی کە بۆ دیوانەکەی (شێرکۆ) کردویەتی، دەنگێکی باشی داوەتەوه و بە وەرگێڕانێکی جوان و ئاست بەرز هەژمار کراوە، هەر بۆیە خەڵاتێکی لەمڕوەوە پێدەبەخشرێت. ئه و خەڵاتەش، (خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان)ی ئینگلیزیە و لەلایەن (قەڵەمی ئینگلیزی = ئینگلیش پێن)ەوە دەبەخشرێت.
$ئەم خەڵاتە داننانە بە مافی وەرگێڕە باشەکان$
لەبارەی گرنگیی خەڵاتەکە و کاریگەرییەکانی، خودی (چۆمان هەردی)، بە سایتی (ئاوێنه)ی وتووە: ئەو خەڵاتەکە لەساڵێکدا 2 جار دەدرێت بەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕدراون و چاپخانەکان بەر لە بڵاوکردنەوەیان دەیاننێرن بۆ پێشبڕکێ لەو جۆرە خەڵاتانەدا.
وتیشی: (ئەمە داننانێکە بە مافی وەرگێڕە باشەکان دا).
چۆمان هەردی، کچی شاعیری ناسراوی کورد (ئەحمەد هەردی)یە، خۆیشی ڕێچکەکەی باوکی گرتوە لە شیعر نوسین دا، بەڵام کەمتر دەرکەوتوە به و پێیەی زۆرتر بە زمانی ئینگلیزیی شیعری نوسیوە، بەڵام ئینگلیزەکان زیاتر لە کورد گرنگییان بەم شاعیرە داوە و خاوەنی پێگە و ناوێکی شیاوە له و وڵاتە.
سەرباری ئەوەش، وەکو لێکۆڵەر لە بواری جێندەر و ژنان کاریکردوە، خاوەنی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە لەسەر ئەنفال، چەندین ڕۆژ و مانگ لەناوچەی گەرمیاندا ماوەتەوه و حیکایەت و خەمەکانی بەجێماوانی تاوانەکەی نوسیوەتەوه و دواتر کردویەتی بە لێکۆڵینەوەیەکی دورودرێژ.
ئه و ئێستا 2022 لە کوردستان دەژێت و لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی، مامۆستایە.[1]