کچێکی سەرگەردان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: #محەممەدئەمین مەجیدیان#
میسیۆن
هەر کە لەسەر هەنیشکان بەرز بوومەوە بۆ ئەوەی لە پەنجەرەکەوە بڕوانمە ئەو تەپۆڵکانەی دەوری بنکەی میسیۆنیان داوە، تەوژمی بۆنێکی خۆشی تووتڕکی کێوی هات بە لووتما. هێشتاش ئەمن خەمبار و گیانداهێزراو بووم، چونکە ئەو ڕۆژە دەبوو بۆ کارکردن بۆ سپی پێستان ماڵی خۆمان بەجێ بێڵم.
دەزانی لە سەرەتای ڕۆژانی تەقەلا و کێشمەکێش بۆ مانەوە، دژواری و ئێش و ئازارێکی زۆر ڕووبەرووی خەڵکی ئێمە دانیشتوانی کۆنی ئوسترالیا بوویەوە. لە ڕێگەی بەلاڕێدا بردن و هەڵخەڵەتاندن، پیاوانی بەناو دڵسۆزی سپی پێست ئێمەیان لە دایک و باوکی سروشتیمان دوور ئەخستەوە. ئەمەش کاری کردە سەر هەموومان. دایک و بابی ڕاستەقینەمان لەدەست چوون، لە ڕێی چوونە نێو میسیۆنەکان ناو و نیشان و پێناسەمان نەما، بەزۆرەملی شێوە ژیانی ئەوروپییان پێ سەپاندین.
هێشتا منداڵ بووم کە لە ڕیڤەرداڵ خستیانمە هەتیوخانەیەک بەناوی 'سەینت یوسف' ئەم هەتیوخانە لە ژێر فەرمانی 'سەینت جان'دا بەڕێوە دەچوو. کە بوومە سێ ساڵان بردمیانە ماڵێکی تر پێیان دەگوت 'میسیۆنی گەڕۆک' لەم میسیۆنە سیانزە سال لە تەمەنم تێپەڕ بوو. کلیسای کاتۆلیک ئەم میسیۆنەی بەڕێوە دەبرد. ئەو ڕاهیبە و قەشە و برادەرانەی ئێمەیان پێ سپاردبوون بە ڕەگەز ئاڵمانی بوون. لە هەموو ئەو ساڵانەی مناڵیمان پەروەردە بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ بەڕێوە دەچوو. هەموو ڕۆژێک بە لێدانی زەنگ ئەرکەکانمان دەستی پێدەکرد. یەکەم پرینسیپیشیان جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لەیەک بوو.
لێرە لەم میسیۆنە ئەگەر لە ژێر پەروەردەیەکی زۆر توندوتیژیشدا بووین بەڵام ڕۆژانی خۆش و ناخۆشیشمان هەبوو. ئێمە دەبوو کۆمەک بین بۆ کاروباری ڕۆژانەی مەزرا وەکوو شیردۆشین، هێلکە کۆکردنەوە، لەگەڵ برادەران بچین خواردن و ئالیک بدەین بە بەرازان و بە ڕەشەوڵاخان، یان سەر بدەین لە ئاشەباکان.
لە میسیۆن دەشیانناردینە بەر خوێندن. من لە خوێندن زۆر زیرەک نەبووم. تەنانەت ئەو کاتەیش کە بۆ کارەکەری لە میسیۆن قوتابخانەم بەجێهێشت نەمدەتوانی کاتژمێر بخوێنمەوە. ئەمەش مانای ئەوە بوو تادەبوومە پانزە و شانزە ساڵ دەبوو لە میسیۆن بۆ سپییەکان کار بکەم.
بەمجۆرە ساڵانی مناڵیم تێپەڕبوو، هەتا ئەو بەیانییە بەهارە تایبەتییەی کە بە هەست و سۆزێکی ناخۆشەوە لە خەو ئاگا بوومەوە. یەکەمجار بوو لە ژیانمدا لە تەمەنی شانزە ساڵیما شوێنی لە دایکبوونی خۆم بەجێدەهێشت. نەمدەزانی چی چاوەڕێم دەکا، دەترسام. نەمدەویست بڕۆم، بەڵام هیچ چارم نەبوو.
لە ئاڵۆزی وپەرۆشیدا ماڵاواییم لە هاواڵانم کرد. ئەوجا سپییەکان هاتن لەگەڵ خۆیان بمبەن. ئەوان ژن و پیاوێک بوون لە ماشێنێکی شیکدا، هەردووکیان پۆشتە و پەرداخ و گەڕاوە بوون، وابزانم لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا. بەڕێوەبەری میسیۆنەکە منی پێ ناساندن و پێمی گوت دەبێ بۆ ئەم خەڵکە باشە کار بکەم.
ماشێن بەرەو شوێنێکی نادیار بردمی. لە پشتەوە بەدەم خەم و ئاڵۆزییەوە دانیشتبووم. سەفەرەکە ئارام و بێدەنگ بوو. ئەو ژن و پیاوە پێکەوە قسەیان ئەکرد، ئەمنیش وەنەزم ئەدان.
خزمەتکارێکی ڕەش
لەو ڕێگەی کە ئەگەیشتە ماڵیان، کابرا ماشینەکەی ڕاگرت. خانووەکەیان زۆر گەورە بوو. ژنەکە لای کرد بەلامەوە و گوتی دابەزم. خۆیشی دابەزی و دوای کەوتم بۆ ژوورەوە. چووینە چێشتخانەکەیان و دانیشتین. ژنەکە وتی ئەچێت پیاڵەیەک چا دروست ئەکا و زۆری پێناچێ. ئەو چووە ژوورەکەی خۆی بۆ حەسانەوەی دوای ئەو سەفەرە درێژە.
من لەوێ دانیشتم، نائارام و بەپەرٶش بووم. بیرم کردەوە با چاوێک لە ژوورەکەی تەنیشتمەوە بکەم. ئەوەی کە بینیم هەناسەی لێ بڕیم! قاڵییەکی ئەنتیک و جوان بە ڕەنگی سوورێکی تۆخ لە تەختی ژوورەکە ڕاخرابوو. کەلوپەلی نێو ماڵ هەموو جوان و خاوێن بوون. ورشە و پرشەی قاپ و قاچاخی زیو لە دەوری ژوورەکە نەشەی ئەخستە دڵەوە. ئاجورەکانی دەوری زۆپاکەش لە ڕەنگێکی سووری تێردا بریسکەیان ئەداوە. چلچرایەکیش بە میچی ژوورەکەوە چاومی خستە شەوارەوە. لەو کاتەدا سرمەی پێیان هاتە گوێم، خێرا چووم و لەسەر کورسییەکەم بە کزی دانیشتمەوە.
ژن و پیاوەکە هاتنە ژوور، پیاوەکە دانیشت و ژنەکەش خەریکبوو بە ئامادە کردنی چاوە. منیش گوێم شل کردبوو بۆ گفتوگۆی نێوانیان. کە هەموو شت تەواو بوو، ژنەکەش دانیشت و ڕووی لە من کرد و گوتی: ناویان ئاغا و خانمی بیجلۆیە.
لەو کاتەیدا کە بۆ خۆی و پیاوەکەی چای دەکردە نێو ئەو پیالە و ژێر پیاڵە جوانانەدا، لای خۆم بیرم ئەکردەوە، بڵێی منیش لەو پیاڵانەدا چا بخۆمەوە. بەڵام من تەنیا دوو پیاڵەم لەسەر مێزەکە دەبینی. کاتێک ژنەکە چوو بە لای دۆڵابەکەوە لە گۆشەیەکی دووری چێشتخانەکە، بە خۆمم وەت، ئۆی چەند خۆشە! ئەوە ئەچێ لەو پیاڵە و ژێر پیاڵانەش بۆ من بهێنێ. بەڵام بە سەرسووڕمانەوە بینیم، بە قوتویەکی کۆنی تەنەکەوە گەڕایەوە لای مێزەکە، چای تێکرد و لەبەر دەمما داینا. بە شێوەی سەیرکردنەکەی من دەبێ سەرسامییەکەمی لە دەموچاوما خوێندبێتەوە.
من لە دۆخێکی دژوار و بندەستیدا پەروەردە بووم، بۆیە لەو جۆرە کەسانە نیم ئازادانە بێمە زمان و بیروبڕوای خۆم دەرببڕم. واش فێر کراوم قەت سەربەخۆ نەیەمە قسە مەگەر لە پێشدا قسەم لەگەڵ بکەن، ئیتر گرینگ نییە لە کامە بارودۆخیشدا بم.
زۆر بەرێزەوە لێم پرسی، ئەتوانم لەو پیاڵەو ژیرپیاڵانەدا چا بخۆمەوە، من فێری خواردنەوە لە قوتووی تەنەکەدا نیم. قەت لە میسیۆن ئەمەم نەکردوە.
ئەو وەڵامەی وەرمگرتەوە، دەنگێکی بەرز و تووڕە بوو. ئەو ژنە وتی: من وەک کارەکەرێکی ڕەش لێرەم، هەرچی ئەو دەیڵێ دەبێ ملکەچی بم. قوتووە تەنەکەکەم وەرگرت و بە پەشۆکاوی چاکەم خواردەوە. ئەوسا خانم وتی لەگەڵیا بچم ژوورەکەمم نیشان بدا شتێک کە چاوەڕوان نەبووم، لام وابوو ژوورێکە وەکوو ئەو ژوورەی نانخواردنە، کە دیبووم.
لە دەرگای پشتەوەی چێشتخانەکە چووینە دەر، دوور لەو ژوورە جوانە بە چەند پلەکانێکا سەرکەوتین بە لای ژوورێکی کۆنی دووشدا تێپەڕیین، سەرێکم بردە ژوور و چاوێکم پیا خشاند، لە شوێنێک دەچوو کە سەگی لێ ڕادەگرن.
بەردەوام بووین لە گەڕان، لام سەیر بوو، ئەی ژوورە جوانەکەم لە کوێیە. لەم بیرکردنەوانەدا بووم کە خۆمان لە بەر دەرگای گاراجێکدا بینییەوە! خانم دەرگاکەی کردەوە، چرا نەوتییەکی پەیدا کرد بە قولاپێکەوە هەڵواسرابوو چراکەی هەڵکرد. لەبەر ڕووناکی کزی چراکەدا جانتاکەمم بینی بە لای تەختەخەوێکی دارینەوە دانرابوو. هاوارم کرد و پرسیم، جانتاکەم لەم دیوە پیس و ترسناکە چی دەکا؟ لەوانەیە بە هەڵە هاوردبێتت؟
وابزانم نەدەبوو ئەم پرسیارە بکەم، چونکە بە وەرگرتنەوەی وەڵامێکی توند کۆڵی خۆمم قورستر کرد. لەبەر خۆمەوە بەخۆمم گوت: من کارەکەرێکی ڕەشی ئەو خانمەم! تا ئەو کاتەی کاری بۆ دەکەم، ئێرە دیوی خەوی من دەبێ.
خانم بە وتارێکی دوور و درێژ وتوندوتیژ هیرشی هێنایە سەرم و گوتی لە منی دەوێ بەیانی زوو هەستم لە خەو. ئەگەر تەماشای دۆڵابی تەنیشت تەختەکە بکەم سەعاتێکی زەنگداری تێدا دەبینم. دەبوو لە سەر سەعای پێنج کۆکی بکەم. لە پشت دەرگای گاراجەکەشەوە، گەسکێکی گەورەی قامیش ببینمەوە. بەو گەسکە دەبوو ئەو ڕیگایە بماڵم کە دێ بۆ ماڵەوە. دوایی زانیم ئەو ڕێگایە مایلێک درێژە. پاش ئەم کارەش دەبوو لە چێشتخانە چاوەڕوانی خانم بمێنمەوە.
بە فیزێکەوە سەیری کردم و بە کەشوفشێکەوە لە دەرگا چووە دەر و منی لە بار و دۆخێکی ڕق و سووکایەتی پێکراویدا بەجێهێشت. لە نێو جانتاکەما دەستم کوتا بۆ جلەکانی خەوم، بەئارامی لەبەرم کردن، چراکەم کوژاندەوە و لە نیو جێگەدا ئەو هەستە ئاشنایەی کە پێی دەڵێن دەردی دووری یان دڵتەنگی بۆ نیشتمان و خزم و کەس دایگرتم. بەدەم گریانەوە خەو بردمیەوە.[1]