خێوی شەهید وریا ڕەش، وەک ئه و خێوەی مارکس و ئەنگلس
لە خاڵی دووهەمی دانوستاندا، ئەوە بوو کە ئەمە لای من پۆزەتیڤە، له خه و ڕاچەنین و خێوی شەهید وریا ڕەش وەک ئه و خێوەی مارکس و ئەنگلس لە مانیفێستی حزبی کۆمۆ نیستدا باسیان لێوه دەکرد، کە بەسەر ئەورووپای سەرمایەداریدا دەخولێتەوە و دەیترسێنێت، بەو شێوەیە خێوی وریا ڕەش هاتە ناو ڕێکخراوەوە و هەمووان باسیان دەکرد. هەمووان تا ئه و کاتە سەرقاڵی کاری ڕێکخراوەیی بوون کە چەندە مەترسیدار بوو لەناو جەرگەی بەعسدا کار بکەیت، هەر بۆیە زیاتر فۆکس خرابووە سەر نهێنیی ڕاگری کارەکان و جۆری بەرگری و ڕێکخستن و خۆپەروەردەکردنی ئایدۆلۆژی و پەرەپێدانی ڕێکخستن، هەناسە نەبوو بۆ ئەندامانی کۆمەڵە لە ڕێکخستنەکانی شاردا سەرقاڵی دنیایەکی تر بن کە دنیای شاخ و زۆرانبازییەکانیەتی. لە ڕاستیدا شاخ بۆ ئێمە تەنها ئەڵقەی دووهەمی درێژەپێدانی خەباتی سیاسی بوو، چونکە هەمووان دەمانزانی بە چەند سەد پێشمەرگەیەک و چەکی کەم؛ حکومەتێکی وەک سەددام ناڕووخێت، بەتایبەت سەددام هەموو دنیای ڕۆژئاوای لەپشت بوو، سەددام شەڕی ئێران و خومەینیی دەکرد و پارێزەری بەرژەوەندیی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بوو لە ناوچەکە و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتانی عەرەب وەک سەرکردەی پێویست بۆ دەوڵەتانی عەرەب سەیریان دەکرد. لێرەوە لە ڕووی سیاسییەوە دەمانزانی خەباتی چەکداری ئامانج نییە، بەڵکوو میتۆدێکە و ڕێکخستنەکان؛ داینەمۆی شۆڕش و تۆڕە گەورەکەیەتی، هەر لەبەر ئەمەش بوو له دواییدا هەندێک لە سەرکردەکانی شاخ هەوڵی گەورەیان دا ڕێکخستنەکان له ناوەوە هەڵبوەشێننەوە و ڕۆڵیان کاڵ بکەنەوە و تا ئەمڕۆشی پێوە بێت خۆیان له باسکردنی ڕۆڵی گرنگی ڕێکخستنەکان دەپارێزن، که باسیشیان دەکەن، باس لەوە ناکەن کە کەرت و پۆل و شانە سەرەکییەکانی ناوشار وەک سەکردایەتیی خۆجێیی کاریان دەکرد لەژێر چەتری ئایدۆلۆژیی مارکسیزم-لینینزمدا، بەڵکوو وەک ئەوەی کۆی ڕێکخستنەکان هەمووی بووکەشووشه بن و بە پەتی دەستی ئەوان هەڵسووڕابن، کە ئەمە دوورە له ڕاستییەوه، تێیدایە لە حەفتاکاندا ئابوونەی ڕێکخراوی خواردووە، کەچی ئێستا خۆی بە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی پلە یەکی ئه و سەردەمە تێدەگات، له و وەهمەدا دەژی کە شتەکان لەبیر کراون. با لێرەدا بوەستم، چونکە نامەوێت بچمە بازنەیەکی ترەوە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم پاڵەوانەکانی سەر شاشەکان کە باسی مێژووی کۆمەڵە و ئارام دەکەن، با ئەوەندە خۆیان نەکەنە سێنتراڵ ، چونکە هێشتا ئێمە زیندووین.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
كورديبيديا غير مسؤول عن محتوى هذا التسجيل وصاحبه مسؤول عنه. قمنا بتسجيله لأغراض أرشيفية.
دون هذا السجل بلغة (کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
تمت مشاهدة هذا السجل 1,195 مرة
اعطي رأيک بهذا المقال!