خۆشەویستی بەر لە هاتنی تەکنۆلۆجیا!
#شوان محەمەد#
مرۆڤ و هەموو ئافرێندراوەکان کانیاوی هەستێک لەنێویاندا خوڵقاوە کەهەمیشە بۆ ڕەگەزی بەرانبەر زووتر دەتەقێت و سەر دەکات و ڕوونتر خۆی پیشان دەدات.
چێژی خۆشەویستی لەم وڵاتەدا زۆر زوو چێژ و وەفا و ڕاستگۆیی لەدەست دا.
شێرزاد حەسەن لە دێڕێکدا دەڵێت: خۆشەویستی بە گیرفانی بەتاڵەوە ناکرێ!
بەڵام من پێموایە ئەو خۆشەویستییەی دەکرا بە گیرفانی بەتاڵەوە بوو، چون هەڵاوسانی گیرفانەکان بوار نادەن خۆشەویستی خۆی بخزێنێتە گیرفانی لای چەپی سینەوە!
قسەیەکی دیکە هەیە دەڵێت: مروڤ کە بێکار بوو، ڕوو لە خۆشەویستی دەکات. بەو واتایەی دەرفەتی هەیە بیر لە خۆشەویستی و ئاشقبوون بکاتەوە.
بەڵام، خۆمان وێڵ نەکەین خۆشەویستی و تروکانی ئەو هەستە هەرگیز ئامادەکاریی نییە و زۆر جار چرکەیەک بەسە بۆ ئەوەی هەست بە هەمووشت بکەیت.
ئەو سەردەمەی تەکنەلۆجیا باڵادەست نەبوو کاسێتێکی گۆرانی یاخود هەڵبژاردەی چەند گۆرانییەک جێگەی زۆر شتی دەگرتەوە کە شەوان کچان و کوڕان لە بناگوێیانا خەویان پێی لێدەکەوت و مۆسیقا و شیعری گۆرانییەکە تەوای نیازی دڵیانی دەدرکاند.
جاران گرێدانی ژوان زۆر ئەستەم بوو، یاخود درەنگ درەنگ ڕێکدەکەوت دوو خۆشەویست ڕووبەڕوو یەکدی ببینن. بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە عاتفییە نامە کۆنەکان دەهێندرانەوە گۆڕێ و چەند دێڕێکی نامە قەدکراوەکان دەیگریاندن و چەند دێڕێکی دی دەبووە بزە.
لەگەڵ هەر جارێک خوێندنەوەی نامەکان نامەیەکی دی لەدایک دەبوو. بەرگە بالیف و ژێر کۆمەدی کوڕان سیخناخبوون لە هەستی خۆشەویستی و جلی ژێرەوەی کێژۆڵانیش نامەی گەرم...!
گەنج و لاوی ئەم چەند ساڵەی دوایی بێبەشن لە چێژ و حەزی خۆشەویستی، گەر ئامارێک لەگۆڕێ هەبێت کورترین ماوەی خۆشەویستی لە نێوان کچان و کوڕاندا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکرد، بە پێچەوانەی سەردەمانی پێشوو، کە چەندین هیوا دەبرانە ژێر گڵ و ساڵەهایەک بە ئومێدی پێکگەیشتن چەندین تولە ڕێ و کەلێنی تەنگەبەر دەگیرانەبەر.
ئەوەی ماوە بڵێم، چاوی خۆشەویستی لەسەردەمی بەر لە تەکنەلۆجیا ئەوەی دەیدیت چاوی یار بوو، ئەوەی دڵ بۆی لێیدەدا تەنها ترپەکانی دڵی حەیران بوو.[1]