شوێنەوارناسێکی سنووری ئیداری #ڕاپەڕین# بەڵگەنامەی گرێبەستێکی نێوان هاووڵاتییەکی سنووری قەزای #دووکان# و فەرماندەی هێزەکانی بەڕیتانیا بڵاو دەکاتەوە کە 80 ساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی دروستکردنی فڕۆکەخانە لە نێوانیان واژوو کراوە.
ئیسماعیل نوورەدەینی، شوێنەوارناسی دیاری سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: گڕێبەستەکە لە نێوان ئیسماعیل ئاغای ڕەسووڵ ئاغای سەرسیان و فەرماندەی هێزەکانی بەریتانیا لە ئێران و عێراق کراوە.
گوتیشی: پوختەی گرێبەستەکە ئەوەیە کە 131 دۆنم زەویی گوندی سەرسیانی سەر بە ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان ساڵی بە نۆ دینار و 850 فلس بەکرێ دراوە لە خاوەنەکەی ئیسماعیل ئاغای ڕەسووڵ ئاغای سەرسیان و لەلایەن نوێنەری فەرماندەی گشتیی سوپای بەریتانیا لە ئێران و عێراق بەکرێ گیراوە بۆ فڕۆکەخانە بۆ ماوەی ساڵێک.
گرێبەستەکە کە لە 1/11/1942 دەستی پێ کردووە و پشتی بەستووە بە یاسای خاوەندارییەکان لە عێراق، ژمارە 17، ساڵی 1940، ماددەی 11، بڕگەی سێیەم.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]