دەقی وتارەکەی #بەرهەم ساڵح#:
بەناوی خوای گەورە
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە ئەوەی باقی بمێنێ هەر ناوە
ناوی #مام جەلال# پێگەی لەمێژوو یادەوەری لە دڵی گەل هەمیشە زیندوو شەکاوەیە.
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کاک مستەفا کازمی
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک #نێچیرڤان بارزانی#
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک #مەسرور بارزانی#
بەڕێز کاک بافڵ مام #جەلال تاڵەبانی# سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێز کاکە قوباد
ئامادەبووانی خۆشەویست، نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، هەڤاڵانی بەڕێز و خۆشەویستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
تێکۆشەرانی دێرین، مایەی سەربەرزیمانە ئەمڕۆ پێکەوە لە حزوری ڕۆحی بەرزەفڕی ئەو سەرکردە مەزنەی گەلەکەمان کۆبووینەتەوە.
لە ڕاستیدا مام جەلال بەتەنها سەرۆک و بیرمەندێکی سیاسی نەبوو بەڵکو ڕێبەرێکی هەرە درەوشاوەی داهێنەری شۆڕشی نوێ و لەهەمانکاتدا پێشمەرگەیەکی دێرین و دانەبڕاوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و دیموکراتیخوازێکی هەرە ڕاسگۆی ناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی عیراقیش بوو.
مام جەلال بۆ خوێندکارەکانی مامۆستاو بۆ هاوڕێکانی سایە و سێبەری وەفا بوو، لەگەڵ شۆڕشگێڕەکان پێشمەرگە بوو، لەگەڵ نووسەران و ڕوناکبیران داکۆکیکارێکی نەگۆڕی ڕای سەربەست و ئازادی بیرکردنەوە و بیروباوەڕ بوو، نمونەیەکی هەرە باڵابوو کە نەریتی وشە بە وشە و نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوەی کە لەم ڤیدیۆیەدا بینیتان چۆن باسی دەکات.
خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی مام جەلال، لێبوردەیی و دادپەروەری، جوامێری و مرۆڤدۆستی، بەهاناوە چوونی هەژاران و بێ نەوایان و داڵدەدانی ئاوارە و دەربەدەران، خەسڵتگەلێکی زیندوون کە وەک سەرمایەیەکی گەورەی ڕەمزی بەجێماوەن بۆمان، سەرمایەک مایەی شانازی و شاهیدی دۆست و دوژمنن.
ئەم کۆبوونەوەیەش ئامادەبووانی خۆشەویست لە کاتێکدا دەبەستین کە کوردستان و عیراق بەدۆخێکی ئێجگار هەستیار و پڕ کێشمەکێشدا تێدەپەڕێ، دۆخێک کە لەهەر کات و ساتێک زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و هۆشمەندی لە هەنگاونان هەیە، پێویستی بە یەکهەڵوێستی و یەک ئیرادەیی و هەماهەنگی هێزە سیاسی و نیشتیمانییەکان و تەواوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان هەیە.
کێشەکانی ئەمڕۆ کە بەرۆکی یەک بەیەکی هێزەکان و تاک بەتاکی خەڵکی ئەم وڵاتەی گرتووە پێویستیان بە هەنگاویی کردەیی و هاتنە مەیدانی دەمودەست هەیە بۆ چارەسەرکردنیان وە دابینکردنی ماف و چاوەڕوانییەکانی خەڵکە.
لەم مینبەرەوە و لە حزروی ڕوحی زیندوی مامی ڕێبەر و مامۆستاماندا و بەئەوپەری هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم دۆخە دژوارە و ئەگەری باهۆزی گۆڕانکارییەکان پێویست ئەکات چاوەڕوانی گەلەکەمان بە ئەمڕۆ و سبەینێ نەسپێرین، ناکرێت هەر لەڕوانگەی بەژەوەندی ئاڕاستەکراوی ئەمڕۆوە لەگەڵ پێویستییەکانی گۆڕانکاری سەرانسەری کۆمەڵگاکەمان مامەڵە بکەین وە پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە.
دەبا پێنجەمین ساڵیادی مامی مەزنمان کەیادی چەند دەیەیەکە لەخەباتی سیاسی و تێکۆشانی هەمەچەشنەی ڕاست و ڕەوا تۆماری پڕ سەروەری گەلێکە، یادەوەری سەرکردایەتیکردنی پڕ لە حیکمەتی گیانبازی ڕووبارێک خوێنی شەهیدانە، یادی گەورە ڕێبەرێکە کە لەڕەوتی خەباتێکی سەخت و جیاوازدا سەردەمی مەحاڵ و سەختییەکانی شۆڕشی گۆڕی بۆ سەردەمی سەرکەوتن و ئازادی و سەرۆکایەتییەکی مێژوویی، با ئەمە هاندەرمان بێت بۆ بەبەدیهێنانی حوکمڕانییەکی باشتر و دادپەروەر، ئیلهامبەخشمان بێت بۆ هێنانەدی خەونی لاوەکانمان، دەرفەتێکی دیکەی نوێکردنەوەی پەیمان و دەستەبەری هیوای یەکێتی و هێزە نیشتمانییەکانی تر بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێی ڕۆڵەکانی گەل لە ئایندەی خۆیان و نیشتیمانەکەیان هەیانبێت.
سڵاو لە ڕوحی بێگەردی مامی گەورەمان،
سڵاو لە تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گشت هێزە شۆڕشگێڕەکانی تری کوردستان و هێزە دیموکرات خوازەکانی عیراق.
وە هیوادارم هەموومان بە یەکڕیزی هەموو هێزە دڵسۆزو پەرۆشەکانی وڵاتەکەمان ئەرکەکانی ئەم قۆناغەمان بەجێبهێنین.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!