ناونیشان: کەرکووکیش مەکەنە قوربانی هەڵەکانتان
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
وا بۆ ساڵێک دچێت ململانێی نێوان بەغداو هەرێم لە سەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم درێژە دەکێشێت کەبڕینی بودجەو موچەی کارمەندانی هەرێمی لێکەوتوەتەوە. بە دامەزراندنی حکومەتی نوێی ئێڕاق بە سەرۆکایەتی عەبادی ئاسۆیەکی نوێ هاتە کایەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێک، دوو مانگیش بە سەر دروست بوونی ئەو حکومەتەدا تێپەری کەچی هەردوولا سوورن لەسەر هەڵوێستەکانیان و لە کەلی شەیتان نایەنە خوارێ.
ئێوارەی ڕۆژی 10ی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێزان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ڕاگەیەنرا ئەگەر بەغدا لەگەڵمان ڕێک نەکەوێت ناهێڵین نەوتی کەرکووک هەناردە بکرێت.
تا ئەو ساتە وەختە هێشتا ململانییەکانی نێوان ئەو دوو لایە ڕەنگدانەوەی خراپی لە سەر شاری کەرکووک جێنەهێشتبوو بەڵام بە جێبە جیکردنی ئەو هەڕەشەیەی هەرێم کەرکووکیش پرشی ئاگرەکەی بەردەکەوێت و گەورەترین زیانی پێدەگات چونکە لە ڕێگەی هەناردە کردنی نەوتەوە سوودێکی زۆری لە پڕۆژەی پترۆدۆلار بینیوە و بووەتە مایەی ئاوەدانی شارەکەو ڕەخساندنی ئیش و کارو خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکەی، لە هەمان کاتدا ڕوو سپی بوونی ئیدارەی شارەکە کەکورد دەیگێرێت لە ئاست نەتەوەکانی تردا.
ئەگەر حکومەتی هەرێم وابزانێت ئەو هەڕەشەیە کارتێکی فشارەو چۆک بە بەغدا ئەدات ئەوە بە هەڵەدا چووەچونکە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووک زۆر پیر بوونەو تەمەنی بەکارهێنانیان زیاتر لە 85 ساڵەو لە چاو نەوتی باشووری ئێڕاقەوە شتێکی وەها نییە و دەتوانرێت لە ڕێگەی کێڵگە زەبەلاحەکانی باشوورەوە قەرەبوو بکرێت. نەوتی باشووری ئێڕاق نزیکەی 70ی نەوتی ئێڕاق پێکدەهێنێت و بە بڕینی نەوتی کەرکووک ئەوەندە باری حکومەتی ئێڕاق قورس ناکات کە مل بۆ ئەو هەڕەشەیە دابنەوێنێت، بەڵکوو تاکە زەرەرمەند دانیشتوان و ئیدارەکوردییەکەی شاری کەرکووک دەبێت کە بێ پڕۆژە دەبن و ئاوەدانی ماڵئاوایی لە شارەکە دەکات، هەروەها ئەو 6 هەزار گەنجە تازە دامەزراوانە نان بڕاو دەکەی کە موچەکەیان لەسەر داهاتی پتڕۆدۆلارە. [1]