ناونیشانی بابەت: چی بخۆم تا پێستم جوان و گەشاوە و تەندرووست بێت؟
ئامادەکردن: د. #شادیار حەمەلاو#
نهێنی پێستێکی جوان لە خواردنی تەندرووستەوە دەستپێدەکات ئەگەر خواردن و خواردنەوەکەت تەندرووست بێت، تۆش تەندرووست ئەبی و پێستت جوان ئەمێنێتەوە چونکە خواردن و خواردنەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جەستەمان بەگشتی ئەمانە هەندێکن لەو خواردنە بەسوودانە کە ئەتوانی چێژ و سوودی لێوەرگری:
1- ماسی چەور:
باشە بۆ؟
چونکە ئۆمێگا سێی تیایە کە کۆلاجینی پێستت ڕێک دەخاتەوە و توند و شێداری ئەکات و هەوکردن و زیپکە کەمدەکاتەوە.
هەروەها ڤیتامین E ڤیتامینی جوانی تیایە بۆیە ماسی سەلەمون با لە خواردنەکەت هەبێ.
2- چەرەسات و گوڵە بەرۆژە و گوێز:
کە سەرچاوەی باشی کانزا و ڤیتامینن بۆ لاشەو پێستت بەتایبەتی.
3- پەتاتەی شیرین و تەماتە:
پەتاتە سەرچاوەیەکی باشی کارۆتینە کە پێستت لە تیشکی خۆر و زیانەکەی ئەپارێزی.
تەماتەش لایکۆپین و ڤیتامین سی تیایە کە یارمەتی کەمبونەوەی چرچولۆچی ئەدات.
4- چای سەوز:
جگە لەوەی چێژ بەخشە، خواردنەوەی چای سەوز سوود بە پێستت ئەگەیەنێ، بە بوونی ئەو دژە ئۆکسانانەی کە تیایەتی.
5) سەوزە و میوەی فرێش و تازە:
بیبەر، بڕوکلی، سپیناخ، کیوی، گێزەر، ئاڤۆکادۆ، پرتەقاڵ، زەیتوون و ترێ کە ڕیزڤراتۆڵی تیایە وەکو دژە ئەکسەدەیەکی بەهێز.
6- چکلێتی ڕەش:
دژە ئەکسەدەکان تیایدا پێستت لە شکان و پیربوون ئەپارێزێ و زیاتر بەرگەی تیشکی خۆر ئەگریت، و پێستت شێدار ئەکات.
7- ئاو:
ئاو واتە ژیان، هەموو خانەکانی لاشەت و لە ناویدا پێستت پێویستیان بە ئاوە، بۆیە بۆ هێشتنەوەی پێستت بە شێداری و گەنجی پێویستە ئاو زۆر بخۆیتەوە بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا، زیاتر لە 8 پەرداخ لە ڕۆژێکدا.
کەواتە لەگەڵ بە کارهێنانی دژە خۆر و کرێمی شێدار کەرەوە بۆ پاراستنی پێستت، سەیر بکە بزانە چی ئەخۆیت، ئایا ئەوەی ئەیخۆی تەندرووستە بۆ پێستت یا نا. [1]