#فەلەکەدین کاکەیی#
بەرایی: لە مانگی حوزێراندا، لە #ئامەد# و شاری وان و موکسی یادی #فەقێ تەیران#، شاعیری نەمری باکووری کوردستان دەکرێتەوە، کەساڵی 1564 ز (هەندێ دەڵێن لە 1514 ز) لە شاری موکسی لەدایکبووە و لەوێ کۆچی دوایی کردووە.
شیعری فەقێ تەیران قۆناغێکی گرنگی شیعری کوردییە، مۆرک و ناوەرۆکی گەشی نیشتمانی و سۆفیگەری و عیرفانی بەرز بە شیعرییەوە دیارە.
بەم بۆنەیەوە ئەم وتارەم بۆ پەڕتووکێک ئامادەکردووە کە بە یادی فەقێ تەیران لە ئامەد دەردەچێت، بە سوودی دەبینم بیخەمە بەرچاوی خوێنەرانی خۆشەویستی هەفتەنامە(گوڵان).
پرسی شەش:
لێرەشەوە مەسەلەی هونەری نووسین و دەربڕین دێتە پێش.
گوتمان ئاڤێستا بەر لە سێهەزار و پێنچەسەد ساڵ نووسرایەوە واتە: ئەگەر بە سەرچاوەیەکی کولتووری و زمان و ڕامانی خۆمانی بزانین، ئەوە بەر لەو چەند هەزار ساڵە ئەدەبی نووسراومان هەبووە، وەکوو وتم: ئاڤێستا تەنیا هی کورد نییە، هەروەها لەسەدا سەد وەکوو کوردیی ئەمڕۆ نەنووسراوە.
لێکۆڵینەوەکان پیشاندەدەن کە زەردەشت لە بنەماڵەیەکی میری بووە و بە زمانی میر ئاخاوتووە و بەو زمانە ئاڤێستای بۆ هاتووە.
گرتنەوەی ئەو ڕاستییە ڕێگەمان پێدەدات بڵێین، کەواتە کورد، یا ئەم خەڵکەی ئێستا پێی دەڵێین کورد، لە باووباپیرانەوە ئاشنای نووسین و خوێندنەوە بوونە.
ئاڤێستا بە خەتی میدی ئەو زەمانە نووسراوە کە خەتی دەبیرەیە، لە هەندێ ڕووەوە نزیکە لە خەتی ئارامییەوە، لەگەڵ جیاوازیی تایبەتی خۆی لەسەرەتای سەدەی بیستەم چەندین پارچە نووسراو لە سەر بەرد، بەو خەتە دۆزرانەوە.
کەوابێ، بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی بۆ کوردستان، کورد گەلێکی خوێندەوار بووە، لەگەڵ خوێندەوارەکانی ڕۆژهەڵات دەژمێردرێ وەک چینی و هیندی و ئاشووری و فارسی و فیرعەونی میسری و هی تر.
مەبەستم ئەوەیە کە باسی فەقێ تەیران و بابا تاهیری هەمەدانی و شاعیرانی دیکە کە کامەیان دەسپێکی ئەدەبی نووسراوی کوردە لە دوای ئیسلام ئەوە تەمەنی مێژووی زمان و کولتووری خۆمان کورت دەکەینەوە.
ئەز نابێژم، بەخۆڕایی و بەبێ ئەساس، تەمەنی مێژووی خۆمان درێژ بکەینەوە، وەلێ ئەوەی هەیە با بیزانین، ئەو ڕاستییانە تا ڕادەیەکی باش سەلمێندراون، دەتوانین زیاتر لێیان بکۆڵینەوە تا بە سەرانجامی درووستتر ئەگەین.
مەسەلە ئەوە نییە کە ئایا کورد لە خەڵکی تر کۆنترو کەونارترە لە ئەدەب و کولتووردا، یا دەوڵەمەندترە..
مەبەستم نەژاد بەرزتری کورد بەرانبەر نەتەوەکانی دیکە نییە، بەڵام ڕاستیش دەبێ بگوترێت کە کورد هیچ نەبێ لەسەردەمی میدییەکانەوە، چووەتە نێو بازنەی شارستانی و کولتووری هونەرەوە ئەوەتا دەرکەوتووە لە هونەرێکی سەرەکی وەک مۆزیک و ئاواز چەند دەوڵەمەند و فرە بەرهەمە.
بێگومان زاڵبوونی زمانی عەرەبی، بە هاتنی ئیسلام، وەهای کرد ئەو ببێ بە زمانی خوێندن و نووسین و کاروباری ڕۆژانە، هەر بۆیەش گەلانی غەیری عەرەب وەک کورد و فارس و ئەفغان، ماوەیەک زمانی خۆیان لە یادکرد وبەکاریان نەدەهێنا بەتایبەتی لە نووسین و دانانی ئەدەبیدا، بالوولی دانا، بەپێی دەسخەتەکان، کەمتر لە دوو سەدە دوای ئیسلام، واتە لەسەدەی دووی کۆچی(مشەختی) شیعری بە شێوەزاری خۆی داناوە، کە زاری تێکەڵاوی هەورامی و لوڕی و کەلهوورییە، واتە: شێوەزارێکی نزیک لە زمانی کۆنی ئاڤێستا.
یەکایەکی وشە و زاراوەکانی شیعری کوردیی سەدەی دووەم و سێهەم کۆچی بەدواوە بە ئاسانی لە تێکستی ئاڤێستا دەدۆزرێنەوە، بەڵکوو ئاماژەی ڕاشکاو و ڕوون دەکەن بۆ ناوی زەردەشت و ئاڤێستا و ئەڵێن: وەرن ئایینی کوردان نوێبکەینەوە، هەندێ لە دەسخەتەکان بە ئایینی ئیران هاتووە، جا چ ناوهێنانی(ئێران) لێرەدا درووست بێ یا بە ئەنقەست لە دەسخەتەکان گۆڕیویانە، بەڵام دەتوانین و زاراوەی ئێران بە ناوی نیشتمانی کۆنی گەلە ئارییەکان وەربگرین، نەک دەوڵەتی سنوورداری ئێستای ئێران.
لەناوهێنانی گەلانی ئاری، یا ئێرانیانی کۆن، ئەوەمان بە یاددێتەوە، کە گەلانی ئارایی، لە ڕچەڵەکدا لەگەڵ گەلانی هیندستان یەک بوونە و، لە زانستی مێژوودا بە(هیند و ئاریایی) ناسراون، کە لە قۆناغێکدا بوونە بە دوو بەشەوە: هیندی و ئاریایی.
وێکچوون و نزیکبوونی گەلانی هیندی و ئاریایی و لە وێکچوونی کولتوورەکانیانەوە دەردەکەوێ، واتە: زمانی پالەویی ئاڤێستا کە پەڕتووکی زەردەشتە، نزیک بووە لە زمانی سەنسکریتی کۆنی هیندی کە زمانی یەکەمین و گرنگترین پەڕتووکی ئایینیانە ئەویش (رێگ ڤیرا) واتە:
پەڕتووکی حیکمە و ماریفەت و زانست، وشەی(ڤیرا) هاوڕیشەی دانستەنی فارسییە، کە دەبێ بە زانستەن، لێرەدا دەنگی(د) و(ز) جێگۆڕکێیان پێکراوە، وەک(ژەن) بووە بە (زەن) لە ڕیشەی وشەی(ڤیرا= ویرا) وە چەندین واژەی دیکە پەیدا دەبن وەک(دانا، دانایی، زانا، زانین، (دید= واتە نوختەنەزەر، تا دەگاتە بە واژەی (دین) کە بەهەمان دەنگ و فۆرم لە ئاڤێستا هاتووە و مانای(درێژەدان) دەدات.
واتە: لە فەلسەفەی زەردەشتدا: دین مانای ویژدان و ئەخلاق ئەدا، هەمان وشەی(دین) لە زمانی عەرەبیش ماوەتەوە و تا ئەمڕۆ بەکاردێ.
پرسی حەوتەم:
ئایا چەند ساڵێک بەر لە هاتنی ئیسلام و هەر دوا بەدوای ئەو، باری کولتوور و دنیابینی و ئایینی کورد، هەروەها نووسین و خوێندنی چۆن بووە؟
ئەم قۆناغە بەتاریکی ماوەتەوە، ڕەنگە هەر لەبەر زاڵبوونی کولتووری عەرەبی کورد نەیتوانیووە خۆی لەو بوارانەدا دەرببڕێت.
بەڵام حەقیقەتێکی مێژوویی هەیە، کە ئایینی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زاینییدا، بە کوردستان گەیشت، و بڕوای خوا ناسی و یەکتاپەرستی بڵاودەکردەوە، بەڵام ئایا خەڵکی ئەو سەردەمەی کوردستان خوا نەناس بوونە، یا یەکتاپەرست نەبوون؟ لەم بوارەدا بەڵگەیەکی سادە بەدەستەوەیە، کە لە سەرانسەر، سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە، ئەویش ئەوەیە ئا لەو کاتەی سەدەی حەوتەمی زایینی لە کوردستان واتە لەو خاکەی ئێستا بە کوردستانی دەزانین، چوار کولتوور و ئایینی خواناس و یەکتاپەرست هەبوون، کەوابێ خەڵکی کوردستانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی ئەم ئایینانە بوون کە هەموویان یەک خوایان دەناسی و بڕوادار بوون، لە قورئانی پیرۆزیشدا ئاماژە بۆ ئەم چوار ئایینە ئەکات کە: جوو(یەهوودی) و نەسار(کریستیانە) و مەجووسی (زەردەشتی) و سابیئەیە، هەر چوار ئایینەکە خاوەن پەڕتووکی نووسراوبوون و، ئێستاش پەرستگاو ڕێوجێی خۆیان هەیە واتە: خەڵکی کورد، خەڵکی ئەو زەمانەی کوردستان، کافرو خوانەناس و نەزان و نەخوێندەوار نەبوون، ئایینیەکانیش ئەمانەن:
1- جوو(یەهودی) کە لە پەیدابوونی مووسا پێغەمبەرەوە، (د.خ.) ڕێنووماییە مرۆڤانەکانی بە کوردستان گەیشتووە، لە سەرێکی دیکەوە پاشاکانی ئاشوور و ئەکەد و بابل گەلی یەهوودیان لە جێگەی خۆیان لە ئۆرشەلیم، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، هەڵکەند و زۆربەیان دیل کرد بە زۆر کۆچدران بۆ وڵاتی(بابل) و لەوێ خرانە ژێردەست و ژێرچاودێری توند، بەشێکیان خۆیان بە کوردستانی ئێستا گەیاند و لە کەرکووک و هەولێر و شارەزوور دانیشتن (ئەو کات شاری هەڵەبجە و سلێمانی نەبوون، دەشتی شارەزوور و چیاکانی هەورامان یەک هەرێم بوون، چەندین شوێنەواری مێژوویی سەلمێندراو بۆ نیشتەجێبوونی یەهوودیان ماون وەک مەقامی (دانیال پەیامبەر) لە قەڵای کەرکووک، یەهوودەکان بە هەموو کوردستانا بڵاوەیان پێکردبوو، بێگومان خاوەنی کولتوور و ئایینێکی نووسراوبوون، کولتووری نووسین و خوێندنیان بە زۆر جێگە گەیاندووە شوێنیان لە پێشخستن و بووژانەوەی کولتوور و هونەری کوردی لەمێژوودا دیارە.
2- کریستیان(کریستیان) کە لەدایکبوونی عیسا(د.خ.) پەیامبەرەوە، وەکوو لە ئینجیل (مزگێنی) نووسراوە کە سێ پیری ئەستێرەناسی مەجووسی (زەردەشتی) لە ڕۆژهەڵاتەوە، واتە لە کوردستان و ئێرانی ئێستاوە، خۆیان بە(بەیت لەحم) گەیاندووە و سێ دیارییان بۆ عیسا کوڕی مریەم بردووە و کڕنۆشیان بۆ بردووە و پیرۆزباییان کردووە لە دایکبوونی ئەو پەیامبەرە، ئیدی لەسەرەتای سەدەی یەکەمی زاینییەوە ئایینی کریستیان بە کوردستان گەیشت، شوێنەواری زیادی دێر و پەرستگا و دابوونەریتی کریستیانەکان لە زۆر جێگەی کوردستان ماون لەوانەش بۆنموونە کەنیسایەکی هەرە کۆن لە تەنیشتی باژێری کۆیە، (کۆیسنجەق).
3- ئایینی زەردەشت وەکوو باسمان کرد، بێگومان بەر لەوەش پاشماوە و شوێنەواری ئایینی میترایی و زەروانی(زەرڤانی) لەکوردستانا هەبوون، وەختێکێش (مانی) و (مەزدەکیش) پەیدا بوون، کەوتنە کوردستان، بەڵکوو هەندێکی هەر لە کوردستانەوە سەریان هەڵداوە.
4- ئایینی سابیئەی مەندایی، کە بەشێکیان(حەڕانی) یان پێدەڵێن، ئایینێکی هەرە کۆنی ئاسمانییە، ئێستاش لە ئێڕاق و وڵاتانی دیکە بەڕەسمی ناسراون و (کۆتا)ی پەڕڵەمانیان هەیە، چونکە خاوەنی ئایین و زمان و کولتووری تایبەتین، کۆنترین پەڕتووکخانە(کینزا ڕەبا/ واتە:
گەنجینەی مەزن، کە بەزمانی سریانی نووسراوە و خەتی ئارامییان هەیە(رێبەریان یەحیا پەیامبەرە(د.خ...................) واتە: خەڵکی ئەو دەمەی کوردستان لە سەدەی حەوتەمدا، بەسەر ئەو ئایینانەدا، لە دەوریان، دابەشبووبوون، کە زۆربەیان زەردەشتی و میترایی بوونە، کەواتە هەمیشە ئاشنای نووسین و خوێندن بوونە.
ئەو حەقیقەتە کلیلی چەندین ئەنجامی دیکەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە، دەبینین کورد دوای ئیسلام خێرا فێری نووسین وخوێندنی عەرەبی بوو، هەر دوای کۆچی پەیامبەری ئیسلام(د.خ...................) بۆ شاری (مەدینە) کوردێک لە کوردستانەوە خۆی گەیاندە لای بەناوی(جاوان، یا جابان، گاوان)، کە ئێستاش ئێلێکی کورد بەو ناوە هەیە(دواتر چەندین کوردی تر چوونە مەدینە یەکێک لەوانە(یونس)ە کە بە(یۆنسی کاتب) ناسراوە، لەسەدەی دووەمی کۆچی، لەمەدینەدا، یەکەمین پەڕتووکی لەسەر موزیک بە زمانی عەرەبی نووسیووە، ئیتر زانای کوردی گەورە و بەناو دەنگ پەیدابوونە کە لە بواری جۆر بەجۆری مێژوو کولتوور و ئایین، بە زمانی عەرەبی پەڕتووکیان داناون، کە ئەگەر هەموو دانراوەکان کۆبکرێتەوە، پەڕتووکخانەیەکی مەزن دەگرێتەوە.
بەلای منەوە، گەلی کورد حەزی لە خوێندن و فێربوونە و لە دەسپێکەوە ئاشنای هونەری نووسین و داهێنان بووە، هەر بۆیەش بە ئاسانی فێری نووسین و خوێندنی عەرەبی بووە، بەتایبەتی کە دەرفەتی بەکارهێنانی زمانی زگماکی خۆی نەبووە، بەڵام لەبەر سرووشتی فێربوون دەبینین کە هەر چەندە سەدان ساڵە لە بەکارهێنانی زمانی خۆی بێبەش بووە، ئەمجاش هەوڵی داوە لە ڕێگەی زمانەکانی دیکەوە، هەست و بۆچوون و زانیاریی خۆی دەرببڕێت.
کورد، هەروەها ئەگەر بەناچاریش بێ، هەوڵی داوە لە زمانەکانی دیکەدا هەندێ جار پێش خاوەنەکانیان بکەوێ.
لە کولتوور و ئەدەبی عەرەبی و تورکی و فارسی چەند نموونەی خێرا دێنینەوە، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم ڕووناکبیرانی عەرەب ویستیان(میری شاعیرانی زمانی عەرەبی) دەستنیشان بکەن، تەنیا کەسێک لە سەرانسەری وڵاتانی عەرەبدا هەبوو ئەویش (ئەحمەد شەوقی) بەرەسەن کوردە، کە لە بنەماڵەیەکی گەورەی کوردە و دانیشتووی قاهیرە بووە، ناوی(میری شاعیرانی عەرەبی) لێنرا چونکە لە شیعری عەرەبیدا پێش هەمووان کەوتبوو، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، لە ئێڕاقدا، دوو شاعیری زمانی عەرەبی ناسراو هەبوون کە هەردووکیان کوردن، مەعرووف ڕەسافی و سدقی جەمیل زەهاوی.
لە ئێران، بەشایەدی ڕووناکبیرانی فارس، باشترین وەرگێڕی ڕۆمان و ئەدەبیاتی جیهان لە فەرەنسییەوە بۆ زمانی فارسی، (محەمەد قازی) یە کە خەڵکی مەهاباد و لە بنەماڵەکەی شەهید قازی محەمەدە، نووسەر و شانۆنووس و فیلمسازی گەورە هەن لە ئێراندا کە لە ڕەسەندا کوردن.
لە تورکیا: یەکەمین جار فیلمی سینەمایی زمانی تورکی لە ڕێگەی(یەلماز گۆنای)یەوە بە دنیای ناسرا، هەروەها ڕۆمانی زمانی تورکی لە ڕێگەی (یەشار کەمال) ەوە لە جیهاندا دەنگی دایەوە.
لێرەدا مەبەستم پیاهەڵدان و پەسنی ڕەگەزی کورد نییە، بەڵکوو گێڕانەوەی واقعێکە، کە هەر چەندە کورد لە ماوەی سەدان ساڵدا، زمان و کولتووری خۆی قەدەغەبووە، بەڵام دانەماوە، چونکە حەزی لە فێربوون و پێشکەوتن بووە، زمانی خەڵکی دیکەی بەکارهێناوە، هەر چەندە لەسەر حیسابی زمانی زگماکی خۆی بووە.
هەموو ئەو باسەم بۆ ئەوە هێنایەوە کە بڵێم: کورد بەر لە ئیسلامیش هونەری خەت و زمان و نووسین و دەربڕینی هەبووە، دوای ئیسلامیش، پچڕپچڕ، بەردەوامبووە، با لە ڕێگەی زمانی دیکەوەش بووبێت.
ئەسڵی مەبەستیش زانینی دەسپێکی ئەدەبی نووسراوی کوردە، کە لە فەقێ تەیران و بابا تاهیر و شاعیرانی دیکەش کۆنتر و دوورترە، بێگومان فەقێ تەیران و شاعیرانی دیکەی دوای ئیسلام ژیر و زانا و دلێر و چاونەترس بوونە، کە لە ژێر تاریکی هەوری زاڵبوونی زمان و کولتووری نەتەوەکانی دیکەوەش، چاویان هەڵێناوە و چاویان بە گەنجینەی زمان و کولتووری نەتەوەکەیان کەوتووە، هاتوونە زیندووی بکەنەوە، هەروەکو ئەحمەدی خانی دبێژێ، تا نەڵێن کورد بێ زمان و ئەدەبیات و ماریفەتە، نزیکەی 30 ساڵ دوای خانی، لە کرماشانەوە خانای قوبادی هاتووە، پەڕتووکی خوسرەو شیرینی لە فارسی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و لە بەراییدا وتوویەتی: ئەم دانراوە کوردییە(بە زاری گۆران/ هەورامی) دادەنێم تا خەڵکی بزانن کوردیش خاوەن زمان و ئەدەب، بەڵکوو کوردی شیرنترە.
دیوانی خوسرە و شیرین، (یا شیرین و فەرهاد) دانراوەی نیزامی گەنجەوی بەزمانی فارسییە، کە گەنجەوی لە پێشەکی دیوانەکەدا، بە دەنگی بڵند، ئاشکرای دەکا کە دایکی ئەو کوردە و، ئەو داستانانەی لەو(شێرە ژنە کوردە) وەرگرتووە، هەروەکو خۆی ناوی دایکی دەبات.
نازانم وەڵامی چەند پرسیارم بۆ درایەوە، وەلی ئەزانم کەزۆربەیان هێشتا وەڵامی زیاتر هەڵدەگرن و، بابەتەکە جێگەی پرسیاری زۆرترە......
ڕوونکردنەوەیەک لە نووسەرەوە
لە ژمارەی پێشووی گوڵان(31 ئایاری 2010، لە وتاری (بەیادی فەقێ تەیران) هەڵەیەکی ناخواستە هاتووە، کە ڕەنگە لە پەلەنووسینی بەندەوە بووبێ، کە نووسراوە:
(.. ئەز دبێژم شیعری بابا تاهیریش دەسپێکی ئەدەب و کولتووری نووسراوی کوردی نییە، چونکە لە چەند ساڵی دواییدا چەند دەسخەتی تازە دۆزرانەوە کە بۆ هەزار و سەد تا هەزار و سیسەد ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە..)
- ڕاستەکەی ئەوەیە کە(پێش ئێستا) لە جیاتی(پێش زایین) دەنووسرێت.
واتە: شیعری عیرفان بالوولی دانا و یارانی بۆ نزیکەی هەزار و سێسەد ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە...
ڕاستەکەی ئەوەیە کە (پێش ئێستا) لە جیاتی (پێش زایین) دەنووسرێت..
واتە:شیعری عیرفانی بالوولی دانا ویارانی بۆ نزیکەی هەزارو سێسەدساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە..
- تێکستی نووسراوی بالوولی دانا و شاخۆشین و بابا سەرهەنگ و زانایانی دیکە کە لەسەدەی دووەم و سێیەمی کۆچیدا هاتوون، لەو سەردەمەوە لە لووڕستان و کرماشان و هەورامان، لە گەنجینەی نووسراوی نهێنی خەڵکی یارسان پارێزراو بوون.[1]