ناونیشانی بابەت: دواجار نەوت هەردوو سوودانەکەى ئاشت کردەوە
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
سوودان یەکێکە لە وڵاتانى ئەفریقیا لە ڕیزى وڵاتە هەژارەکانە، خاوەنى سامانێکى نەوتى زۆرە بێ ئەوەى بە چاکى سوودى لێوەرگیرابێت. لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو ژمارەیەک کۆمپانیاى بیانى هاتنە سوودانەوەو دەستیان کرد بەگەران بە دواى نەوتدا، پاش دۆزینەوەى چەند کێڵگەیەکى نەوتى توانرا لە کۆتایى سەدەى بیستەمدا نەوت هەناردەى دەرەوە بکرێت.
سوودان یەکێکە لەو وڵاتانەى دەمێکە شەرى ناوخۆ بەرۆکى پێگرتووە، دواى کوشت و کوشتارو ماڵوێرانیەکى زۆر لە ئەنجامدا لە تەمموزى 2011بوو بەدوو بەشەوە، باکوور و باشوور کە لە ڕووى ئایینەوە جیاوازن . بەرێکەوت زۆربەى کێڵگە نەوتییەکان بەر باشوورى مەسیحى کەوتوون کەدەتوانرێِ بە 75 مەزەندە بکرێ، هەرچى بەشى باکوورە لوولە نەوتییەکانی هەناردەکردنى پێدا تێپەردەبێت و پاڵاوگەکانى نەوتیشى لێ دامەزراوە . هەناردەى نەوتى سوودان 500 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا کە 350 هەزار بەرمیلى لە کێڵگەکانى باشوور دەردەهێنرێ.
حکومەتى باشوور بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەى هەناردەکردنى نەوت دەبوایە بەرانبەر هەر بەرمیلێک نەوت برێک پارە بە حکومەتى باکوور بدات چونکە پڕۆسەى پاکردنەوەى نەوتە خاوەکە لە باکوور ئەنجام دەدراو لوولە نەوتییەکانیش هەربەوێدا تێپەردەبوون. حکومەتى باشوور بەلایەوە قورس بوو ڕۆژانە ئەم برە پارەیە بە باکوور بدات بۆیە لە شوباتى 2012 هەناردەکردنی هەڵپەسارد وبەراى گشتى یان گەیاند کە چیتر نەوت بە باکووردا هەناردە ناکەن و لە مەودوا نەوت بە ڕۆژهەڵاتدا بەرێگەى وڵاتى کینیاو ئۆگەندەوە دەنێرنە دەرەوە، چەند کۆمپانیایەکى بیانیش پاڵاوگەیەکى گەورە لە باشوور دادەمەزرێنن. بە تێپەربوونى چەند مانگێک بەسەر هەڵپەساردنى هەناردەکردن ڕۆژ لەدواى ڕۆژ دەرهاویشتەکانى لە سەرخەڵکى باشوور زیاتر دەردەکەوتن چونکە 98 ى داهاتى باشوورى سوودان لەسەر نەوتە، ئەو بەڵێنەش کە بەراى گشتى یان دابوو بۆیان نەچوو ە سەرو نەیان توانى ڕێِگە نوێ یەکەى هەناردەکردن مسۆگەربکەن چونکە ڕێگەى نێوان باشوورى سوودان و کینیا لە ڕووى جوگرافیەوە زۆر سەختە، لەهەمان کاتیشدا ڕێگەیەکى دوورودرێِژە کە دەگاتە 3600 کیلۆ مەتر کە ئەستەمە بە ماوەى 10مانگ هەروەک حکومەتى باشوورى سوودان بانگەشەى بۆ دەکرد تەواو بێت.
باشوورى سوودان لە ڕیزبەندى وڵاتە هەژارەکاندا کە ژمارەیان 183 وڵاتە ژمارە 159 ى بەرکەوتووە،بەم هەنگاوەشیان خۆیان لە داهاتێکى گەورەى نەوت بێبەش دەکەن کە لە نیوەى یەکەمى ساڵى 2011 گەیشتوبووە 7.5 ملیار دۆلار . باکوورى سوودانیش بە تێپەربوونى نەوتى باشوور بە خاکەکەیدا باجێکى چاکى وەردەگرت کە بەشێِکى چاکى داهاتى سوودان پێک دەهێنێ، بە وەستانیشى کاریگەریى تەواوى دەرکەوتبوو.
هەموو ئەم فاکتەرانە واى لە هەردوو سوودان کرد کە پێویستیان تەنیا بە ناوبژیکەرێک هەبێت تا لێکیان نزیک بکاتەوە، ئەوەبوو لە کۆتایى تەمموزى ئەمساڵدا بە ناوبژیوانى سەرۆکى پێشووى ئەفریقیا هەردوولا ڕێکەوتنەوەو ئاشت بوونەوە. هەردوولا ڕێککەوتن لەسەرئەوەى باکوورى سوودان بەرانبەر هەر بەرمیلە نەوتێک 25دۆلارو 80 سەنت وەربگرێت لە جیاتى پاککردنەوەى نەوتە خاوەکە و باجى هەناردەکردن. ڕێککەوتنەکە تەنیا لەسەر ئەوە ماوە وا دەیەک بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەکردن دیاریبکرێت.
بەم چەشنە چەندین ساڵى شەرو شۆرى تایەفى مەزهەبی نەیگەیاندن بە یەک بەڵام نەوت هەردوو لاى خستە سەرمێزى گفتوگۆ. [1]