ناونیشانی بابەت: لە ئاییندەدا واست دەبێتە پارێزگایەکى بەرهەم هێن
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
پارێزگاى واست یەکێکە لە پارێزگاکانى ناوەڕاستى ئێڕاق و ژمارەیەک کێڵگەى نەوتى تێدایە. لەپێش پڕۆسەى ئازادیدا ئەم کێڵگانە تەنیا بۆ دڵنیابوون چەند بیرێکیان تێدا هەڵکەنرابوون و هیچ بەرهەمێکیان نەبووە، بەڵام لەدواى پڕۆسەى ئازادییەوە وەزارەتى نەوتى ئێڕاقى کێڵگەى (ئەحدەب)ى بە کۆمپانیا چینییەکان سپارد، وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت سەرقاڵى بیر هەڵکەندن و نەوتیشیان بەرهەم هێناوە، ئەوەى مابوەوە کێڵگەى بەدرە بوو کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى واستەوە لە دوورى 160کم لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى بەغدا.
ئەم کێڵگەیە بە یەکێک لە کێڵگە هاوبەشەکانى نێوان ئێڕاق و ئێران دادەنرێت، ئەو بەشەى کەوتۆتە ناو ئێڕاقەوە درێژییەکەى16کم و پانیەکەشى 6کم دەبێت.
لە ساڵى 1977بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆمپانیایەکى ڕۆمانییەوە ڕوپێوی بۆ ئەنجامدراوە.
لە17ى حوزەیرانى 1978یەکەم بیرى نەوتى لێ هەڵکەندرا، لە ساڵى 1980بیرى ژمارە 2 هەڵکەندرا بەڵام بەهۆى هەڵگیرسانى جەنگى ئێڕاق و ئێران تەواو نەکراو کار لەو کێڵگەیە بەیە کجارى وەستا و ئاورى لێنەدرایەوە تا دواى پڕۆسەى ئازادی.
لەساڵى 2008 بەدواوە حکومەتى ئێڕاق لە خولى دووەمى بەخشینى مۆڵەت بەکۆمپانیا بیانییەکان کێڵگەى بەدرە بۆ 4 کۆمپانیا دەرچوو بە پیشکى جیاواز کۆمپانیاى (گاز برۆم)ى ڕوسى بە ڕێژەى 40، کۆمپانیاى(tib)ى تورکى بە ڕێژەى 10، کۆمپانیاى (کۆکواز)ى کۆرى بە ڕێژەى 30، کۆمپانیاى (پترۆناس)ى مالیزى بە ڕێژەى 20. بە پێى گرێبەستى نێوان حکومەتى ئێڕاق و ئەو کۆمپانیانە پێویستە لەسەریان بەرهەمى ئەو کێڵگەیە بگەیەننە 170هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدابەرانبەر وەرگرتنى 5دۆلارو 40سەنت بۆ هەر بەرمیلە نەوتێکى بەرهەمهێنراو بەو مەرجەى 35ى پارەکەى وەک باج بدرێت بە حکومەتی ئێڕاق، 25بۆکۆمپانیاى نەوتى باکوور دەبێت کە هاوکارییان دەکات.
ئەوەى تا ئەمڕۆ 2012 ئەنجام دراوە بریتییە لە پاککردنەوەى ناوچەکە بە ڕووبەرى 165کم دووجا لە مینى پاشماوەکانى جەنگى هەشت ساڵەى ئێڕاق ئێران هەروەها دامەزراندنى ژمارەیەک تانکى بۆ هەڵگرتنى نەوت و هێنانى پاڵاوگەیەکى بچووک، ئەمە وێراى درووستکردنى تۆرێک لە لوولەى نەوت و غازى جیاواز. دواى ئەم کارانە کۆمپانیاى غاز برۆم کە لە بەرنامەیاندایە 17 بیرى نەوت لەنلوچەکە هەڵبکەنێت، لەم ماوەیەدا دەستى کردووە بە هەڵکەندنى بیرى نەوت، واش بریارە لەئەیلوولى ساڵى 2013 دەست بکرێت بە بەرهەمهێنانى نەوت بەبرى 15 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا . دواى تێپەربوونى 3 ساڵ بەرهەمى نەوت دەهێندە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 170هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
نەوتى کێڵگەى بەدرە نەوتێکى شیرینە چونکە خاڵییە لە گازى (h2s)ى ژەهراوى کە ئەمەش خاسیەتێکى چاکە لە هەر نەوتێکدا هەبێت چونکە لەم کاتەدا پێویستى بەدرووستکردنى یەکەى چرکردنەوە (وحدە ترکیز) نابێت.
بەم چەشنە دواى تەواوبوونى کار لە هەردوو کێڵگەى (ئەحدەب و بەدرە) بڕى بەرهەمهێنان دەگاتە سەدان هەزار بەرمیل کە بەمەش پارێزگاى واسیت دەچێتە ڕیزى پارێزگا بەرهەمهێنەکانەوە و بەپێی یاساکانی وەزارەتی نەوت بۆیان هەیە کۆمپانیای تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن. [1]