ناونیشانی بابەت: لوولەى گازی نێوان میسر و ئیسرائیل
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ئەگەر تێبینى هەواڵی کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بکەین جارجارە تایتڵێکمان بەرچاو دەکەوێت و باس لە تەقاندنەوەى هیڵى گازى نێوان میسر و ئیسرائیل دەکات کە ئەمە دەیەمین جارە گرووپە میسرییەکانى دژ بە ئیسرائیل ئەنجامى دەدەن.
$باکگراوندی پەیوەندى ئابووری میسر و ئیسرائیل$
ئیسرائیل لە دواى درووست بوونییەوە هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بوو پەیوەندى ئابووری پتەو لەگەڵ میسردا ببەستێت بە تایبەت لە بواری وزەدا چونکە میسر زۆر لێوەى نزیکە و بە نرخێکى گونجاو وزەى لێوە دەست دەکەوێت.
لە ساڵی 1969 لەو کاتەى میسر و ئیسرائیل لەوپەری دوژمنایەتی کردنی یەکتردا بوون و خوێنیان لە کەللەى یەکدا دەخواردەوە چەند توێژینەوەیەک لە زانکۆی تەلئەبیبەوە دەرچوو کە باسی لە هاوکاری نێوان هەردوولا دەکرد لە بواری وزەدا.
لە دوای ڕێکەوتننامەى ئاشتی کامب دێڤیدى نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵی 1979 میسر دەستی کرد بە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئیسرائیل.
ئاشکرایە لە ساڵی 1967 ئیسرائیل لە شەڕی پێنج ڕۆژەدا نیمچە دورگەى سینای داگیرکرد و توانى لە ڕێگەى کۆمپانیایەکى کەنەدییەوە کێڵگەیەکى گازى بدۆزێتەوە و بە مەبەستى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا بەکاریان بهێنێت، بەڵام دوای ڕێکەوتننامەى ئاشتى ئیسرائیل لەو نیمچە دورگەیە کشایەوە و لە ساڵی 1982 ڕادەستى حکومەتى میسری کردەوە.
$هێڵی گازی نێوان میسر و ئیسرائیل$
لە ساڵی 1989 ئیسرائیل داوای لە حکومەتی میسر کرد پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی گاز لە میسرەوە بۆ ئیسرائیل دابمەزرێنێ بە جۆرێک هێڵەکە سەرەتا بگاتە ناوچە جوولەکە نیشینەکان و وێستگەکانی کارەبا لەو شارانە بخاتە کار و دواتر درێژ بکرێتەوە بو ناوچە عەرەب نیشینەکان، بڕی تێچوونی پڕۆژەکەش 500 ملیۆن دۆلار بوو.
سوودی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئیسرائیل هەرزان دەستکەوتنی گاز بوو چونکە ئەگەر بە کەشتی لە شوینی ترەوە هاوردەی بکردایە بو هەر تەنێک گاز 23 دولاری دەهاتە سەر
هەرچەندە لە ناوخۆی و میسر و ئیسرائیل نارەزایی زۆر هەبوو بەڵام گوشارەکانی ئەمەریکا کارەکانی بەرەو پێشەوە برد. گفتوگۆکان بەردەوام بو و درێژەی کێشا، لە ساڵی 1996 لایەنی میسری لەسەر کەم دانانی نرخی گاز گفتوگۆکانی وەستان چونکە میسر دەیویست نرخی گاز بەپێی نرخی جیهانی دابنرێت.
$سەرهەڵدانی کێشەی کارەبا کارەکانی پێشخست$
لەدوای ساڵی( 2000)ەوە لە ئیسرائیل کێشەی کارەبا بەهۆی کەمی وزەوە سەریهەڵدا، هەربۆیە جارێکی تر پەنایان بۆ میسر بردەوە تا پڕۆژەی گازی نێوانیان زیندوو بکەنەوە. لە حوزەیرانی ساڵی 2006 وەزیری ژێرخانی ئیسرائیل سەردانی قاهیرەی کرد و لەوێ لەگەڵ وەزیری بترۆلی میسری یاداشتی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد. وەزیری ئیسرائیلی لەو ئاهەنگەدا وتی (ئەمە ڕێککەوتنێکی مێژووییە و بۆ جاری یەکەمە دەوڵەتی ئیسرائیل گاز لە وڵاتێکی عەرەبی دەکرێت، بۆ ماوەیەکی دووروو درێژ و بەگەرەنتی حکومی). ئەوەی زۆر سەیرە ئەم ڕێککەوتنە پیشانی ئەنجومەنی گەلی میسری نەدراو گفتوگۆشی لەسەر نەکرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ میسر بڕی 2.5 ملیار مەتر سێجا گاز هەناردەی ئیسرائیل دەکات. ئەوەی لەم ڕێکەوتنەدا شاراوەیە نرخی گازەکەیە و چاودێران بە نرخێکی سیاسیان هەژمار دەکرد، دواتر دەرکەوت کە هەر مەترە سێجایەک گاز بە 75 سەنت دانرابوو کەچی نرخی جیهانی لەنێوان 5-7 دۆلار بوو. ئیسرائیلییەکان دەیان وت ئەو گازەی هەناردەیان دەکرێت پاککراوە نییە وەک ئەوەی هەناردەی ئەوروپا دەکرێت ئەمەش بێویست دەکات پاڵاوگەیەکی بۆ دابنرێت کە چەند ملیار دۆلاری تێدەچێت.
(عەبدوڵڵا غەراب) وەزیری نەوتى میسری دوای نارەزایی خەڵکی وڵاتەکە، هەروەها دوای زنجیرە پەلامارێکى بۆرییەکە ڕایگەیاند بە نرخی فرۆشتنى گازی میسری بۆ ئیسرائیل چوینەتەوە و ڕاوێژ دەکەین بۆ دەسکاری کردنی.
کاربەدەستانی حکومەتى میسریش لە ناو خۆیاندا ڕاوبۆچوونیان لەسەر ڕێکەوتنەکە جیاوازە.
لیوا عومەر سلێمان دەڵێت (ئەم ڕێکەوتنە دژی ئاساییشی نشتمانی میسرییە بەم کارەمان پشتیوانی ڕکابەرێکی ئیقلیمى خۆمان دەکەین، ئاساییشى نیشتمانى داوا دەکات هیچ بەرهەمێک هەناردەى ڕکابەری ئیقلیمی نەکرێت ئەمە وێرای هەرزانی نرخى گازەکە).
محەمەد حەسەنێن هەیکەل گەورە ڕۆژنامەنووسی میسری ڕاشکاوانە دەڵێت (بەدڵنیاییەوە من ڕەخنەم لە نرخی فرۆشتنى گازەکە هەیە و کەس ناتوانێت پاکانەى بۆ بکات بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا وادەبینم هەناردەکردنی گازی میسری بۆ ئیسرائیل دەرژێتە ناوبەرژەوەندى نەتەوایەتى میسرییەوە، لە جیاتی شەری درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل و دۆراندنی ڕای جیهانى چاکترە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەرژەوەندی هاوبەش بێنینە کایەوە). [1]