ناونیشانی بابەت: کێڵگە نەوتیە هاوبەشەکانی ڕۆژاوای ئێڕاق
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگەى هاوبەش بریتییە لەو کێڵگەیەى دەکەوێتە نێوان دوو وڵاتەوە و هەردوو لا بۆیان هەیە سوود لەو سامانە سرووشتە ببینن گە یاساو ڕێسا ئەو پەیوەندیە ڕێکدەخات. مێژووی جیهان چەندین حاڵەتى لەم چەشنەى بەخۆوە بینیوە کە لە سەرەتادا بوە بە کێشەو ئاشوب لەنێوان هەردولادا بەڵام لە دواییدا کێشەکە بە پێی یاسا لە سەر مێزى گفتوگۆ یەکلاکراوەتەوە.
وڵاتى ئێڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەى سەردەمانێکە خاوەنى ئەم کێشەیە لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەردا بەتایبەت لەگەڵ ئێراندا کە تا ئێستا نەخشەیەکی یەکلاییکەرەوە بۆ سنوورەکەى نێوانیان نەکێشراوە. ژمارەى کێڵگە هاوبەشەکان لەگەڵ ئێراندا لە هەموو وڵاتانى تری دەوروبەر زۆرترە و زۆرجاریش کێشەى لێکەوتوەتەوە چ لە سەردەمی شای ئێران و چ لە سەردەمى نوێدا. ساڵی پار بوو هێزێکى ئێرانى لە ناوچەى شاری عەمارە سنووریان بەزاندو چەند بیرێکى کێڵگە (فەککە) یان داگیر کرد کە دواجار بە بێ کارەسات کێشەکە برایەوە. #سەددام حسێن# لە وتارێکیدا لە تەموزى 1990 کوێتى تاوانبار کرد بەوەى ژێر بە ژێر نەوتى ئێڕاق بۆ خۆی دەدزێت و ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە کە ئێڕاق بەهۆی سەرقاڵبونیەوە بەشەر لە توانایدا نییە نەوتى بەشەکەى خۆى دەر بهێنێت.
بەشى ڕۆژاواى ئێڕاقیش لەم حاڵەتە بەدەر نیە و کێڵگەى هاوبەشى تێدایە بەڵام تا ئێستا هیچ کێشەیەکیان لێنەکەوتۆتەوە.
ئەو کێڵگانەى لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژاواى ئێڕاقدا هاوبەشن واتە لەنێوان ئێڕاق و سووریا، ئێڕاق و ئوردون ئەمانەن:
1- کێڵگەى هاوبەشى نێوان ئێڕاق - سووریا: لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا تەنیا کێڵگەى (سوفەییە) لە ئارادایە کە لە ساڵی 1926 یەکەم ڕووپێوی جیۆفیزیایی لەلایەن کۆمپانیاى نەوتی ئێڕاقەوە بۆ ئەنجام دراوە. یەکەم بیریش لە ساڵی 1973 هەڵکەنراوە و دڵنیابوون لە بوونى نەوت تیایدا.
لە ساڵی 1977 کۆمپانیای (تەکنۆ ئیکسپۆرت)ى بولغاری ڕووپێوێکى تری ئەنجامدا. تا ساڵى 2001 توانرا 41 بیری تێدا هەڵبکەنرێت. کێڵگەکە دەکەوێتە ڕۆژاواى ئێڕاقەوە لە دووری 100 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای شاری موسڵەوە، هەروەها لە دوری 15 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەى ڕەبیعەوە، درێژى کێڵگەکە 11 کیلۆمەتر پانیەکەشی 4,4 کیلۆمەتر دەبێت. هەرچەندە بەشێکی کەمی کێڵگەکە بەر سووریا کەوتووە بەڵام حکومەتی سووریا زۆر ئەکتیڤانەبەکاری دەهێنێت و دەیان بیری تێدا هەڵکەندوە و نەوتی لێدەردەهێنێت. ئێڕاقیش لە بەرنامەیدایە ئەم کێڵگەیە بە کۆمپانیایەکى بیانى بسپێرێت.
2- کێڵگەى هاوبەشى نێوان ئێڕاق – ئوردون: لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا یەک کێڵگەى هاوبەش هەیە ئەویش کێڵگەى (ریشە)یە، ئەم کێڵگەیە زیاتر کێڵگەیەکی غازییە نەک نەوتی، لەلایەن ئێڕاقەوە تا ئێستا هیچ بیرێکی تێدا لێنەدراوە، هەروەها هیچ ڕووپێوێکیشى بۆ ئەنجام نەدراوە تا درێژى و پانی و ڕوبەرەکەى بزانرێت. بەڵام حکومەتی ئوردون لەوبەشەى دەکەوێتە لای خۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو بیری تێدا هەڵکەندوە و سوود لە غازەکەی دەبینێت.
لە ئێستادا 2011 وەزارەتی نەوتی ئێڕاق لە هەوڵدایە تا لەگەڵ حکومەتی ئوردوندا لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنن بۆ توێژینەوەی زیاتر لە بارەی کێڵگەکەوە هەروەها دیاریکردنی ڕووبەرەکەی. [1]