ناونیشانی بابەت: کێلگەى عەککاس لەنێوان ئیدارەى پارێزگاى ئەنبار و وەبەرهێناندا
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگەى عەککاس کە بە یەکێک لە کێڵگە غازییەکانى ئێڕاق دەژمێردرێت دەکەوێتە بیابانى ڕۆژاواى ئێڕاقەوە 30کم لە باشوورى شارۆچکەى قائیمەوە.
درێژى کێڵگەکە 30کیلۆمەترە پانییەکەشى 12کیلۆمەترە .لە ساڵى 1949-1950یەکەم ڕووپێوى ناوچەکە کراوە، لە ساڵى 1994یەکەم بیرى تێدا هەڵکەنراوەو قوڵییەکەى گەیشتووەتە 4237مەتر، لە دوو ماوە (interval)دا تێبینى بوونى غاز کراوە لە قوڵى 2001-2003مەتر هەروەها لە قوڵى 2071-2091مەتر . دوابەدواى ئەمە 6بیرى تریش هەڵکەنران کە لە هەموویان دا تەنیا تێبینى بوونى غاز کراون.
یەدەگى غاز لەم کێڵگەیە بە 5.6تریلیۆن پێسێ جا دەخەمڵێنرێت.
لە ماوەى حوکمى ڕژێمى پێشوودا (حکومەتی بەعس) ئەم کێڵگەیە بە دەست لێنەدراوى مابۆوە و هیچ بەرهەمێکى نەبوو. ئاشکرایە لە دواى پڕۆسەى ئازادى وەزارەتى نەوتى ئێڕاق کێڵگە نەوتییەکانى خستە بەردەم زیادکردنى کۆمپانیا بیانییەکانەوە بە مەبەستى زیادکردنى بەرهەمى نەوت لە ئێڕاقدا، لە خولى سێیەمى زیادکردنەکاندا کە لە ساڵى 2010 ئەنجامدرا 3 کێڵگەى غازى گرتەوە کە یەکێکیان کێڵگەى عەککاس بوو، لەو زیادکردنەدا ئەم کێڵگەیە بۆ هەردوو کۆمپانیاى (کۆگاز)ى کۆریو کۆمپانیاى (مۆناى گاز)ى کازاخستان دەرچوو. سەرەتا بریاربوو لە 14ى تشرینى دووەمى ساڵى 2010 ڕێکەوتنەکە ئیمزا بکرێت بەڵام بەهۆی ڕازی نەبوونى ئیدارەى پارێزگاى ئەنبار ڕێکەوتنەکە واژۆ نەکرا چونکە ئیدارەى پارێزگاکە نایەوێت هیچ کۆمپانیایەکى بیانى لەو کێڵگەیە کاربکات، هەروەها دەیانەوێت داهاتى کێڵگەکە بەپلەى یەکەم لەخزمەتى پارێزگاکەدا بێت، بەڵام لێپرسراوانى وەزارەتى نەوت واى بەباش ئەزانن لەداهاتى ئەو کێڵگەیە ژمارەیەک پڕۆژەى ستراتیجى لەو پارێزگایە بکرێتەوە لەوانە کارگەى پترۆکیمیاوى و ویستگەی بەرهەم هێنانى کارەبا ئەوەى دەشمێنێتەوە لە غازەکە دەچێتە تۆرى نیشتمانییەوە و هەناردەى دەرەوە دەکرێت هەر وەک حسێن شەهرستانى وەزیرى پێشووى نەوت وتبووى بەرهەمى غازى کێڵگەى عەککاس تەنیا هەناردەى ئەوروپا دەکرێت.
دواى زنجیرە دانووستانێک و تەختبوونى گرفتەکانى بەردەم ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکە وادەى 24ى شوباتیان دانا بۆ ئەم کارە بەڵام لەو وادەیەش ڕێکەوتنامەکە ئیمزانەکرا، عەبدولکەریم لعێبى وەزیرى نەوت هۆى ئیمزانەکردنى ڕێکەوتنامەکەى گەراندەوە بۆ ئیدارەى پارێزگاى ئەنبار.