د. شێرزاد نجار
بە ڕابەرایەتی ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆک مەسعود بارزانی پرشنگی شۆڕشی گوڵان دەستی بە درەوشانەوە کرد و وێڕای هەموو تەحەدییەکان لە 26ی گوڵانی 1976 شۆڕشی گوڵان دەستی پێکرد.
لەناوەندی ساڵی (1974) کاتێک شۆڕشی کورد بە لوتکەی تواناو هێزی شۆڕشگێڕیی خۆیەوە بوو، ئا لەو کاتانەدا لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیداو بەبارتەقای ئاسۆدا سیمای گۆڕانکاریی دەرکەوت بوو، بەڵام بۆ شیکردنەوەی ڕووداو و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان و دەرکەوتنی سیماکانی داهاتوو کاریگەرییەکانی لەسەر شۆڕشێ کە لە ساڵی 1961ەوە هەڵگیرسێنرابوو، بەپێی پێویست گرنگیی بەو هاوکێشەیە نەدرا، بەتایبەتیش لە ئاداری ساڵی 1974ەوە کاتێک کە تێکۆشانە بوێرانەکەی گەلی کورد لەپێناوی بەرگریکردن لە بناغەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری ء چەسپاندنی مافە ڕەواکانی لە ژیانێکی سەقامگیر و لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی بەشێوەیەک لە ئاستی داخوازییە ڕەواکانیدا بێت، لە برەودابوو.
ئەم گۆڕانکارییانە لە جووڵانەوەو ئاڕاستەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەتایبەت لە سیاسەتی ئەمریکاییدا زۆر جددی ء ترسناکن و لەهەمان کاتیشدا پێچەوانەی ئاڕاستەکانی شۆڕشی کورد بوون، ئەم جووڵانەوانە بریتی بوون لە گەیشتنی بەرژەوەندییە دژەبەیەکەکان بەیەکتری کە شتێکی ئاسایین لەو پێوەندییە نێودەوڵەتیانەی پشتبەستوون بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە، تەنانەت گەر ئەو بەرژەوەندییانە بەهۆی مەسەلەیەکی شۆڕشگێڕیشەوە دژەبەیەکیشبن، ئا لەوێدا ئەو هەموو دژەیەکانە لەیەک مەسەلەی هاوبەش و گرنگدا کۆدەبوونەوە کە ئەویش بریتیی بوو لە: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد و شۆڕشی کوردی بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دەوڵەتانی زلهێز، یان تەنانەت بەرژەوەندییە دژەبەیەکەکانیشیان بپارێزێت. سەرەتا بۆ ئەو مەبەستە لە کۆتایی ساڵی 1974 لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە، پاشان لە ئاداری 1975 لە (جەزائیر) کۆبوونەوە (بەبێ ئەوەی شۆڕشی کوردی هیچ کاردانەوەیەکی جددییانەی لەسەرکۆبوونەوەکان هەبێت، جگە لەو شاندە نەبێ کە بە بانگهێشتێکی سەرۆکی میسری (ئەنوەر سادات) سەردانی (قاهیرە) ی کردبوو، شاندەکە بە سەرۆکایەتی سەرکردەی لێهاتوو و دیار لە پارتی دیموکراتی کوردستان شەهید (#سامی عەبدولرەحمان#) بوو، (سادات: لەسەر پێشهاتەکان کە لە داهاتووی نزیکدا مایەی ڕوودانن هەروەها لە ئاکام و دەرئەنجامەکان لەبارەی شۆڕشی کوردی بەهۆی ڕێککەوتنی ئێڕاق و ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کە ئەویش لەخۆیدا بێگومان لەسەر حیسابی چارەنووسی شۆڕشی کوردی دەبێت، ئاگاداری کردنەوە) پاشتر ڕێککەوتنی 6ی ئاداری 1975یان و بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێراوەکان لەوانەش چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە ئێڕاق کە دەبێتە مایەی ڕاگرتنی هەر پشتگیرییەکی دەرەکی بۆ کورد، لەئاکامیشدا دەبێتە مایەی کۆتایی پێهێنانی شۆڕشەکەیان بەشێوەیەکی پراکتیکی و واقیعی واژۆکرد، ئەو ڕێککەوتنە وەکوو کارەساتێک بوو کە سێبەرو شاڵاوەکانی بەسەر تەواوی ڕێچکەی شۆڕشی کوردیدا بڵاوکردەوەو بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەو ڕاستییەی سەلماند کە یەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی مەسەلەیەکی ئاساییە و بەردەوام ئەو دیاردەیە مایەی ڕوودانە لەبەرئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەر لەخۆیدا و هەر وەکوو پرۆفیسۆری ئەمریکیی بەناوبانگ (هانز مۆرکنتاو) دەڵێت: گوزارشت پێکردنێکە بۆ ململانێ لەسەر هێز و دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان. ئەم بارە بووە هۆی درووستبوونی حاڵەتی (ناهاوسەنگی) لەناو سەرکردایەتی و کۆمەڵگە و گەلی کوردییدا بەشێوەیەک کە ڕوون نەبوو چی بکرێت و چەندین پرسیار هاتە ئاراوە لەبارەی پرسیارێک کە (ڤلادیمێر لینین) ی سەرکردەی شۆڕشی ئوکتۆبەر کردبووی کە ئەویش: چ بکرێت؟
دەستەبژێرێک لە گەنجە شۆڕشگێڕەکانی کورد ڕووبەڕووی ئەم واقیعە بوونەوە و ڕازی نەبوون ملی بۆ کەچبکەن. هەربۆیە لەبارەی بارودۆخە تراژیدییەکانی دوای ڕێککەوتنی 6ی ئادار دەستیان کردە تێڕوانین و بڕیاریاندا لە خەباتی چەکداری بەردەوامبن، بۆیە بە نهێنی کۆبوونەوەکان دەستیپێکردو کادیرە شۆڕشگێڕەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستەواژەیەکی دیاریکراوی بەرخودانەوە پابەندبوون، بەو مەبەستەوە ئەم کادیرانە : (هەمیشە لەیاد شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی و شەهید سامی عەبدولڕەحمان و جەوهەر نامق و محەمەد ڕەزا و عارف تەیفوور) و دەستیانکرد بە موداوەلە و لیژنەیەکیان پێکهێنا کە هاوشێوەبوو لەگەڵ سەرکردایەتیەکی نوێ بۆ پارتەکە و بە ناوی (سەرکردایەتیی کاتی) ناونرا، ئەم سەرکردایەتیە کاتییە بەشێوەیەکی جددییانە و لەپێناوی بەردەوامبوون لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا هەستان بە جووڵانەوە. .
سەرکردایەتیی کاتیی ئەرک و مەسەلەی چارەسەرکردن و زیندووکردنەوەی ڕێکخستنە حزبییەکانی کە تووشی شکست بووبوون لەئەستۆگرت، هاوکات پێوەندییەکانی دەرەوەی چالاککردنەوەی، لەمانگی حوزەیرانی 1975دا لیژنەی ڕێکخستنی دەرەوە هەستان بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی گرنگ کە تیایدا گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە بوونە هۆی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول باس کرد و لەگەڵ بانگهێشتکردن بۆ یەکگرتن و چالاکیی زیاتر لەپێناوی بەزاندنی ئەو بارەی کە بەسەر گەلی کورد و شۆڕشەکەیدا سەپێندرابوو. پێوەندییەکان دەستیان پێکرد و لەگەڵ زۆربەی ڕێکخستنەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەوروپا، شەهید سامی عەبدولڕەحمان هەڵسوڕێنەری ئەو پێوەندییانە بوو کە لەپێناوی گەڕاندنەوەی چالاکی حزبی و پتەوکردنی پێوەندییە حزبییەکان زۆر چالاکبوو، هەر لەو بارەیەوە لە هاوینی ساڵی 1975دا سەردانی (ڤییەننا) ی کرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ کادیرەکانی ئەو وڵاتە سازکرد لەوانەش نووسەری ئەم چەند دێڕە لەکۆبوونەوەکاندا بەشداربوو کە تیایدا بناغە سەرەکییەکان دەستنیشانکرا لەبارەی چۆنیەتی کارکردن بۆ داهاتوو هەروەها ڕێکخستنی چالاکییەکانی (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) کە لەو کاتانەدا وەکوو (سەنگەرێکی هێڵەکانی پێشەوەی) لێهات بۆ خەباتی فیکری و دیپلۆماسی کوردی. سەرکردەکانی کۆمەڵەکە، لەوانەش نووسەری ئەم چەند دێڕە، لە گەیاندنی قەبارەی تراژیدیای کوردی بۆ جیهانی دەرەوە و لەرێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکان لەگەڵ پارت و کەسایەتییە پێشکەوتووخوازەکان بوون بە پێشەنگ، هاوکات پێوەندی نێوان سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پارتی کۆمیۆنیستی نەمساوی دەستیپێکرد کە بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکار (برونۆ کرایسکی) بوو و کە لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان هاوسۆزبوو بە تایبەتیش (بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی) شەهید (سامی عەبدولرەحمان) ڕۆڵێکی داینامیکی لەم پێوەندییانەدا گێڕاو بەندەش هاوکاریی دەکرد، ئەو چاوپێکەوتنانە لەبارەی کێشەی کوردی و ئاڕاستە و ڕەهەندەکانی بۆداهاتوو وەکوو دیالۆگێکی فکری قووڵ بوون هەروەها بریتی بوون لە سرووشی فیکری بۆ نەوەی نوێ کە چارەنووسەکەی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارەتیە گەورەیە بوو لە بەخشین و بەردەوامبوونا بۆ شۆڕشی کورد. بەڵێ واشبوو، دەستەبژێرێک لەم نەوە نوێیە کە بە هزری شۆڕشگێڕانە دەوڵەمەند بوون و جاروبار دەوڵەمەند بە هزری ڕادیکالی نیزیک بە هزرەکانی (گیڤارا) و (ترۆتسکی) ، هەر لە هزری (بوون – وجودیەت) تاکو ئایدیالیزمی و یۆتۆپیانیزمییەت، ڕووبەڕووی بارەکە بوونەوە و بە بوێرانە و ئەمانەت و دڵسۆزانە ئەو بەرپرسیارەتییەیان لەئەستۆگرت. بەو شێوەیە، تیشکە سەرەتاییەکانی شۆڕشی گوڵان دەستی بە دەرکەوتن کردو سەرەڕای هەموو مەترسی و سەرکەشییەکان و وێڕای ستەمداریی ڕژێمەکان لە 26ی گوڵانی 1976 یەکەمین پریشکی شۆڕشەکە هەڵگیرسا، ئەویش لەرێگەی ئەنجامدانی ژمارەیەک لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی بنکە سەربازییەکان کە لە هەمان ئەو کاتانەدا شەهید (سامی عەبدولرەحمان) لەو بارەیەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە (لەندەن) ئەو باسەی ڕاگەیاند کە بەشێوەیەکی مەیدانی ڕابەرایەتیی شۆڕشەکەی کرد لە ناوەوەی کوردستان سەرەڕای کەموکووڕی لە ئیمکانییەتەکان، شۆڕش هیچ سەرچاوەیەکی نەبوو بۆ چەک و سەرچاوە داراییەکانی زۆر کەمبوو و پشتگیریی دارایی بۆی کەم و بچووک بوو، بەڵام ڕۆحی شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرزدابوو، ئەمەش بوو بە زەمینەیەکی گرنگ لە داهێنانی تەکتیکی نوێ بۆ کاری شۆڕشگێڕانەی پشت بەستوو بە ئەزموونی نەتەوەکانی جیهان (وەکو کوبا و ڤێتنام و فەڵەستین) . بەوشێوەیە، ڕۆشناییە سەرەتاییەکان بۆ ڕێگەیەکی دوور و ترسناک و هەستیار درووست بوون و شۆڕش بەو بڕە سەرچاوە کەمەی توانیی لەسەر زەویی واقیعدا خۆی جێگیربکات و ڕەگی بچەسپێنێت و چالاکییەکانی سەرنجی دوژمنەکانی پێش دۆستەکانی ڕابکێشێ. هەر بۆیە، کاری شۆڕشگێڕانە کارێکی ئاسان نەبوو (هەروەها بەهیچ شێوەیەک وەکوو کاری سیاسیی ئەمڕۆ ئاسان نییە) ، بەڵکوو کارێکی زۆر ئەستەمە بەشێوەیەک کە ژیانی مرۆڤ بەردەوام لە مەترسیدابوو، ئیتر چۆن لەگەڵ کۆمەڵە خەباتگێڕ و تێکۆشەرێک کە ژیانیان دەخەنە دەستی قەدەرەوە لەمیانی ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتی زوڵمکەر و ستەمدار؟ هەر لەوکاتانەدا، ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی ساڵانەی (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) دەستیان پێکرد و کۆنگرەکە لە یەکێک لە هۆڵەکانی زانکۆی (بەرلینی ئازاد) لە شاری (بەرلین) دا بەسترا. بەستنی کۆنگرەکە لە کەشوهەوایەکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی و هەروەها مەترسیدار بەڕێوەچوو، چونکە کۆمەڵەکە لەبەر باڕەشی کەرتبوون و دووبەرەکێدا بەهۆی کاردانەوەی نسکۆی شۆڕشی کورد و باری نالەبار و گرژی ناو کوردستان مەترسی هەڵوەشانەوەی لەسەر بوو، بە چەندگفتوگۆیەکی توند لەسەر دروشمەکان کۆنگرە دەستی پێکردو دوو ئاڕاستەی جیاواز لە ناو ئەندامانیدا درووست بوو، یەکەمیان ڕۆڵی سلبیانەی ئەو ئەندامانەی بوو کە لەناو دارو پەردووی شۆڕشەوە هاتبوونەوەو ڕای ئەندامانی کۆنگرەیان بە ڕێگە لاوەکیەکاندا دەبرد ( هەندێ لەمانە تا ئەمڕۆش لە ژیانی سیاسیانەی هەرێمی کوردستاندا پێشەنگن ولە بنکە هەستەوەریەکانیدان) ، هەر بۆیە هێڵەکانی کۆنگرە پێکەوە نەدەبەسترایەوە تائاکام هەندێ لەوانە کشانەوەو دواتر کۆمەڵەیەکی تایبەت بە ئایدیۆلۆژیای خۆیان دامەزراند، ئیتر کۆنگرە درێژەی بە کارەکانی خۆی دا و دانیشتنەکان لەلایەن ئەم کادرانەوە سەرپەرشتی دەکران (د. ڕۆژ نووری شاوەیس، د. محەمەدساڵح جومعە، د. ناسح غەفوور، د. شێرزاد نەجار) و چەند کادرێکی سەربەخۆ. . تاد، کۆنگرەکە پشتێنەیەکی پتەو بوو بۆ شۆڕش لە کوردستان و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەرخودان لە شاخەکانی کوردستان دەربڕی، هەر لە دوای تەواوبوونی کۆنگرەو لە مانگی ئابی ساڵی 1976 یەکەمین کۆنفرانسی (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە دوای نسکۆوە و لە بەرلینی خۆراوا سازدرا، تێیدا هۆکارەکانی نسکۆ و باری گشتی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و پەرەپێدانی ڕێکخستنەوەی حزبی باس کران، کۆنگرە لەسەر نەخشەی ڕێگەی ڕزگاریخوازانەی کوردی ڕێککەوتن و ڕێبازی چەکدارانەش چەسپێنرا کە پێشتریش لە لایەن شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخوازەوە وەکوو ڕێگەیەکی تازە بۆ کاری خەباتگێڕی بڕیاری لەسەر درابوو، هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی هەڵبژێردران، هەندێک ناوەکانیان بەئاشکراو هەندێکیش بەنهێنی ناوەکانیان پارێزران.
بەم شێوەیە هەموو کەموکووڕییەکانی کە لەسەرکردایەتی کاتی هەبوو چارەسەرکران، لەناو سەرکردایەتیشدا کۆمەڵێک خەباتگێڕ دەنگیان پێدرا لەوانە سەرۆک مەسعود بارزانی، شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی، شەهید سامی عەبدولرەحمان، #جەوهەر نامیق#، محەمەد ڕەزا، عارف تەیفوور، وریا کاتژمێری، فازیل جەلال، عەبدولڕەحمان بێداوی، دکتۆر کەمال کەرکووکی) ئینجا بۆ لقی ئەوروپای پارتیش محەمەد ڕەزای تێکۆشەر هەڵبژێردرا تاکو بەرپرسیارێتی لقەکە لە بەرلینی ڕۆژاوا بۆ ڤییەننا بگوازێتەوە، لەوێ پەیکەربەندی ڕێکخستنی حزبی لەسەر بناغەیەکی نوێ داڕێژێتەوە، شیاوی وتنە وێڕای ئەو هەموو پیلانە موخابەراتییانەی ئێڕاق کەبۆ جووڵانەوەو چالاکییەکانی لە ئارادا بوون ئەو لقەی ئەوروپا چالاک بوو. .
ئەم سەرەتایانە لە حەقیقەتدا بووژانەوەیەک بوو بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بەپێی بنەما تازەکانی پەرەسەندنی شۆڕش لە بزافەکانی ڕزگاریخوازی جیهانیدا، کە هاوبەند بوو بەتێکۆشانی میللەتانی تینوو بە ئازادی. خەباتگێڕانی پێشەنگ لەشۆڕشی گوڵان دا چەندین سەروەریی بە بایەخیان لە تێکۆشان پێشکەش کردوو سەلماندیان کە زیندوویەتی نەتەوە لەبەرانبەر ستەمکاریدا دانامرکێت، لە قۆناغێکدا بەربەستی بێتەڕێ بۆ دامرکانەوەی لە قۆناغێکی تردا دەگەشێتەوە، ئەم شۆڕشە گوزارشتی لە ڕەهەندێکی ستراتیژی دەکرد، کاتێک ڕایگەیاند تێکۆشان لەپێناو سەرکەوتندا پشوودرێژی دەوێت، لە ڕاستیدا خەبات و تێکۆشانی شۆڕشی گوڵان ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەرهەمی بەپێز و زیندوو کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەستکەوتی ئەو بەرهەمانەی ئێستای بۆ میللەتی کورد بەدیهانی، ئەم دەسکەوتانە پێویستیان بە هاوکاریکردنی یەکتر و پشت بەیەک بەستن هەیە، تاکوو بپارێزرێن و بەئاسانی لەدەست دەرنەچن. [1]