ناونیشانی بابەت: لەکێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاستی ئێڕاق کێڵگەی (الاحدب)
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لەچوارچێوەی هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی ئێڕاق و کومپانیە بیانییەکان بۆپەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێڕاق لە مانگی ئابی 2008 حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی ئێڕاق گرێبەستێکی خزمەتگوزاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ئیمزا کرد بە بری 3ملیار دۆلار بۆ بوژاندنەوە و گەشەدان بە کێڵگەی (الاحدب) کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای (واست) . پێشتر لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا لە ساڵی 1997 ئەم گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ئیمزا کرابوو بۆ ماوەی 23 ساڵ بەڵام بەهۆی سزا ئابوورىیەکانی ئەوسای سەر ئێڕاق کاری پێنەکرا.
بەپێی ئەم گرێبەستە نوێیە ئەو کۆمپانیە چینییە بەرهەمی کێڵگەکە دەگەیەنێتە 155 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لەسەرەتادا بەرانبەر دەرهێنانى هەر بەرمیلێک نەوت 6 دۆلار وەردەگرێت، بە تێپەربوونى کات دائەبەزێتە سەر 3 دۆلار (لە ئێڕاق تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت لە 2 دۆلار تێپەر ناکات) .
بۆ زیاتر ئاشنابوونی خوێنەری کورد بەو کێڵگەیە وا لە خوارەوە هەندێ زانیاری زانستی دەخەینە ڕوو:
ستراکچەر (structure) ی (الاحدب) لە ساڵی 1977 لەپڕۆسەیەکی ڕووپێوکردندا لەلایەن تیمیکی ڕۆمانیەوە دۆزرایەوە. لە ڕێکەوتی 29-09-1979 کۆمپانیای (لیمیکس) ی ئەڵمانی یەکەم بیریان تێدا هەڵکەند تا قووڵایی 4057مەتر. لە ساڵانی 1981-1985 شەش بیری تریشیان هەڵکەند کە سەرەنجام ژمارەیان بووبە حەوت بیر .
درێژى کێڵگەکە 25 کیلۆمەترە و دەکەوێتە دوورى 20 کیلۆمەتر لە باکوورى خۆراوای شاری کوتەوە. بەپێی زانیارییە جیۆلۆجییەکان ئەم کێڵگەیە لە دوو dom (قبە) پێک دێت دۆمی باکوور و باشوور کە لە سیفاتەکانیاندا جیاوازن، دۆمی باشوووریان نەوتى زیاتر تێدایە و لەچەند) (formation) ێک نەوت هەیە، هەر چی دۆمی باکوورە تەنیا لە یەک (formation) نەوت دۆزراوەتەوە .api دۆمى باشوور 22 بەڵام دۆمی باکوور 29 واتە نەوتەکەى سووکترە.
لەسەرەتادا جیۆلۆجییەکان لە هەندێک پشکنین (test) دا وایان باوەربوو کە بەرهەمى هەر بیرێک لە هەزار بەرمیل تێپەر ناکات بەڵام دواتر گەیشتنە ئەو ڕاستی یەی کە بەرهەمى تاقە بیرێک نزیکەى 3 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.
بەپێی ئەو تۆژینەوانەی ئەوکاتە ئەنجام دراون کێڵگەی (الاحدب) 331 ملیون تەن نەوتی تێدایە، هەروەها یەکێک لە خاڵە نیگەتیڤەکانی ئەو کێڵگەیە بوونی ئاوە بەرێژەیەکى بەرز کە دەکاتە 70.
[1]