ناونیشانی بابەت: دیمەنی نەوازەی ئەشکەوتی سێدەری
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەرنزێر ناوچەیەکی سرووشتی و سەرنجڕاکێشە، دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی #مێرگەسۆر#، لە شوێنەکەدا ئەشکەوتێکی سێ دەرگا هەیە، بەمەش ناونراوە سێدەر، جیاوازە لە ئەشکەوتە سرووشتییەکانی دیکەی ناوچەکە، دیمەنێکی ناوازە و قەبارەیەکی گەورە و سەرنجڕاکێشی هەیە.
سۆران ئەمیر بەڕێوەبەری شوێنەواری شارۆچکەی مێرگەسۆر، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند، لە سنوورەکەمان چەندین ئەشکەوت و ناوچەی شوێنەواریی گرنگ و سەرنجڕاکێش هەن، یەکێک لەو شوێنانەش بریتییە لە بەرنزێر، کە ناوچەیەکی سرووشتی و سەرنجڕاکێشە و بەدووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ئەشکەوتی شانەدەر لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لە ناوچەکەدا دوو ئەشکەوتی گەورەی لێیە، کە بە سێدەر ناو دەبردرێن.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ناوچەکەدا ئەشکەوتێکی لێیە، کە سێ دەرگای هەیە، یەکێکیان لە باکوورە و ڕووی لە ئەشکەوتی شانەدرە، ئەوەی دیکەیان لە باشوورە و دەرگایەکەی دیکەیشی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە لەلای دەرگای باشوور، بەمەش ئەشکەوتەکە ناونراوە سێدەر، نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە زێی گەورە دوورە، دیمەنەکانی سێدەر سەرنجڕاکیش و جوانن، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەدرێژایی ژیانی مرۆڤایەتی وەک پەناگەیەک بەکار هاتوون بۆ ژیان و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات.
بەڕێوەبەری شوێنەواری شارۆچکەی مێرگەسۆر وتیشی: ''ئەشکەوتی سێدەر جیاوازە لەو ئەشکەوتە سرووشتییانەی، کە لە ناوچەکەدا هەن، بەهۆی قەبارەی گەورەی ئەشکەوتەکە و هەبوونی سێ دەرگای سەرەکی بەرەو ڕۆژهەڵات و باکووری ئەشکەوتی شانەدەر و دەرگایەکی بچووک لە دیوی کۆتایی ئەشکەوتەکە، کە نزیکەی نیومەترێک بڵندە و پانییەکەیشی دوو مەترە و لەسەر زگ بەرەو دواوە مرۆڤ لێوەی دەچێتە ژوورەوە، ئەوکات دەچێتە دیوی ژوورەوەی ئەشکەوتەکەوە، کە زۆر فراوان و گەورەیە.''
ئەو بەڕێوەبەرەی شوێنەوار ئاماژەی بەوەش کرد: پێویستە لێکۆڵێنەوەی زیاتر لەم شوێنە گرنگە بکرێت، چونکە بەهۆی سرووشتی ناوچەکە و نزیکیی لە ئەشکەوتی شانەدەر، کە مرۆڤی نیاندەرتاڵی لێ ژیاوە و بەدرێژایی ژیان پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤ و بەهۆی نزیکیشی لە زێی گەورە و شوێنەواری زەڤیا چەمێ، دەکرێ سێدەرە بکرێتە ناوچەیەکی شوێنەواری و گەشتیاریی گرنگ لە ناوچەکەدا.
سۆران ئەمیر بەڕێوەبەری شوێنەواری شارۆچکەی مێرگەسۆر، ئاشکراشی دەکات، ئەو ئەشکەوت و ناوچە شوێنەوارانەی لە سنوورەکەیان هەن، پلانیان بۆیان هەیە، کە لەداهاتوودا لێکۆڵینەوە و کنین و پشکنینیان تێدابکەن.[1]