ناونیشانی بابەت: کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لەسەر درووستبوونی کیسی گورچیلە
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
کیسی گورچیلە بریتییە لەو کیسانەی کەلەسەر گورچیلە یان ناوەوەی درووست دەبن ، هەندێک جار لە یەک گورچیلەو هەندێ جاریش لە هەردوو گورچیلەکەدا درووستەبن.
ژمارەی کیسەکان یەکدانە یا زیاترە ، شێوەیان هێلکەیی یا خڕەو شلەیان تیا کۆئەبێتەوەو کە ڕەنگی ڕوونەو هەندێ جاریش لێڵە.
هۆکارەکەی تا ئێستا بە ڕوونی دیار نییە ، بەڵام توێژینەوەییەک دەڵێت بەهۆی لاوازبوونی بەرگی دەرەوەی گورچیلە ، پێکهاتەیەکی شێوە گیرفانی درووستەبێت و شلەی تیا کۆئەبێتەوەو ئەبنە کیس.
ئەگەر کیسەکە بچووک بوو نەخۆش هەست بە هیچ نیشانەیەک ناکات بەڵام گەر لە حەدی خۆی گەورەبوون دەبنە هۆی ئازاری بەهێزی پشت و کەلەکان ، تا ، ئازاری بەشی سەرەوەی سک.
درووستبوونی کیسی گورچیلە لە پیاواندا زیاترە بە بەراورد بە خانمان.
ئەگەر ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت کۆمەڵێک لێکەوتی خراپی لێ دەکەوێتەوە وەک:-
1-هەووکردنی کیسەکان و ئەبێتە هۆی ئازاری بەهێزو تا.
2-تەقینی کیسەکان کە ئەبنە هۆی ئازار و بوونخوێن لە میزدا.
3-ئاوسانی گورچیلەکان.
چارەسەرەکەی بریتییە لە لابردنی کیسەکان لە ڕێگەی نەشتەرگەری. [1]