سەرکردایەتیی یەکێتی و پەندوەرنەگرتن لە مێژوو
عارف قوربانی
هەرچەندە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی بە قەبارە بچووکە، شێوەی حوکمڕانییەکەی و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی بەپێی یاسا و ڕێسا باوەکان چەسپاونین. کیانێکی بەهێز و لەسەرپێوەستاوی نییە، نە خاوەنی ئابوورییەکی سەقامگیر و نە هێزێکی چەکداری بەدیسپیلینی هەیە، بەڵام بۆ هەلومەرجێکی وەک ئەم سەردەمەی جیهان و هەندێ هاوکێشەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بایەخێکی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتری وەرگرتووە. بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێی کوردستان، دۆستی ئەو سیستمە جیهانییە نین، کە ئەمڕۆ سەرکردایەتیی جیهان دەکات، ئەمەش شانسێکی زۆری بۆ پێگە جوگرافییەکەی کوردستان ڕەخساندووە، کە زیاتر چاوی ئومێدیان لەسەربێت.
لەم دید و تێڕوانینەوه، سیستمە جیهانییەکە کە ئەمریکا و ئەوروپا بەڕێوەی دەبەن، وەک جۆرێک لە خاوەندارێتیی کوردستان دەستیان خستووەتە پشتی قەوارە کوردییەکەوە. نکۆڵی لە و ڕاستییەش ناکرێت، کە هەر ئەوان ئەندازیاری درووستکردنین و هەر ئەوانیش ئەم سێ دەیەیە پاراستویانە، ئەگینا نەک 30 ساڵ، بەڵکوو 3 ساڵ بەرگەی کێشە ناوخۆییەکانی و 3 مانگیش بەرگەی ململانێی وڵاتە هەرێمایەتییەکانی نەدەگرت. هەموو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش ئەم ڕاستییە دەزانن، بۆیە سەرباری شێوازی جۆراوجۆری دوژمنایەتیکردنی ئەم قەوارە کوردییە، بەڵام خۆیان لە شەڕی ڕاستەوخۆی پاراستووە.
هەرکاتێکیش مەترسیی ڕاستەقینە کەوتبێتە سەر ئەم جوگرافیایە، ئەمریکا و ئەوروپا دەستوەردانی ڕاستەوخۆیان هەبووە. جیا لە هەر ئامادەگییەکیان، لەناوبردنی (ئەنسار ئیسلام و جوندل ئیسلام) هەروەها هاتنی #داعش#، ئەمەی سەلماندووە، کە ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا نەبووان، دەبوو تائێستاش منداڵی خەڵک لە چیاکانی هەورامان بەکوشت بدرایە لە شەڕی ئەنسار. لە سەرهەڵدانی داعشیشدا دوای ئەوەی بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی کەوتە دەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و ئاڕاستەی شەڕی داعشیان بۆ کوردستان گۆڕی، ئەگەر ڕۆژاواییەکان نەبووان هەرێمی کوردستانیش بەدەردی ناوچە سونییەکانی ئێراق دەچوو.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ڕۆژاواییەکان بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئایا عاشقی بەژن و باڵا و شان و شەوکەت و چاو و ئەبرۆی کورد بوونە؟ سەرسامن بە مرۆڤدۆستیی کورد و سیستمی حوکمڕانیی کوردستان؟ پێیان وایە کێڵگەیەکە و دەکرێت تۆوی دیموکراسی تێدا بڕوێنن؟ بێگومان نەخێر، وەڵامە ئاسانەکە ئەمەیە، لەبەر ئەوەی کاریان بە کورد و بە جوگرافیاکەی کوردستانە.
ئەوانەی لە کوردستان سیاسەت دەکەن و ئەوانەشی کوردستان بەڕێوەدەبەن، پێویستە لە هەموو کەس باشتر ئەم ڕاستییانە بزانن.
دەبێت ئەو هێڵە سوورە نادیارانەش ببینن، کە ئەمریکا و ئەوروپا کێشاویانە و ڕێگەنادەن ببەزێندرێن. خۆ ئەگەر ئیدراکی سیاسی و دونیابینیشیان بەشی ئەوە ناکات ئەو نادیارانەی پێبخوێننەوە، دەتوانن کەڵک لە ڕووداوەکانی مێژوو وەرگرن.
هیچ نهێنی و شاراوەییەک لەوەدا نەماوەتەوه، کە ئەمریکا و ئەوروپییەکان کوردستان وەک بەشێک لە بەرەی خۆیان دەبینن، دەشیانەوێت لەکاتی پێویستدا جوگرافیاکە و توانای کوردیش بخەنە خزمەتی پڕۆژە ستراتیژییەکانی خۆیانەوە، جا ئیتر ئەگەر پێویستییەکە بریتیی بێت لە بەکاربردنی کێشەی کورد لە ململانێیەکانی ناوچەکەدا، یاخود هەر جۆر و شێوازێکی دیکەی بەکاربردن بێت.
لە ئێستای کێشەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیادا، بەهۆی ئەو گەمارۆ و گوشارە ئابوورییانەی خراونەتە سەر ڕووسیا، ئەمریکا دەیەوێت کوردستانیش شانبەشانی ئەو وڵاتانەی دیکەی دۆستی ئەمریکا، بەشداربن لە پڕکردنەوەی پێویستیی ئەوروپا لە دابینکردنی گازی سرووشتی.
لەبەرانبەر ئەمەدا ڕووسیا و ئێرانیش وەک دژبەرێکی ئەمریکا و ئەوروپا دەیانەوێت ڕێگە لەوە بگرن کوردستان بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بێت. بۆ ئەمەش بە حوکمی جوگرافیا و وابەستەیی سیاسی، لەبەر ئەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کەوتووەتە #چەمچەماڵ#ەوە و بەشێکە لە و زۆنە سیاسییەی یەکێتیی نیشتمانی بەڕێوەی دەبات، بۆیە دەیانەوێت یەکێتی ڕێگریی بکات بۆ گەیاندنی گازی کوردستان بە جیهان.
ئەوەی جێی تێڕامانە یەکێتیش بە ئاسانی چووەتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوه، کە ئێران لێی دەخوازێت و چەندجارێک لەسەر ئاستی باڵای بڕیاربەدەستانی یەکێتی ئەوە دووپاتکراوەتەوه، کە ڕێگەنادەن گازی کوردستان ئێستا بنێردرێتە دەرەوە. لەوەش زیاتر ئەو چەندجارەی بە مووشەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر درا کە ئەوکات لە میدیاکان وابڵاوکرایەوە ئێران یاخود گرووپەکانی سەر بە #حەشدی شەعبی#ن، ئێستا ناوەندە هەواڵگرییە ئەمریکی و ئەوروپییەکان پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپ و دەستەی ناو یەکێتی درێژ دەکەن.
هەرچەندە سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی پێناچێت ئیدراکی سیاسی ئەوەیان هەبێت لە و شتانە بکۆڵنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییانە بکەن، بەڵام پێویستە بەئاگا بهێنرێنەوە لەوەی بە ڕێگەیەکی هەڵەدا دەڕۆن، چونکە ناکرێت هەر جارێک بەهۆی جۆرێک سیاسەتی هەڵەی حیزبەکانەوە، میللەت باجەکەی بدات و پەند لە هەڵەکان وەرنەگرن و بەردەوام چەندبارەی بکەنەوە. هەروەک ناشکرێ بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕەتکردنەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک چاوت لە دەستی ئەمریکا و ئەوروپا بێت، بۆ وەرگرتنی چەک و کۆمەکی سەربازی خۆت بە دۆستیان بزانی، پارەیان لێوەرگریت بۆ پێشمەرگە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، لەم لایەنەوە خۆت لەبەرەی ڕۆژاوا ببینیتەوە، بەڵام کە گەیشتە خاڵێک بەلای ئەوانەوە جێی بایەخ و گرنگ بێت، تۆ بکەویتە سەنگەر و بەرەی نەیارەکانیانەوە.
دوو ڕووداو هەن لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیدا پێویست بوو نەوە لەدوای نەوە وەک ئەڵقە لە گوێی بکەن و هیچ کات بیریان نەچێتەوە کەچی زیانێکیان لە یەکێتی داوە، یەکەمیان جوگرافیای یەکێتی بچووک کردەوە و دووەمیان جەماوەر و نفوزی یەکێتی هێنایە نیوە. ئەوانیش ڕووداوی 31ی ئاب و جیابوونەوەی #نەوشیروان مستەفا#یە لە یەکێتی.
ئێستا یەکێتی سەرلەنوێ لەناو ئەزموونکردنەوەی هەردوو ڕووداوەکەیه، بەڵام لە ڕووی زەمەنییەوە بە هەڵگەڕاوەیی واتا ئەگەر پێشتر یەکەمجار جوگرافیاکەی بچووک کرایەوە و دواتر نفوز و جەماوەرەکەی، ئێستا بەهۆی ڕووداوەکانی 8ی تەممووز و دواترییەوە هەمان سیناریۆی سەرهەڵدانی #بزووتنەوەی گۆڕان# خۆی دووبارە دەکاتەوە، سبەی ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەگەر نیوەی زیاتری دەنگەکانی یەکێتی بۆ لاهوور جەنگی نەچن، کەمتر لە نیوەی نابات.
ئەگەر سیاسەتەکەیان نەگۆڕن، ئەوەی وەک مەترسی و هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراویش دێتە بەردەم جوگرافیاکەی یەکێتی، پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی یەکێتییەوە هەیە لەسەر گازی کوردستان. خۆیەکلاکردنەوەی یەکێتی بە و ڕەهایەی کە ئەمریکی و ئەوروپییەکان وەک بەشێکی وابەستە بە سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ململانێ و هاوکێشەکانی ناوچەکە لێی بڕوانن، بێشک بەبێ باج تێناپەڕێت. بەمە دەگوترێت پەندوەرنەگرتن لە مێژوو.
یەکێتی دیارە هیچ پەندێکی لە 31ی ئاب وەرنەگرتووه، کە ناوەندی بڕیار و پایتەختی بەڕێوەبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەستی یەکێتی دەرکرا، چونکە تائێستا خوێندنەوەی یەکێتی بۆ ئەو ڕووداوە لەوە تێنەپەڕیوە کە پارتی خیانەتی کرد و دەبابەی #بەعس#ی هێنایە سەر پەڕڵەمان. لەکاتێکدا دەبوو یەکێتی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دیوەشی بکات چۆن و بۆچی ئەمریکا و ئەوروپا ڕێگەیاندا سوپای ئێراق هێڵی 36 ببەزێنێت و هێز بێنێتە سەر #هەولێر#؟ هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ ئەوە نەبوو ئەی سەدام چۆن ڕازی بوو بێت هەولێر لە دەستی یەکێتی دەربکات و بگەڕێتەوە بۆ بەغدا؟
ساڵانێک پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، زۆرمان بە سەرکردایەتیی ئەوکاتی یەکێتیمان دەگوت، کە ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردنی سیاسی و ئیداریی #کەرکووک#، دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کەرکووک لە دەستی کورد دەردەهێندرێت. بەگوێیان نەکردین و لە 16-10-2017 بەری ئەوەیان چنییەوە کە چاندبوویان.
بۆ ئێستاش دەبێت وەک هاواری پێشوەختە بەگوێیاندا بدەین ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتیی یەکێتی بەتایبەت پەیوەست بە گازی کوردستان، ئەنجامەکەی ڕوونە چەمچەماڵیش لە دەستی یەکێتی دەردەهێندرێت و دەربەندی بازیان دەبێتە دوا وێستگەی دەسەڵاتەکەی. [1]