$دۆزینەوەی نەوت لە باکووری کوردستان و مەترسییەکانی لەسەر کێشەی کورد$
#عارف قوربانی#
لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەرەی هاوپەیمانان لە هەردوو رێککەوتنی سیڤەر 1920 و لۆزان 1923 سزا و مەرجێکی زۆریان بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام لە هیچ دەقێکی ئەو دوو ڕێککەوتنەدا هیچ بەند و بڕگەیەکی تێدا نییە ڕێگری ئەوەی لە تورکیا کردبێت، کە تاوەکو ماوەی 100 ساڵ مافی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنانی نەبێت لە سنوورەکانی دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەی دوای هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی.
نازانم سەرچاوەی ئەو قسەیە لە کوێوە هاتووه، کە هەندێجار لە میدیای کوردی و عەرەبی باس لە پەیوەستبوونی تورکیا دەکرێت، کە تاوەکو ساڵی 2023 ئەو مافەی نییە بەدوای نەوتدا بگەڕێت، بەڵام تاوەکو ئەندازەیەک جێی تێڕامانیشە سەدەی ڕابردوو کە سەدەی نەوت بوو، لە تەواوی وڵاتانی دەوروبەری تورکیا دەست بە گەڕان و دۆزینەوەی نەوت کرا، تورکیا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی بۆ ئەم سامانە نەبرد. لە کاتێکدا وەکوو ئەڵقەی بازنەیەک جوگرافیای چواردەوری تورکیا لە جۆرجیا و ئازەربایجانەوە بۆ ئێران و ئێراق و سووریا و تاوەکو قوبرس زۆرترین یەدەگی نەوت و گازی سرووشتیی تیدا دۆزراونەتەوە، لۆژیک نییە لەناو جوگرافیاکەی تورکیادا ئەم سەرچاوانەی وزە نەبن. لە کاتێکدا تورکیا یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی بەکاربەری نەوت و گاز و ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو دەکڕێت بۆ پێویستییە نێوخۆییەکانی.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە چەند مانگێکە تورکیا بە چڕی لە باکووری کوردستان دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای نەوتدا و تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی مێردین و سێرت و جۆلەمێرگ و شرناخ و چەند ناوچەکی دیکەی باکووری کوردستان نەوتیان دۆزیوەتەوە و دەستکراوە بە پڕۆسەکانی هەڵکەندن و دەرهێنانی.
تورکیا دوو ساڵ لەمەوبەر لە دەریای سپی ناوەڕاست دەستیکرد بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی گازی سرووشتی، بەڵام کاردانەوەی هەرێمایەتی و وڵاتانی ئەوروپا، شکستی بە خەونەکەی هێنا. ئێستا لە باکووری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکرد وە، لە ئاستەکانی حکومەت و تەنانەت سەرۆککۆماریش زۆر بە گرنگییەوە سەرنجیان خستووەتە سەر و ئومێدیان لەسەر ئەوە درووستکردووە لە ئاییندەی نزیکدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەتان هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکەنەوە.
ئەم بابەتە بۆ گەلی کورد پرسێکی دوولایەنەیە، چەند گرنگە لەناو خاکی کوردستان سامان و سەرچاوە کانزاییەکان بدۆزرێنەوە و پەرە بە ژێرخانی ئابووری بدرێت، لە هەلومەرجێکدا کە هێشتا کورد خۆی فەرمانڕەوای ئەو جوگرافیایە نەبێت، دوو هێندە مەترسیدارە، چونکە ڕەفتار و تێڕوانینی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی تورک و عەرەب و فارس بەو جۆرەیە، هەر ناوچەیەکی کوردستان پێگەی ئابووری بەهێزتربێت، لەبری ئەوەی ئەو ژێرخان و پێگە ئابوورییە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئیعتیباری زیاتری بۆ دابنێن، زیاتر خەڵکەکەی دەچەوسێننەوە، دەکەونە دەرکردنی کورد و نیشتەجێکردنی نەتەوەکانی دیکە لەسەر ماڵ و حاڵی کورد. بۆیە بۆ تورکیا لەمە زێدەتر چاوەڕوانکراوە. هەر لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بوونی نەوت لەناو جوگرافیای کوردستان کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی کوردستان هەبووە. لە سەدەی ڕابردووشدا بوونی نەوت لە #کەرکووک# و #خانەقین# یەکێک لە هۆکارەکانی پڕۆسەکانی بەعەرەبکردن و ئەو لێکەوتە داگیرکارییانەی بووە لەسەر باشووری کوردستان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەتایبەتی لە #کرماشان#، نەوت هۆکاری پەرەپێدانی سیاسەتی لە کوردیخستنی شارەکەیە. بۆ تورکیاش سەرباری ئەوەی لە باکووری کوردستان سامانی ئاو بایەخی لە سامانی نەوت زیاتر بووە، بەڵام کە چاوی لەسەر داگیرکردنی ناوچە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستانە تاوەکو موسڵ و کەرکووک، بەهۆی بوونی نەوتەوەیە.
بوونی نەوت لەناو جوگرافیای کوردستان ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە داڕشتنی ستراتیجی داگیرکارییانەی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکە. ڕێگرییەکانی بەردەم هەر چارەسەرێکیش بۆ کێشەی کورد لە ئێراق و ئێران و سووریا بەهۆی نەوتەوە بووە. دۆزینەوەی نەوتیش لەناو جوگرافیای باکووری کوردستان بۆ ئێستا دەبێتە بەڵایەکی دیکە بۆ دۆزی کورد لە و وڵاتە.
هەریەک لە سووریا و ئێراق و ئێران، جگە لە و یەدەگە نەوتییانەی لەناو جوگرافیای کوردستانی بن دەسەڵاتی دەوڵەتەکانیان هەیە، زیاتر لە و ڕێژەیە خاوەنی یەدەگی نەوتین لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکانیاندا. بەڵام چاوی تەماحیان بۆ نەوتی کوردستان ئەو ڕووداوانەی خوڵقاندووە کە لاپەڕەکانی مێژووی بە خوێن سوور کردوون. بۆیە بۆ تورکیایەک کە لانی کەم هێشتا لە شوێنی دیکە یەدەگی نەوت و گازی نەدۆزیوەتەوە، دۆزینەوەی نەوت لە جوگرافیای کوردستان، ستراتیجی داگیرکاریانەی دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی ترسناکتر لەوەی ئێراق و ئێران بەسەر کورد و ئەو ناوچانەی کوردستانیان هێناوە کە کێڵگەی نەوتیان تێدایە.
پێشتریش ڕەوشی کورد لە تورکیا خراپ بوو، بەڵام دۆزینەوەی نەوت بارودۆخی کورد خراپتر دەکات. ئەم سەرچاوەی وزە و سامانە گرنگە نەک نابێتە هۆکاری بووژاندنەوە و ڕەخسانی دەرفەتی کار و درووستکردنی هەلومەرجێک کە مرۆڤەکان خۆشگوزەرانتر بکات، ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ قۆناخێکی تاریکتری پڕۆسەی تەتریک و ئاوارە و دەربەدەرکردنی کورد لە و ناوچانە.
دەبێت ئەو کوردانەی لە باکووری کوردستان خەریکی سیاسەتن بەوردی بیر لەم کێشەیە بکەنەوە. ئەزموونی تاڵی کەرکووک و کرماشان بەباشی ببینن. دەبێت چارەسەری پێشوەختە بدۆزنەوە بۆ پێشهات و لێکەوتەکانی، یان دۆزینەوەی ڕێگایەک کە ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە بگرێت، کە نەوت بەسەر کوردی هێنا لە ئێراق و لە ئێران.[1]