$هەمووتان ژەهراوی بوون$
#عارف قوربانی#
لە هەرێمی کوردستان لە ژیان و باری تەندرووستی هەرکەسێک دەپرسیت؟ پێتدەڵێت باشم، بەڵام فڵانە نەخۆشیم هەیە، یان دەڵێت دایکم یان باوکم، خوشکم یاخود برام تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە. ئەو تووشی شێرپەنجە بووە، ئەوی دیکەیان چەوری لەسەر گورچیلەکانییەتی، فڵان کەس تووشی هەوکردنی جگەر بووە. بەدەگمەن خێزانێک دەبینی ئەندامێک یان زیاتری خێزانەکەیان نەخۆشییەکی درێژخایەتی تووش نەبووبێت. لە میدیاکانیشەوە ڕۆژانە گوێمان له و هەواڵ و ڕاپۆرتانە دەبێت کە بە ئامار باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەکەن. بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر وەک کۆمەڵگەیەکی بچووک کراوە تەماشای هەرێمی کوردستان بکەی، لە نەخۆشخانەیەکی گشتی دەچێت.
ئایا هەر بەڕاستی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن و پرسیار نییە؟ کۆمەڵگەیەکی بچووکی چەند ملیۆنی لەنێو سرووشتێکی (چوار وەرزەی پڕ) کە نە تیشکی هەتاوی کەمە، نە باران. ئەم هەموو نەخۆشییە چییە ڕووی کردووەتە خەڵکەکەی؟ ئایا هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکەی هاوشێوە هەیە بەم شێوەیەی هەرێمی کوردستان خەڵکەکەی گیرۆدەی ئەو هەموو نەخۆشییە جۆراوجۆرە بووبن؟
هەرچەندە هیچ ناوەندێکی زانستی توێژینەوەی لەوبارەوە نەکردووە، یان ئەنجامی پشکنین و کوالێتی مادە خۆراکییە هاوردەکان ئەوەی نەسەلماندووە، بەڵام من بۆ خۆم هیچ گومانم لەوە نییە بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی ئەم نەخۆشیانە لە وڵاتانی ئێران و تورکیاوەیە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی (رووداو) وتارێکم سەبارەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەزۆکی لەنێو ژنان و پیاوانی کوردستان لەژێر ناونیشانی (رێگریی لە نەوەخستنەوە، جینۆسایدێکی بەردەوام) بڵاوکردەوە. لەوێش هۆکارەکەیم گەڕاندبووەوە بۆ ئەو دوو وڵاتە کە لە سۆنگەی دوژمنایەتیان بەرانبەر گەلی کوردستان بەدووری نازانم لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەی هەناردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن، هۆکاربن بۆ ڕێگری لە نەوەخستنەوە. ئێستا گوێم لە هەندێک پزیشکی پسپۆڕ دەبێت کە ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ڕێژەکە بە ئاسایی نابینن و گومانیان بۆ پەیدابووە.
موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە لە نیسانی ساڵی 1958 لە ناوچەکانی باکووری کوردستان جۆرێک گەنم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەسەر خەڵکیدا دابەش کرا، پاش ئەوەی گەنمەکە لە ئاش دەکرایە ئارد و ئاردەکە دەکرایە نان، دوو نەخۆشی بەدوای خۆیدا هێنا، یەکەمیان ئەوەبوو کە زۆر ژن تووشی نەزۆکی بوون، هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان تووشی نەخۆشییەک بوون برینی ڕەشی گەورە لەسەر جەستەیان درووست بوو، هاوشێوەی مەیمون توکیان لێدەڕوا و دەمردن، بەوهۆیەوە ڕێژەیەکی زۆری منداڵ لە ناوچە کوردییەکان لەنێوچوون.
تەماشا بکەن تورکیا شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستا بیری لەوە کردبێتەوە لە ڕێگەی (نان) ەوە، لەلایەک منداڵی کورد بکوژێت و لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگە لەوە بگرێت ژنانی کورد منداڵ بخەنەوە. دەبێت ئێستا توانای زانستیی ئەم وڵاتانە گەیشتبێتە چ ئاستێک و له چ ڕێگەیەکی دیکەوە ژەهر دەرخواردی کورد بدەن و ئێمەش هەر بیرمان بۆی نەچێت؟ بۆ نموونە توانای ئێران و تورکیا لە بەکاربردن و گەشەپێدانی ڤایرۆس و بەکتریا و تەنانەت لە چەکی بایەلۆجی، زۆر گەشەی کردووە.
ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەم دوو وڵاتە لەڕووی ستراتیژییەوە هەر قەوارەیەکی کوردستانی بە دوژمن و مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن. پلانی ڕوون و ئاشکراشیان ڕێگرییە لەهەر لەسەرپێوەستانێکی کورد لە ناوچەکەدا. ئێستا هەرێمی کوردستان به و هەڕەشە و مەترسییە دەبینن کە مانەوە و درێژەکێشانی تەمەنی، دەبێتە ئەمری واقیع بەسەریانەوە. بۆیە دەبێت بەرچاومان ڕوون بێت لەوەی هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ لە پەلوپۆخستنی ئەم قەوارەیە، لەبەرئەوەش کۆنترۆڵی جۆری بۆ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆرزۆر لەپێشە.
ئەوەی بووەتە لەمپەر و ڕێگر لە بەردەم هەر پڕۆسەیەکی خێرا، یان پەلاماردانێکی ڕاستەوخۆی وڵاتانی ناوچەکە بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان، دوو شتە. یەکەمیان سیاسەتی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر نییە بۆ ئەو ئامانجەی ئەم دوو دەوڵەتە. دووەمیشیان پەند وەرگرتنە لە ئەزموونی ڕابردوو. ئەوان دەزانن کە درووستبوونی ئەو هەلومەرجەی هەرێمی کوردستانی تێدا خوڵقا، کۆمەڵکوژییەکانی سەدام بوو بەرانبەر بە گەلی کوردستان لە ئێراق. بۆیە نایانەوێ جارێکی دیکە کیمیایی بکرێت بەسەر شاری هەڵەبجەدا، بەڵام دەیانەوێ لە ڕێگەیەکی دیکەوە ژەهرەکە بکەنە ناو جەستەی هاووڵاتییەکانی هەڵەبجه و هەموو خەڵکی کوردستانەوە، وەک ئەوەی ئێستا تووشی هاتووین. لە هەڵەبجە 5 هەزار کەس شەهید بوو، ئێستا هەموو ساڵێک زیاتر له و ژمارەیە تەنیا بە شێرپەنجە دەمرن.
ئەمڕۆبێت یان سبەی ئەو ڕاستییانە بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیبن یان لە بەڵگه و دیکۆمێنتی ناوەندە هەواڵگرییەکانەوە دەردەکەون کە چۆن لە ڕێگەی ( ڕۆن، ئارد، چپس، شەربەت، هیلکە، کۆلا، دۆشاوی تەماتە، بەروبوومی کشتوکاڵی، ئاو و هەواوە) بە ستراتیژێکی دوورمەودا بە هەزاران کورد کوژراوە. بەڵام هەر بەتەنیا دەوڵەتەکان بەرپرس نین لەم تاوانکارییە، ئەوەی زەوینەی خۆشکردووه و کارئاسانی کردووە کە بەڕێگەیەکی ئاسان و هەرزان کوردی پێ لەناوبەرن، خۆمانین.
دوو شێوازی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، تەواوکەری ئەو ستراتیژە دوژمنکاریانەیە کە لەبەرانبەر کورد گیراونەتەبەر. یەکەمیان ئەو هەلومەرجەیە کە لە دەروازە سنوورییەکان و شێوازی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و ئێران گیراونەتەبەر، کە سەرپەڕەی حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان له و سی ساڵەدا چۆنییەتی بەدەستهێنانی داهات بووە نەک جۆری کاڵاکان، کە بەهۆیەوە کوردستان بووەتە بازاڕێکی بێ چاودێری بۆ بەروبوومی بێکوالێتی و تەنانەت ماوە بەسەرچوویش. هەروەها لەبەر نەبوونی توانای زانستی بۆ پشکنینی ورد، ئەو دەرگایەشی کردووەتەوە بەئاسانی ژەهر دەرخواردی خەڵک بدرێت.
دووەم هۆکاریش ئەو شێوازی مامەڵەکردنانەیە لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکان، پاڵاوگەی خراپ و بەرهەمی خراپی گازی ئۆتۆمبێل و موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان و بەنزینی بێکوالێتی، بە جۆرێک کاریان کردووەتە سەر ژینگەی کوردستان، هیچ دوودڵییەکی ناوێت ئەگەر بتەوێ هەرێمی کوردستان بەناوچەی ژەهراوی ناوبەریت.
ئەوەی هەندێک لە کارەکتەرە سیاسییەکان کاتێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پشکنین دەکەن و دەیکەن بەهەڵا ژەهرخواردکراوین و ڕاستەوخۆ گومانیان بۆ نەیارە سیاسییەکانیان دەچێت لە پشتی ئەو کارەبن، دڵنیابن کەستان ژەهرخوارد نەکراون، بەڵام هەمووشتان جەستەتان پڕە لە ژەهر. هەر هاووڵاتییەکی کوردستان بەریتە تاقیگەیەکی پێشکەوتووی نەخۆشخانەی وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان، لە پشکنینەکانیدا ئەو مادە ژەهراویانە هەن کە ئاماژەن بۆ ژەهرخواردکردنی. ئەو سەرکرده و سیاسیانەی تائێستا نەیانکردووە بەهەڵا کە ژەهریان دراوەتێ، هۆکارەکەی ئەوەیە پشکنینی وردیان نەکردووە.
من دەزانم هەندێک لە بەرپرس و دەسەڵاتداران و تەنانەت هەندێک لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانیش، ئەو خواردن و خواردنەوانەی بەکاری دەهێنن، ئەوانە نین کە له بازاڕەکانی کوردستان هەن. به رێگەی تایبەت و لەژێر چاودێری وردی پشکنینی پزیشکی و بەرهەمی بێ غەلوغەشیان پێدەگات، بەڵام هیچیان دڵنیایی ئەوەیان نییە کە سەلامەت دەبن، چونکە سەرئەنجام ئەوانیش لەناو ژینگەی ژەهراوی هەرێمی کوردستاندان و ئەو ئۆکسجینە هەڵدەمژن کە خۆیان پڕیان کردووە لە ژەهر. بۆیە پێویستە هەڵوەستەیەک بکرێت، بەرپرس و دەسەڵاتداران ڕابچڵەکن لەوەی خۆیان و ئەو میللەتەیان خستووەتە بەردەم چ چارەنووسێکەوە. [1]