$هەستی خۆبەکەمزانینی کورد$
#عارف قوربانی#
زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە بۆچی مرۆڤی کورد خۆی بە بچووک دەزانێت لەبەرانبەر نەتەوەکانی دیکە، ئەم خۆ بەکەمزانینە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە دەوڵەتمان نییە، لەبەر ئەوەیە میللەتێکی چەوساوەین، یا مێژوومان وەک پێویست نەنووسراوەتەوە و شتێک شک نابەین شانازی پێوە بکەین؟ بەدیاریکراوی ناگەمە هۆکارێکی ڕوون، بەڵام دەشێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەستی خۆبەکەمزانینی تاکی کورد، کاریگەریی تێڕوانینی داگیرکەرەکانی بێت لەسەری و لە ڕێی ئەوانەوە گوێزرابێتەوە بۆ ناو کورد. بێگومان هەر یەک لە نەتەوە سەردەستەکانی تورک و عەرەب و فارس کە هەریەکە و بەشێک لە خاک و خەڵکی کوردستانیان داگیرکردووە، بە چاوێکی کەم و بێبایەخ لە مرۆڤی کورد دەڕوانن، ئەم تێڕوانینەی نەتەوە سەردەستەکان، بەپێی کات گواستراوەتەوە بۆ ناخی تاکی کورد، تا خۆیشی خۆی بە بچووک ببینێت.
ئەم خۆبەبچووکزانینە لەبەرانبەر نەتەوەکانی دیکە هێندە باڵای کردووە، سەری کێشاوە بۆ ڕق لە کوردبوون و هەندێکجار لە شێوەی بێگانەپەرستیدا بەرجەستە دەبێت. خەریکە بە ئەندازەیەک گەشە دەکات کە تەنیا لە ناخ و ئەندێشەی تاکەکانیشدا قەتیس نەخوات، بەڵکوو لە نووسین و بەرهەمی بەشێک لە نوخبەی ڕۆشنبیر و نووسەرانیشدا ڕەنگیداوەتەوە. هەموو شتێکی کورد ڕەتدەکەنەوە، باشترینی کوردیان پێ کەمترە لە خراپترینی گەلانی دیکە. لەکاتێکدا کورد لە هەموو ڕوویێکەوە زۆری بەسەر نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەرانی کوردستانەوە هەیە.
ئەم هەستە گەیشتووەتە ئاستێک تەنانەت لای بەشێک لە نووسەر و مێژوونووسانیش کورد وەک بوونەوەرێکی دەرەوەی مێژوو دەبینن، لە کاتێکدا کورد نەک هەر بەشێکی گرنگە لە مێژووی مرۆڤایەتی، بەڵکوو خاوەنی شارستانییەتی سۆمەرین، کە سەرچاوەی شارستانییەتی هەموو مرۆڤایەتییە. کورد خاوەنی چیرۆکی ئادەم و حەوایە، پێش ئەوەی لە پەڕتووکە ئاسمانییەکاندا بگێڕدرێتەوە، خاوەنی نوح و ئیبراهیم باوکی پێغەمبەرانین، وەک فەزڵ و شانازی بە کوردبوونەوە ناکەن، ئەم خۆ بەبچووک بینینەی لەپای چی.
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم کورد لەسەرووی هەموو گەل و نەتەوەکانی دیکەوەیە. وڵاتگەلی زۆر گەڕاوم، گەل و نەتەوە و ئایینزای جۆراوجۆرم بینیوە، بە ڕەهایی دەتوانم بڵێم کورد وەک نەتەوە لە هەموویان مرۆڤدۆستترە. ئەوەی لە مێژوودا بەسەر کورددا هاتووە بەسەر هەر گەل و نەتەوەیەکی دیکەدا بهاتایا، یا بەرگەی نەدەگرت و شوێنەواری نەدەما، ئەگەر بمایا دەبووە تووندڕۆترین نەتەوەکانی سەر زەوی، ڕقی لە هەموو مرۆڤایەتی و تەنانەت لە سرووشتیش دەبووەوە. بەڵام کورد سەرباری ئەوەی هەزاران ساڵە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، هەر دەسەڵاتدار و هێزێک ڕوویکردبێتە ناوچەکەی، یا لە ناوچەکە سەری هەڵدابێت بەسەر لاشە و خوێنی کورددا ڕۆیشتووە. کەچی کورد هیچ ڕق و کینەیەکی لەدڵدا هەڵنەگرتووە، کورد ڕقی لە کەس نییە.
تورک کە وەک نامۆیەک بە ناوچەکە کە هاتوون بەشێک لە خاکی کوردیان بردووە. عەرەب بەشێک لە خاک و دینەکەی کوردی بردووە. فارس بەشێک لە خاک و زمان و فەرهەنگ و کولتووری کوردی بردووە. بەدرێژایی سەدان ساڵی تەمەنی فەرمانڕەوایی خەلافەتەکانی عەرەبی و عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی سەفەوی، کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە. 100 ساڵیشە لەدوای سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوە وە بە دیاریکراوی دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکانی تورک و عەرەب و فارس، سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی بەرانبەر بە کورد پەیڕە و دەکەن، کورد هەر دەستی برایەتیان بۆ درێژ دەکات. لە کوێی دونیادا نەتەوەی لێبووردەی لەم شێوەیە هەیە.
هەموو ئەو وڵاتانەی زۆر دامەزراون، ئەو میللەتانەی زۆر پێشکەوتوون، ئەگەر زەبروزەنگی یاسا تەنیا یەک مانگ لەناویان هەڵگریت، وەک گەلێکی بەربەری دەبنە خۆرەی یەکدی. ئێستاش کە یاسا وەک تەونی جاڵجاڵۆکە هەموو ژیانیانی تەنیوە، تەماشا بکەن تاوانگەلی چەند قێزەون لەناویاندا ڕوودەدات. لە کاتێکدا دەوڵەتانی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بەردەوام بەپلان هەوڵیانداوە کولتوور و دابوونەریتی کورد بشێوێنن، یاسا و دەسەڵاتیان خستووەتە خزمەتی درووستکردنی کێشە و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و هەوڵی نەهێشتنی بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی کوردی تاوەکو ئەندازەیەکی زۆر دەستی گرتووە بە دابوونەریت و بەها بەرزەکانی خۆیەوە. ڕێز و خۆشەویستی، سۆز و بەزەیی، کۆمەڵێک خەسڵەت و بەهای بەرزی مرۆیی لەناو کوردا هەن، لەناو کەم میللەتی دونیادا دەیانبینیت. ئیدی بۆچی کورد خۆی بەکەم دەزانێت لەبەرانبەر ئەوانی دی؟
ئەگەر هۆکارەکە ئەوەیە دەوڵەتمان نییە، کە هەندێک لە نووسەران و توێژەران بێ خۆماندووکردن بەدوای هۆکارەکاندا، تەنیا بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە کورد سەرکردەی نەبووە بۆیە نەبووەتە دەوڵەت، بەڵام لە مێژووی هاوزەمانی درووستبوونی دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەگەر سەرکردە و ڕابەرانی ئەوکاتی کورد لە نەتەوەکانی دیکە کارامەتر و لێهاتووتر نەبووبن، لەوان کەمتر نەبوونە. ئەگەر زۆر نەشگەڕێینەوە بۆ ناو قووڵایی مێژوو، نموونەی بەراوردکاریی 100 ساڵی ڕابردووی نێوان ڕابەر و سەرکردەکانی کورد بکەین، بە سەرکردەکانی تورک و عەرەب و فارس، کورد زۆر لەوان کارامەتر و کاریزمیتر بوون.
لەناو هەموو نەتەوەی تورکدا لە ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان، سەرکردەی کاریزمی هاوشێوەی شێخ سەعیدی پیران و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدی ناکرێت. لەناو گەلانی ئێراندا لە ڕەزا شاوە تا عەمامە بەسەرەکانی ئەمڕۆ، سەرکردەیەکی هاوشێوەی قازی محەمەد و قاسملۆ نادۆزیتەوە. نەک هەر لەناو عەرەبەکانی ئێراقدا، بەڵکوو لەناو عەرەبی ناوچەکەش هاوشێوەی شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بوونی نەبووە. لە ئێراقیشدا لە مەلیکەوە تا مالکی، کەسانی وەک مام جەلال و کاک مەسعود شک نابەیت. لەناو هەموو سەرکردەکانی عەرەبدا خوێندەوارێکی هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا بوونی نەبووە. هەموو ئەوانەی ئێستا ئێران بەڕێوە دەبەن، ناگەن بە باڵای عەبدوڵڵای حەسەن زادە. هیچ لەوە تێناگەم بۆچی هادی عامری بە باڵاتر دەبینن لە محەمەدی حاجی مەحموود، بۆچی پێیان وایە موقتەدا سەدر گرنگترە لە شاسوار عەبدولواحید؟ بۆچی بە چاوێکی کەمتر دەڕواننە شەهید مەلا عەلی وەک لە هاوڕێ فەهد؟
ئەمە لە هەموو بوارەکانی دیکەدا هەروایە. مەحوی ئەگەر لە سەرووی حافزەوە نەبێت، لە و کەمتر نەبووە، یەڵماز گۆنای نەک کەمتر نەبووە لە سینەماکارانی تورک، ڕەنگە بۆ هەمیشە لەناو تورکاندا کەسێکی هاوشێوەی گۆنای هەڵنەکەوێت.
درێژەکێشانی و گواستنەوەی ئەم هەستە لاوازە بۆ نەوەکانی داهاتوو وادەکات هەستی خۆخاوەنی لەناو کورددا نەمێنێ و بۆ هەمیشە بەژێردەستەیی بمێنێتەوە. پێویستە کورد ئەم هەستی خۆبەکەمزانین و بەباڵابینینەی ئەوانی دیکە لە ناخی خۆیدا بکوژێت، ئەرکی ناوەندە پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و دامەزراوە زانستییەکانە هەستی خۆبەکەمزانینی تاکی کورد بگۆڕن بۆ هەستی شانازیکردن بە کوردبوونەوە. ئەوەش تاکە ڕێگەیە بۆ مانەوەی کورد لە نیشتمانەکەی خۆی. [1]