$هەڵبژاردن وەکوو شوێنگرەوەی کودەتا$
#عارف قوربانی#
هەڵە نییە ئەگەر بووترێت ئێراق یەکەمین وڵاتە لەسەر گۆی زەویی، هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، بەڵام حکومەت لەسەر بنەمای هەڵبژاردن پێکناهێنێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە دوای 100 ساڵ لە بەزۆر پێکەوەلکاندنی سێ پێکهاتەی (کورد و عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە) نەتوانراوە هاووڵاتیی ئێراقی درووستبکرێت. هیچ ئاسۆیەکیش نییە لە داهاتوودا ئەمە ڕووبدات، ئەوەی هەیە ئەو مافیقەتەیە کە لە ئێراق سێ پێکهاتەی جیاوازی پێکەوە نەگونجاو هەن. ئەمەش ئێراقی مەحکومی ئەوە کردووە یان دەبێت بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە حوکم بکرێت، یان بەدوای سازانی پێکهاتەکانەوە بێت لەسەر حسابی پێشێلکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن. لەم حاڵەتەشدا لە ناچونیەکی و ناکۆکییەوە بۆ سازان، ڕێگە بۆ ئەوە دەکاتەوە خەڵکی دیکە لە پشتی هەریەک لەم سێ پێکهاتەیەوە بەردەوام دەستیان لە هەناوی ئێراقدا بێت. بوونی هەر دەستێکی دەرەکییش بۆ گەڕانە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا نەک ئێراقییەکان، ئەگەری بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی خاوەن دەستەکانیش وا دەکات ئەم وڵاتە هیچکات ئۆقرەیی بەخۆیەوە نەبینێت.
هەریەک لەم پێکهاتە جیاوازانە لە سنوور و جوگرافیایەکی جیاوازدان لەوانی دی، کورد وەکوو پێکهاتەیەکی نەتەوەیی جیاواز لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەژین کە نیشتمانی کوردستانە. عەرەبی شیعە کە زۆرینەی ڕێژەی دانیشتووانی ئێراق پێکدەهێنن لە چەند پارێزگایەکی جوگرافیایەکی دیاریکراو نیشتەجێن کە بە ناوچەی شیعە ناسراوە. سونەکانیش سەرەڕای 80 ساڵی حوکمیان بەسەر ئێراقەوە و هەوڵی زۆریان بۆ پەرتەوازەکردنی کورد و شیعە و دابەشکردنیان بەسەر پارێزگا جیاوازەکانی ئێراقدا و ناردنی سونە بۆ ناوچەکانی کورد و شیعە، لە چرکەساتی ڕووخاندنی سیستهمی حوکمڕانیی سونەدا کە خۆی لە ڕژێم و دەسەڵاتەکەی سەدامدا دەبینییەوە، ئێراق گەڕایەوە چوارگۆشەی یەکەم، ناوچە و نفوزی سونەکانیش بەرتەسک بووەوە بۆ ساتی بەر لە درووستکردنی ئێراق.
حیزبێک نییە نوێنەرایەتیی فرەڕەنگییەکەی ئێراق بکات، شیعە چەند ڕەوت و حیزبێکی سیاسیی شیعیی هەیە، سونەکان چەند حیزب و هێزێکی تایبەت بە سونەیان هەیە، کوردیش بە هەمان شێوە چەند حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسیی کوردی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانیشدا حیزبە شیعییەکان لە ناوچە شیعییەکان هەڵبژاردن دەبەنەوە و سونە لە سنوورەکانی خۆیان و کوردیش لە کوردستان. هیچکات ئەوە ڕوونادات حیزبێکی کورد یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئێراق بێت و دەنگی هاووڵاتییانی شیعی و سونەی عەرەب بۆ خۆی ببات، ئەمە بۆ سونە و شیعەش هەر وایە. هەر یەک لە حیزبەکانی ئەم پێکهاتانە چەند لەڕووی ژمارە و ڕێژەوە زیاد بکەن، هەر لە ناوچەکانی خۆیان هەڵبژاردن دەبەنەوە. هێزێکی شیعی دەبێتە براوەی یەکەمی ناوچە شیعیەکان و لە کوردستان و ناوچەی سونەش بە هەمان شێوە، وەکوو ئەوەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕوویدا کە ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەنجامدانیدا تێدەپەڕێت و تائێستا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێندرێت.
لە کاتێکدا بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەقلیدەی ڕابردوو کە ئەمریکا دوای ڕووخانی سەدام وەکوو مۆدێلێک بۆ ئێراق دایتاشی و وڵاتەکەی لە (ئێراقی هیوا و ئاشتی) یەوە کرد بە وێرانە و لانکەی فەساد و گەندەڵی. وەکوو چارەسەرێک و بۆ تێکشکاندنی ئەو تەقلیدە، دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەک لەنێوان هەر سێ براوەی یەکەمی شیعەکان و یەکەمی ناوچە سونییەکان و یەکەمی کوردستانیش پێکهات بەناوی هاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان، بەڵام ڕێگە نەدرا لەسەر ئەو بنەمایەش حکومەت پێکبهێندرێت، گوشار و هەڕەشەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نێوخۆیی، ئەو پڕۆسەیەشی لەباربرد. بۆ داهاتووی زۆر دووریش ئەستەمە ڕێگە بدرێت ئێراق شێوەیەکی دیکە وەربگرێت لە درووستکردنی حکومەت و لە سیستمی حوکمڕانی، چونکە ئەوانەی هەژموونیان بەسەر ئێراقدا زاڵە بەرژەوەندییان لەوەدایە ئێراق بەم جۆرە بەڕێوەبچێت و ئەوان نەخشیان لە درووستکردنیدا هەبێت نەک گەلانی ئێراق.
پێشتر ئەگەر سیاسەتی نێوودەوڵەتی و زلهێزەکان لە پشتەوەی کودەتاکان بوون و ئەو ڕژێم و کارەکتەرانەی مەبەستیان بووایە لە و ڕێگەیەوە دەیانهێنایە سەر کورسیی دەسەڵات، ئێستا هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسییان کردووە بە ئامرازی جێگرەوەی کودەتا بۆ هەمان ئامانج، بەتایبەت لە و جۆرە وڵاتانەی وەکوو ئێراق کێشە و ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی هەیە؛ چونکە بوونی ئەو کێشە و ناکۆکییانە هەمیشە زەمینەی ئەوەی تیایە هێز و کارەکتەرە سیاسییەکانی ناو بەرە جیاوازەکان بە ئاسانی بەکارببرێن. تەماشا بکەن چەند هەڵبژاردن لە ئێراق ئەنجامدراوە، کام پڕۆسەی هەڵبژاردن بووەتە هۆکاری گۆڕانکاری، یاخود لە کام هەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک حکومەت پێکهێندراوە؟ چەند کارەکتەری سیاسی گەیێندرانە ترۆپکی دەسەڵات بەبێ ئەوەی خاوەنی کورسی و دەنگی خەڵک بن، یان خاوەن نفوز و پێگەی جەماوەری بن؟
ئەمەی لە ئێراق دەگوزەرێت ڕێک ئەوەمان پێدەڵێت کە لەبری کودەتای سەربازی، پڕۆسەی هەڵبژاردن کراوەتە ئامراز بۆ گەیاندنی کەسانێک بە دەسەڵات ئەگەر هاووڵاتییانیش نەیانەوێت. هەڵبژاردن بووەتە جۆرێک لە چەواشەکاری و چاوبەستەکی خەڵک و بە سوودوەرگرتن لە ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان، ئەوانە دەهێندرێنە پێشەوە کە ئەگەر (دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاری نەکرایە) ، لە ڕێگەی کودەتاوە دەهێندران. لە کوێی دونیادا ڕوویداوە و لە کام لاپەڕەی مێژوو تۆمارکراوە لە وڵاتێک چەند جارێک لەسەریەک دووبارە ببێتەوە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ئەوانەی هەڵبژاردن دەبەنەوە وەلابنرێن و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن لە دەسەڵات بمێننەوە. لە کوێ ڕوویداوە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و کەسانێک ڕابسپێردرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت نە خاوەن هێزی سیاسی بن و نە کورسیی پەڕڵەمانیان هەبێت و نە بەشداریش بووبن لە هەڵبژاردن؟ ئیدی هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت؟ ئەگەر مەهزەلەیەک نەبێت بۆ چاوبەستەکی خەڵک.
لە هیچ شوێنێکی دونیاشدا تاسەر بە و جۆرە خەڵک هەڵنەخەڵەتێندراوە، بۆ هیچ کەس نەچووەتە سەر، تاوەکو لە ئێراق ئەمە هەر بەردەوام بێت. ڕۆژێک هەر دێت ئەم چەواشەکاری و چاوبەستەکیانە بەبێ ئاکام دەبن، بەڵام تاوەکو ئەوکاتەی خەڵک هۆشیار دەبنەوە، قوربانیی بێشوومار دەدەن و لێکەوتەکانی بۆ داهاتووی زۆر دووریش دەمێننەوە. چارەسەر ئەوەیە عاقڵمەندان و نوخبەی دەستەبژێری ناو ئەم پێکهاتە جیاوازانە لێنەگەڕێن تاوەکو کاتی هۆشیاریی گشتی درووست دەبێت، دەبێت ڕۆڵ بگێڕن لە دۆزینەوەی دەروازەی ڕزگاربوون. بۆ ئێستای هەلومەرج و دۆخی ئێراق دوای شکستی هاوپەیمانێتیی سێ براوەی سێ پێکهاتە جیاوازەکە، ڕەنگە ڕێگە ڕاست و درووستەکە ئەوە بێت کە لایەنە ئێراقییەکان ئازایەتیی ئەوەیان هەبێت دان بە و پێکەوە نەگونجاوییەی پێکهاتەی ناسرووشتیی خۆیاندا بنێن. ئەگەر بە هەر هۆکارێکیش بیانەوێت لێکنەترازێن و لەژێر ناوێکدا بمێننەوە کە (ئێراقە) ، ڕێگەچارەکە ئەوەیە هەریەک لەم سێ پێکهاتە سەرەکی و ناچوونیەکە لە سنووری خۆیان حوکم بکەن، کە ئەمەش ڕێگە بۆ سەقامگیری و ئاشتی و ئاوەدانی خۆش دەکات. جا ئەمە ناو دەنرێت سێ هەرێمی فیدراڵی، یان هەر ناوێکی دیکە، ئەگەر دەیانەوێت ئێراق بکەوێتە سەر ڕاستەڕێی خۆی و لەوە ڕزگاری ببێت ناکۆکی و ناچوونیەکیی پێکهاتەکانی بگاتە دۆخی بەریەککەوتن، هەر دەبێت ئەوە بکەن. [1]