$تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لەنێوان کورد و دوژمنەکانی$
#عارف قوربانی#
بەدرێژایی دەیان سەدەیە کورد لەسەر زێدی خۆی دەکوژرێت، بێ ئەوەی نیشتمانی کەسی داگیرکردبێت، بێ ئەوەی چاوی لە توانەوەی هیچ گەل و نەتەوە و ئایینزا و گرووپێکی ئیتنیکی ناو نیشتمانەکەی خۆیشی بووبێت، هەر زلهێزێک ڕووی کردبێتە ناوچەکە، کوردی کۆمەڵکوژ کردووە. دەکرێت هۆکارێک لە پشتی ئەم ڕق لە کورد بوونەوە هەبووبێت و هێشتا خۆمان پەیمان پێنەبردووە، بەڕاستی جێگەی پرسیارە بۆچی هەر زلهێز و دەسەڵاتدارێکی جیهان دەستی گەیشتبێتە ناوچەکە، کوردی کوشتووە؟ هەروەها ئەوەش جێی تێڕامانە کورد چۆن بەرگەی ئەو هەموو کوشتارەی گرتووە و تائێستا ماوەتەوە؟
لە و کاتەشەوە کە هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویی وەک دوو زلهێز دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا سەپاند، ئیدی بەشێوەیەکی سیستەماتیک کوردستان لەنێوان ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتەدا داگیر و دابەشکرا و هیچکام لەم دوو دەسەڵاتە و بەدرێژایی تەمەنی حوکمڕانیان بەسەر کوردستاندا درێخییان لە کوردکوشتن نەکردووە. لاپەڕەکانی مێژوو زۆر ڕووداوی خوێناوییان تۆمارکردووە کە دەسەڵاتدارانی ئەم دوو زلهێزە بەسەر کوردیان هێناوە.
دوای جەنگی جیهانیی یەکەمیش وەک ئەوەی کورد هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگ بووبێت و دەسەڵاتدارانی جیهان وەک سزا و بیانەوێ تۆڵەی لێبکەنەوە، کوردستانیان کرد بە چوار پارچەوە و هەر بەشێکیان لکاند بە دەوڵەتێکی ناوچەکەوە. دەسەڵاتی نەتەوە سەر دەستەکانی تورک و عەرەب و فارس، کە کورد و کوردستانیان بەسەردا دابەش کرا، نەک ڕێزیان لەوە نەگرت کە خەڵک و خاکێکی پڕ خێروبەرەکەت بووەتە بەشێکی وڵاتەکانیان و هەوڵبدەن بەپێکەوەژیانێکی ئاشتییانە کەڵک لە توانا مرۆیی و بەرهەمی خاکەکەی ببینن، بەپێچەوانەوە کەوتنە هەوڵی پاکتاوکردنی کورد و سڕینەوەی سیمای کوردستانییانەی نیشتمانەکەی. لەهەر یەک لە و وڵاتانەدا کورد چەندین جار کەوتووەتە بەر کۆمەڵکوژی گەورەوە.
ئەوەی وایکردووە بەدرێژایی ئەو مێژووەی ڕابردوو کورد بتوانێت لەسەر خاکەکەی بمێنێتەوە و، بەرگەی پەلامار و پلانی پاکتاوکردنی بگرێت، تا ئەندازەیەک ئەگەر هاوسەنگیش نەبووبێت لێکنزیکی توانای مرۆیی و کەرەستەکانی جەنگی نێوان و کورد و دوژمنەکانی بووە. لە ڕووی ژمارەی مرۆییەوە ئەگەر کورد بە ژمارە لە نەتەوەکانی دیکە تورک و عەرەب و فارس زیاتریش نەبووبێت، هێندە کەمتر نەبووە کە وەک کەمینەیەک بەئاسانی لەناو ببرێت. لە ڕووی چەک و کەرەستەی سەربازیشەوە ڕاستە داگیرکەرانی کوردستان سوپا و تۆپ و فڕۆکەیان هەبووە، بەڵام چەکی دەستی کوردیش لە ئاستێکدا بووە بتوانێت خۆی پێبپارێزێت.
بەڵام مەرج نییە ئەوەی لە ڕابردوودا بەسەر کورددا هاتووە و بەرگەی گرتووە، بۆ داهاتووش بە و جۆرە بێت، چونکە ئێستا هاوسەنگیی هێزی نێوان کورد و دوژمنەکانی زۆر گۆڕاوە. ئەوەی پەیوەندی بە ژمارەی مرۆییەوە هەیە، هاوکێشەکە بۆ کورد پێچەوانە بووەتەوە، ئێستا ساڵ لەدوای ساڵ گەشەی خێزان و ژمارەی کورد بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە، کەم دەبێتەوە، یا ڕوونتر ئەوەیە بگوترێت ڕێژەی ئەوان بەرز دەبێتەوە. پاش دوو دەیەی دیکە تەنیا عەرەبی ئێراق ژمارەیان دەگاتە ژمارەی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان. هۆکار زۆرن بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد و بەشێکی پەیوەندیی بەخودی کۆمەڵگەی کوردی خۆیەوە هەیە، بەڵام بێ ئەوەی هێشتا خۆمان پێی بزانین، هۆکارە سەرەکییەکەی چەکی بایەلۆجی دوژمنەکانێتی.
لە ڕووی چەک و کەرەستەی سەربازییەوە، پێشکەوتنی گەورە لە جۆری چەکی دەستی دوژمنەکانی کورددا بەدیهاتووە. ئەوان خاوەنی مووشەکی زیرەک و درۆن و چەکی زۆر وێرانکەرن. بەهۆی بوونی سامانی سرووشتی وەک غاز و نەوتیشەوە لەژێر زەمینی کوردستان، تەماح و چاوتێبڕی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکە بۆ بەهێزترکردنی پایەکانی داگیرکاریی زیاتر بووە.
ئەگەر لە ڕابردوودا سنووری نێودەوڵەتی، جیۆپۆلەتیک، ترس لە تێکچوونی هاوکێشەی هەرێمایەتی و چەند بابەتێکی دیکە هۆکار بووبن بۆ دەستبەردارنەبوونیان لە داگیرکاریی کوردستان، لە داهاتوودا وزە وەک پێویستییەکی جیهانی پاڵنەری سەرەکی دەبێت لە مانەوەی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکە بەسەر کوردستاندا.
بۆیە لە داهاتوودا ئەگەر کورد نەک بزووتنەوەی سیاسیی جوداخواز، تەنانەت ئەگەر هیچ هەستێکی ڕزگاری و سەربەخۆیی لەناخیشیدا نەمێنێت، بەدڵ و بەگیان وەک هاووڵاتی ئەو نەتەوە سەردەستانەی نیشتمانەکەشیان داگیرکردووە بیربکاتەوە، هەر بەر سیاسەتی پاکتاوکردن دەکەوێتەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا بەهەر هۆکارێک بووبێت توانیبێتی بەرگەی چەندین سەدەی ژێردەستەیی و زوڵم و ستەمی داگیرکەران بگرێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لانی کەم دەتوانێت سەدەیەکی دیکە بەرگە بگرێت؟
مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی ڕەوایە، خاک و نیشتمانەکەی موڵکی لەمێژینەی باب و باپیرانێتی، مێژووی کورد لە مێژوویی هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە کۆنترە، چۆن دەیپارێزێت لە تەماح و داگیرکاریی دڕندە بەهێزەکان؟ چی دەکات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە؟ چۆن ڕووبەڕووی چەکی پێشکەوتووی وەک مووشەکی زیرەک و درۆنی دوژمنەکانی دەبێتەوە؟ بەچی دەتوانێت بەرگەی ئەو چەکە بایەلۆجییانە بگرێت کە ئێستا و لە داهاتوودا زیاتر لە دژی دەخرێنە کار؟ پێویستە هەر کوردێک لە ئاستی خۆیەوە بیر بکاتەوە و بەدوای دەروازەی ڕزگاریدا بگەڕێت. [1]