$ژینا، دەرفەتێک بۆ ژین نەک بۆ مردن$
#عارف قوربانی#
لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسەڵاتی ئێرانی گرتووەتە دەست، لە هەموو ڕێگەیەکەوە کورد دەکوژێت. بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر بە بیانووی خەباتی چەکداری کوردەوە، لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کۆمەڵکوژ دەکرد. لە باشووری کوردستان بە سەتان لاوخاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی تیرۆر کرد بە بیانووی ئەوەی ئەمانە بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان دەخەنە مەترسییەوە.
لەناوخۆی ئێران بە هەزاران گەنجی کورد خراونەتە ژێر پەتی سێدارەوە بە پاساوی ئەوەی کار لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان دەکەن، یاخود بە بیانووی مادەی هۆشبەرەوە. مانگ نییە هەواڵی کوشتنی چەند گەنجێکی کۆڵبەری کورد نەبیستین کە دەبنە قوربانی پەیداکردنی ژەمێک نانی ماڵ و منداڵیان. دەیان وێستگەی مێژوویی هەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە بەرچاوی خوا و کۆمەڵکەی نێودەوڵەتی و گەلانی ئێرانەوە، گەنج و لاو و ژن و منداڵی کورد دەکوژن و کەسیش لەسەریان بەدەنگ نایێت.
بەڵام لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا هەفتەی ڕابردوو خێزانێکی کوردی شاری سەقز کە بەسەردان دەچنە تاران، پۆلیسی تاران بە پاساوی (نەگونجاوی باڵاپۆشییەکەی) کچە تەمەن 22 ساڵانەکەیان دەستگیردەکەن و بەهۆی ئازاردانی جەستەیی و دەروونییەوە کچەکە گیان لەدەست دەدات. بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینای تەمەن 22 ساڵ، بووە گڕکان و لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕووی دەسەڵاتداران دا تەقینەوە. ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت یەکەم جارە لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لەبەرانبەر کوشتنی کوردێکدا ناڕەزایی و خۆپێشاندانی گەل و نەتەوەکانی دیکە بەدوای خۆیدا بێنێت.
ئەمە خاڵێکی گرنگە فارس، ئازەری، بلوج و عەرەب لەسەر کوشتنی کەنیشکە کوردێک لە سەرتاسەری ئێران دژ بە دەسەڵات هاتوونەتە سەر شەقام. لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواش ڕەوەندی ئێرانی پێکەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی ئێراندا ناڕەزایی دەردەبڕن. هۆکارەکەی ڕوونە، کورد واتەنی (جام پڕبوو لێی دەڕژێت) . جەور و ستەمی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران و سەرکوتکردن و برسیکردنی خەڵک گەیشتووەتە لووتکە. هەلومەرجی ناوخۆیی وڵاتەکە چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو بتەقێتەوە، مەرگی ژینا ئەو تەڵە شقارتەیە بوو کە پێویستبوو بۆ کردنەوەی مەشخەڵەکە، بەڵام بۆ کورد بیری وردی دەوێ کە مەرگی ژینا بکاتە دەرفەت بۆ ژیان نەک بۆ مردن.
بەهۆی ئەوەی ئێران خەریکە دەستی دەگاتە چەکی ئەتۆم و لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاوا بە چرکەساتی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەم کاتەدا تەقینەوەی کێشە ناوخۆییەکانی، بە ڕاستەوخۆ دەبەستێتەوە بە کێشەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا. بۆیە بۆ کورد دۆخێکی ئێجگار هەستیارە و دەبێت پارتە کوردستانییەکان بۆ هەر هەنگاوێک نەک دووجار، پێویستە دەجار بیر بکەنەوە. لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوانەی تەنیا بە سۆزەوە لە ڕووداوەکان دەڕوانن، ڕەنگە گوشاری زۆر بخەنە سەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و هان و دنەیان بدەن بەوەی شەڕ و کوشتار بخەنە شارە کوردستانییەکانەوە، ئەگەر دۆخی ئێران بەم شێوەیە بەردەوامبێ دوور نییە هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ئەم داوایە لە پارتە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات بکەن و بە چرکەساتی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵات وێنای بکەن، بەڵام ئەمە ڕێگە ڕاستەکە نییە کە پێویستە کورد بیگرێتەبەر.
یەکەم شت کە گرنگە و ئەرک و بەرپرسیارێتی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دەبێت ئاگایان لەوەبێت ئەم ناڕەزاییە گشتییەی درووستبووە بۆ بەرگری لە ئازادی، وێناکەی نەگۆڕێت بۆ خواست و کێشەی نەتەوەیی. واتە تێکەڵ بە کێشەی کورد و ماف و داخوازییەکانی کورد نەکرێت. چونکە ئەگەر بابەتەکە بگۆڕێت بۆ مەسەلەی کوردبوون، ئەوە هاوشێوەی کۆی ئەو ستەم و تاوانکارییانەی دیکە کە بەرانبەر بە کورد ئەنجام دراون و هیچ کام لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە کێشەی خۆی نەزانیووە، ئاکامی ئەم ڕووداوانەش بە و دەردە دەچێت.
پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کاردانەوەی دەسەڵات پاش چەند ڕۆژێکی دیکە زۆر تووندوتیژ دەبێت، ئێستا بەهۆی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەبەرئەوەی ڕەئیسی لە ئەمریکا بوو، نایانەوێ زۆر بکەونە بەر لۆمەی نێودەوڵەتی، بەڵام دوایی تووندوتیژی زۆر زیاتر دەبێت لەلایەن حکومەتەوە.
بۆیە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک گرنگە کێشەکە کێشەی گەلانی ئێران بێت، وەک چۆن ئێستا ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان مۆرکی هیچ پێکهاتەیەکی دیاریکراوی بەسەرەوە نییە، دەبێ کورد وریای ئەوەبێت کاردانەوەکانی دەسەڵات تەنیا ڕووی لە کورد نەبێت، کە دوور نییە دەوڵەت خۆی بە چەندین سیناریۆ بیەوێ بیگۆڕێت بۆ کێشەی نەتەوەیی و، تۆمەتباریشیان بکات بەوەی دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشتی ئەم ڕووداوانەیە و بەتووندی بیەوێ تۆڵە لە کورد بکاتەوە.
نابێت کورد پێش ڕووداوەکان بکەوێت، لێرەدا ئەوەی گرنگە خۆئامادەکردنە بۆ پەرەسەندنی ڕووداوەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی دێتە پێشەوە. پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە هەموو ڕووداوەکانی چەند دەیەی سەدەی ڕابردوو، لەم بیست ساڵەی ڕابردووشدا تائێستا باشیان هێناوە، ئەم ڕووداوەش تاقیکردنەوەیەکەی دیکەیە بۆیان تاوەکو چەند دەتوانن بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن لە ئەگەری پەرەسەندن و سەرکەوتنیدا بیکەنە دەرفەتی ژیانێکی نوێ بۆ کۆمەڵی کوردەواری و لە ئەگەری شکستدا شارە کوردییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید نەبنەوە.
[1]