$سەدر وەک ستەملێکراوێک$
#عارف قوربانی#
دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەوکاتەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دادگەی فیدراڵیی ئێراق ئەنجامی هەڵبژاردنیان پەسندکرد، تازە ئاماژەکانی دابەشبوونی ماڵی شیعی بەسەر دوو بەرەی (سەدر و مالیکی) دەرکەوتبوو، ئەوکات هێشتا پارتی و یەکێتیی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد یەکهەڵوێست و بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، پێکەوە ڕوو دەکەنە بەغدا. لە دوو ئەڵقەی بەرنامەی گفتوگۆی ڕۆژنامەنووس لە ڕادیۆی ڕووداو، هەروەها دواتریش لە دوو وتاردا لە پۆرتاڵی ڕووداو، داوام لە پارتی و یەکێتی ئەوەبوو، کە بچن لەگەڵ مالیکی و عامری ڕێکبکەون نەک لەگەڵ سەدر، هەرچەندە سەدر براوەی بێڕکابەری هەڵبژاردنیش بوو.
لە نیوەی ڕێگە پارتی و یەکێتی لەیەک ترازان و دابەشبوون بەسەر هەردوو بەرەکەی ماڵی شیعیدا. پارتی و زۆرینەی سووننەکان لەگەڵ سەدر ڕۆیشتن و یەکێتی و زۆرینەی هێزە شیعییەکان دوای مالیکی کەوتن. بەم دابەشکارییە ململانێکان تووندتر بوونەوە و ناکۆکییەکان زیاتر پەرەیان سەند، ئەوکاتیش بە وتار و لە چەند دیدارێکدا ئاماژەم بە هەڵەی پارتی کرد لە هەڵبژاردنی سەدر و ڕوونتر داوام لێکردن بچن لەگەڵ خاوەن ماڵ ڕێککەون، کە مەبەستم لە ئێران بوو. هۆکاری سەرەکیی ئەو بۆچوونەشم ئەوەبوو کە لەلایەک پێم وابوو ئێران بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات حکومەتێک لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سێقۆڵی (سەدر، بارزانی، حەلبووسی) پێکبهێنرێت و هێزە وابەستەکانی ئێران پەراوێز بخرێن. بۆ ئەمەش دەمگوت ئێران یاخیبوونی سووننەکانیش لەچاوی بارزانی دەزانێت، لە ڕێگەی مووشەک و درۆن و دادگەی فیدراڵیی ئێراقەوە تۆڵە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەداخەوە هەموو ئەمانەی بەزیادەوە کرد.
هەروەها پێم وابوو ئەگەر حەشدی شەعبی و هێزە گرێدراوەکانی ئێران پەراوێز بخرێن، ئەوانیش دەبنە کێشە بۆ کوردستان، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی کورد و سووننەش لەگەڵ هێزە ئێرانییەکانە، نەک لەگەڵ سەدر، بەتایبەتیش ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە، ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوان دەکرێت ئاسانکاری بێت بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە و ستەمەی لەسەریانە و قووڵبوونەوەی ناکۆکی لەگەڵ ئەو هێزانە، دەستکراوەتریان دەکات بۆ ستەمی زیاتر لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
بەڵام ئەمانە تەنیا هۆکار نەبوون بۆ ئەوەی هانی کوردستان بدەین پشت بکەنە سەدر و ڕوو لە ئێرانییەکان بن، هۆکاری سەرەکیی ئەو تێڕوانینەم ئەوە بوو کە ئەگەر لەبری ئەوەی هێزە وابەستەکانی ئێران پەراوێز بخرێن و ببنە کێشە بۆ کوردستان، ئەگەر سەدر پەراوێز بخرێت چی ڕوو دەدات؟ سەدر تۆڵە لە کێ دەکاتەوە؟ دەبێتە سەرئێشە بۆ کێ؟ لە تێڕوانینم بۆ داهاتووی ئەو ئەگەرە پێم وابوو ئەگەر کورد و سووننە و هێزە وابەستەکانی ئێران ڕێکبکەون و سەدر وەک براوەی یەکەم بخەنە پەراوێزەوە، بە و ستەمەی لە سەدر دەکرێت، بە حوکمی ئەوەی هێزەکەی سەدر کە جەماوەرەکەیەتی و لە بەغدای پایتەختە، دەست و پێی ئەو حکومەتە دەبەستێتەوە و حکومەتێکی بێهێز و بێکاریگەر و لەڕولاواز درووست دەبێت، بە ئەندازەیەک کە دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی ناوچەی سەوزدا نەبێت.
کورد دەیتوانی ئەم یارییە بکات و نەیکرد. باجی چوون لەگەڵ سەدری دایەوە. کەوتینە بەر لێشاوێک لە بڕیاری ستەمکارانەی دادگەی فیدراڵیی ئێراق و لێکەوتەکانی بۆ دەیان ساڵی دیکەش دەمێنێتەوە، لە ئێرانەوە ڕاستەوخۆ هەولێر مووشەکبارانکرا و سەر ئەنجام لەژێر گوشاری ئێراندا سەدر پەڕڵەمانی بۆیان جێهێشت و پارتی و سووننەکانی گورگانخوارد کرد. ئیرادە و دەسەڵاتی دایەوە دەستی هێزە وابەستەکانی ئێران و خوا دەزانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو لە گۆڕینی دەستوور و یاساکان چی بەسەر گەلی کوردستاندا دەهێنن.
ئەم پێشەکییە دوورودرێژەم بۆ ئەوە بوو ڕوونی بکەمەوە لە هەلومەرجێکدا کورد ببووایەتە بەشێک لە و ستەمەی لە سەدر دەکرا، دەیتوانی کۆمەڵێک دەستکەوت بە سوودی سووککردنی ستەم لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنێت. بەڵام وەک دەرئەنجام سەدر هەر بووە قوربانی، بەڵام کورد نەک هیچی لێ دەستنەکەوت بگرە زیانی زۆری لێدەکات.
ئێستا ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت سەدر دوو جار بووەتە قوربانی و ستەمی لێدەکرێت. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەمە دووەم هەڵبژاردنە یەکەمی ئێراقە و ئەم جارە نەک هەر لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە زۆرینەی شیعەکان بوو، لەگەڵ زۆرینەی سووننە و کوردیشدا هاوپەیمانێتییەکی زۆرینەی سیاسی پێکهێنا، بەڵام گەلەکۆمەکێی کرایە سەر و ئێران تا ئاستی بەکاربردنی هێز، ڕێگریی لێکرد. دواتر ناچاریانکرد لە پەڕڵەمانیش بکشێتەوە و شوێنی کورسییەکانی بە کەسانی وابەستەی ئێران پڕ کرایەوە. بەوەش وازیان لێنەهێنا و کەوتنە پلاندانان بۆ پەڕ و باڵکردنی.
دووەم ستەمیش کە لە سەدر دەکرێت ئەوەیه، سەرباری ئەوەی وەک گەورەترین کوتلەی پەڕڵەمانی و کاریگەرترین ڕەوتی سیاسی خستیانە پەراوێزەوە. بەڵگەی سەلمێنراو خراوەتە بەردەمی سەدر کە پلانی دەستگیرکردنی یەکە یەکەی سەرکردەکانی ڕەوتەکەیان دانابوو، هەروەها بە نیازی کوشتنی خۆیشی بوون. کاتێک سەدر وەک پەلەقاژەی بەرگریی لەخۆکردن هەڵوێست و ڕەفتاری نواند، هەڵمەتێکی گەورەی میدیاییان لە دژی دەستپێکرد وە، کە سەدر نیازی کودەتای هەبووە، دەیەوێ دەست بەسەر ئێراقدا بگرێت. لەکاتێکدا ئەوەی سەدر دەیکات پەلەقاژەی دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ خۆدەربازکردن، نەک دەستبەسەرداگرتن.
لای سەدر و زۆرینەی ئەوانەی بە ئاگاییەوە لە ڕووداوەکانی ئێراق دەڕوانن، دەزانن هاوشێوەی ئەیاد عەللاوی کە لە هەڵبژاردنی 2010 زۆرینەی کورسییەکانی پەڕڵەمانی بەدەستهێنا، نەک هەر ستەمیان لێکرد و نەیانهێشت دەسەڵات بگرێتە دەست، بە ئەندازەیەک پەڕوباڵیان کرد وەک ئەوەی ئێستا لە ژیان نەمابێت هێندە بێکاریگەر بووە. سەدر ئەوە دەزانێت لە باشترین باردا ئەگەر نەشیکوژن دەیانەوێت هەمان چارەنووسی عەلاوی هەبێت.
ئەو هەنگاوانەی لە دژی سەدر گیراونەتەبەر، بێپێشینە و چاوەڕواننەکراون، دەستلەکارکێشانەوەی مەرجەعی ئایینییەکەی سەدرییەکان (حائیری) ، کە یەکەمجارە لە مێژووی ئیسلامدا ئەوە ڕووبدات مەرجەع دەستلەکاربکێشێتەوە و داوابکات شوێنکەوتووانی ببن بە شوێنکەوتەی ئاڕاستەیەکی دیکە، وەک ئەوەی حائیری لە ئێرانەوە داوایکرد سەدرییەکان وەلائیان بۆ عەلی خامنەیی هەبێت. ئەمە نەک هەر لێدانە لە پێگەی سیاسیی سەدر، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ لێدان لە پێگە ئایینییەکەیشی، هەوڵێک بوو بۆ کۆتاییپێهێنان بە مەرجەعیەتی سەدرییەکان. یەکەم لێدوانی سەدر دوای ئەم ڕووداوە پێی وتین لەژێر گوشاردا ئەوەی کردووە. کاتێک خۆیشی بڕیاریدا لە سیاسەت دوورکەوێتەوە وەڵام بوو بۆ ئێران، کە نەک ڕێگە نادات شوێنکەوتووانی مەرجەعییەتی بنەماڵەکەی ببنە شوێنکەوتەی خامنەیی، بەڵکوو خۆی کاروباری ئایینی دەگرێتە دەست. لەبەرانبەردا هەڵمەتێکی چڕی میدیایی کرایە سەر، کە وازهێنانی لە سیاسەت بۆ ئەنجامدانی کودەتا بووە بەسەر ئێراقدا.
لێرەدا هیچ مەبەستێکم لە بەراوردکاری نییە بەوەی ئایا سەدر لەوانی دیکە باشترە یان نا، بەڵام ڕوونە سەدر داوای چەند شتێک دەکات لە بەرژەوەندیی گەلانی ئێراقە، دژایەتیی گەندەڵی و دژایەتیی پاشکۆبوون، گەڕانەوەی سەروەری بۆ ئێراق و دوورخستنەوەی ئەو دەستانەی لە ڕێی کارەکتەرە سیاسییەکانەوە یاری بە قووت و چارەنووسی هاووڵاتییان دەکەن. ئەوانەی لەم داخوازییانەی سەدر زیانمەندن لەناو ئێراق و هێزە هەرێمایەتییەکان هەموو یەکیان گرتووە بۆ لێدان لە سەدر و ماکینەیەکی میدیایی فراوانیش خراوەتەگەڕ دژ بە سەدر، کە نیازی خراپە و دەبێت ڕابگیرێت. لەکاتێکدا هەرە خراپترینەکان و نیازخراپەکان ئەوانەی دیکەن، نەک سەدر.
بۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا ستەملێکراوترین کەس لە ئێراقدا موقتەدا سەدرە، ئەوەی میدیا دەیەوێ وەک ستەمکارترین کەس وێنای بکات. [1]