$ئەوروپا لە بەردەم تاقیکردنەوەدایە$
#عارف قوربانی#
هەرچەندە هەموو ئایینە ئاسمانییەکان و لە زۆربەی دەستووری وڵاتان و پرۆگرامی حیزبە سیاسییەکاندا زۆر گرنگی بە یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری دەدرێت، بەڵام چەسپاندنی کارێکە لە شێوەی مەحاڵ. بەشی زۆری کێشە و شەڕ و ململانێ و ناکۆکییە ئایدۆلۆجی و سیاسییەکانی سەردەم بەم دروشمانە رەونەق دەدەنەوە، بەڵام لە هیچ کات و سەردەمێکیشدا نەتوانراوە وەکوو ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بیکەن بە کردار.
ئەگەر نەشگەڕێینەوە بۆ قوڵایی مێژووی دەسەڵاتی ستەمکارانەی خەلافەتەکانی ئیسلامی و پڕوپاگەندەکانی ئیشتراکیەت و یەکسانیی چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەو وڵاتانە بکەین بە نموونە کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان خۆیان وا وێنا دەکەن کە زۆرترین پابەندێتییان بەم بنەمایانەوە هەیە. نەک هەر لە ڕابردووی دوور و نزیکیاندا، بەڵکوو لە و چرکەساتانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی زۆرترین جیاکاری دەکەن. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کە زۆرترین بانگەشەی ئەو چەمکانە دەکەن وەکوو ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتەکانی خۆیاندا هەموو جیاوازییەکانیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایینی و ڕەنگی پێست و شێوە و زمان تێپەڕاندبێت، ئەم چەمکانەیان کردووە بە پاساوی دەستوەردان لە وڵاتانی دیکە و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر بەشێکی جیهانەوە، بەڵام سیاسەتی نێوخۆیی وڵاتەکانیان شتێکی دیکەمان پێدەڵێت.
ئەمریکا سەرباری ئەوەی لەسەر لاشە و خوێنی جینۆسایدی هندییە سوورەکان دامەزراوە، تاوەکو نزیک بە چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوویش ڕەشپێستەکان تەنانەت مافی ئەوەیان نەبوو لە چێشتخانە و ئوتێل و لەنێو پاس و شەمەندەفەریشدا دابنیشن. هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشان و قوربانییانەی لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم جیاکارییانەدا دران، لەدوای 11ی سێپتەمبەر بە پاساوی شەڕی تیرۆر و بە جۆرێکی دیکە لە نێوخۆی ئەمریکا سەریان هەڵدایەوە، بەڵام ئەم جارە بەرانبەر بە کۆمەڵگەی ئیسلامی. زیندانەکانیان بە ئێستاشەوە پڕن لە و کەسانەی کە تەنیا تاوانیان موسڵمانبوونیان بوو، لە و کاتەوە سەتان هەزار کەس لە ئەمریکا دەرکران و مافی مانەوەیان لێسەندرایەوە. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش ئەمریکا سەرکردایەتیی ئەو شەڕ و دەستوەردانانەی دەکرد کە بەناوی شەڕی تیرۆرەوە سەپاندبوویان، لێکەوتەکانی شەڕی تیرۆر و ڕووخاندنی ئەفغانستان و ئێراق، دەستوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەی وەکوو سووریا و لیبیا و یەمەن، بەهۆیانەوە بە ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی. نەک ڕەخساندنی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی نەبوو، بەڵکوو ستەمکاری و نادادی و تاوان و کوشتن و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگەکانی لێکەوتەوە، بە جۆرێک کە تاوەکو 100 ساڵی دیکەش چاوەڕوان ناکرێت ئاسایی ببنەوە.
وڵاتانی ئەوروپایش بەدەر لەوەی لە سەدەکانی نێوەڕاستەوە تاوەکو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی زۆرترین داگیرکاری و ستەمیان بەرانبەر بە ئایین و نەتەوەکانی دیکە ئەنجامداوە، لەنێو خودی وڵاتەکانی خۆشیاندا بە قۆناخی زۆر خوێناوی یەکدی کوشتن و قبووڵنەکردنی جیاوازییەکاندا تێپەڕیون. ئەوەی لە چەند دەیەی ڕابردووشدا وەکوو گەشەکردن و تێپەڕاندنی جیاوازییەکان وێنایان دەکرد و تاوەکو ئەندازەیەک مۆدێلێکی جیاوازتریان پەیڕە و دەکرد کە بەهۆیەوە ببوونە ناوەندی پێکەوەیی هەموو ڕەنگ و ئایین و زمانەکان، وێڕای ئەوەی هێشتا بە تەواوی نەتواندرابوو ئەم قبووڵکردنە لە یاسا و ڕێساکان و دامەزراوەی دەوڵەتییەوە بگوێزرێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و بکرێتە کولتووری کۆمەڵگەکانیان، بەڵام ببوو بە نموونەیەک کە زۆر گەل و نەتەوەی دونیا خەونیان پێوە ببینن؛ بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاستییەکی تاڵی دەرخست کە نەک هەر لەسەر ئاستی هاووڵاتییەکانیان، بەڵکوو لە هەناوی حکومەتەکانیان و ناوەندە دەستووری و یاساییەکانیاندا ئەو ناوەندانەی زۆرترین پڕوپاگەندەیان بۆ یەکسانی و دادپەروەری دەکرد، ئەوانەی دەیانویست وەکوو مۆدێلێکی جیهانی ئەوروپا بکەنە نموونە بۆ وێناکردنی نەمانی هیچ جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایین و ڕەنگی پێست. لە جۆری مامەڵەیان بەرانبەر بە ئۆکراینییەکان دەرکەوت گیانی جیاکاری و نادادپەروەری خۆی مەڵاسداوە و بۆی هەیە لە هەر ساتێکدا وەکوو ڕۆژگارە تاریکەکانی ڕابردوو زیندوو ببێتەوە.
هەموو ئەو بڕیار و ڕێکارانەی یەکێتیی ئەوروپا و بە جیاجیاش لەسەر ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکانیان دەریانکردووە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە ئۆکراینییەکان، زۆر جیاوازن لەوانەی پێشووتر بەرانبەر بە گەل و نەتەوەکانی دیکە کردوویانە. تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەندێک ناوچەدا ئێراقی و ئەفغانی و سووری و ئەفریقییەکان لە شوێنەکانیان دەرکراون و خراونەتەوە کەمپەکان بۆئەوەی ئۆکراینییەکان بخرێنە جێگەکانیان. ئەم جیاکارییە بە ئەندازەیەک ڕەنگیداوەتەوە، لە زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو تیکتۆک و فەیسبووک و تویتەر و تۆڕەکانی دیکەدا لەسەر ئاستی جیهان باس بکرێت. کاریکاتێر و مەنەلۆج لەسەر ئەو جیاوازیکردنە درووستدەکرێن کە تەنانەت سەگ و پشیلەی ئۆکراینییەکان مامەڵەیەکی باشتریان لەگەڵ دەکرێت وەکوو لە هەندێک لە میللەتانی دیکە. ئەوەی ئێستا بەسەر ئۆکراینییەکاندا دێت، لەوە خراپتر ڕووبەڕووی سووری و ئەفغانی و ئێراقی و یەمەنی و لیبیاییەکاندا هات، ئێستاش هەزاران خێزانی سووری هەن لە وڵاتانی ئەوروپا دوای چەندین ساڵ هێشتا مافی مانەوەیان پێنەدراوە، بەڵام ئۆکراینییەکان هەر لە نووسینگەی پێشوازیکردنی سەرەتایی مافی سێ ساڵ مانەوەیان دەدرێتێ.
خەڵکێکی زۆر ئەم جیاوازییە نابەستنەوە بە دوور و نزیکیی شوێنی ڕووداوەکە، کە ئۆکراینا نزیکترین دەروازەی جەستەی ئەوروپایە، یاخود پێیانوانییە لەبەر ئەوە بێت کە ئەمڕۆ ئامرازەکانی گەیاندن زۆر خێران و چرکە بە چرکە دیمەنەکانی شەڕ و کاولکاری و دەربەدەربوونی ئۆکراینییەکان دەخەنە پێشچاو و بە و هۆیەوە ئەوروپا مامەڵەی جیاواز بێت. بەڵکوو پێیانوایە ئەوە جیاکارییە لەسەر بنەمای ڕەنگی چاو، پرچ و پێست، ئۆکراینییەکان چاویان شین و پرچیان زەرد و ڕەنگیان سپییە، بۆیە بە چاوێکی جیاوازتر مامەڵە دەکرێن.
ئێستاش هەزاران کەس لە کورد و عەرەب و ئێرانی و ئەفغانی و ئەفریقی لە دارستانەکانی بیلاڕووس و سەر سنوورەکانی ئۆکراینان، بەڵام ئەوروپا دەرگایان بەڕوودا ناکاتەوە، کە ڕەنگە چارەنووسێکی خراپتر لەپێشیان بێت وەکوو لەوانەی لە ئۆکراینا هەڵدێن. ئەم ڕووداوانە وڵاتانی ئەوروپای خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە، زۆرێک وەکوو مەترسی و گەشەکردنی بیری جیاکاری لێی دەڕوانن، پێیانوایە جیاوازیکردنە لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و جیاکاریی بیروباوەڕی ئایینی، کە ئەمەش ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێکی تاریکی. [1]