$ئەگەر سەدر سازش نەکات$
#عارف قوربانی#
$بۆ هەر کەسێک لە ئێراق سیاسەت بکات، یان چاودێری دۆخی سیاسیی ئێراق بکات، دەبێت لە و ڕاستییە تێگەیشتبێت، ئێران بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەو دەرفەتە زێڕینانە نابێت، کە ئەمریکا بە ڕووخاندنی سەدام لە ئێراق بۆی ڕەخساندووە. بەدرێژایی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردوو، ئەگەر قوورسایی زیاتری لەسەر ئێراق نەبووبێت وەک لە وڵاتەکەی خۆی، بەهەمان ئەندازەی بەڕێوەبردنی خودی ئێران، خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئێراقیش تەرخانکردووە.$
هەموو ئەو هەنگاوانەی لە ئێراق گیراونەتەبەر بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ بەشیعیکردنی ئێراق، لە ناوەندە ستراتیژییەکانی ئێرانەوە بەڕێوەبراون. وەک دەستپێکی پاککردنەوەی ناوچە شیعییەکان لە کریستیانیەکان لە بەسرە و ناوچەکانی خوارووی ئێراقەوە بۆ بەغدای پایتەخت، تا هەڵمەتەکانی کوشتنی فڕۆکەوان و ئەفسەرانی سوننە، دکتۆر و ئەندازیار و مامۆستایانی زانکۆ، پاشان تیرۆری هەڕەمەکییانەی گەنجانی سوننە لە ناوچە شیعەنشینەکان و بەغدا، هەمووی بە پلانی وردی قۆناخ بە قۆناخی ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە.
گواستنەوەی هەژموونی شیعی بۆ ناوچە سوننی و کوردییەکان، داهێنانی دەستەواژەی (کوردی و سوننی و مالیکی) وەک جۆرێک لە ڕێگەخۆشکردن بۆ وابەستەکردنی کارەکتەر و هێزە سیاسییەکانی ئەم دوو پێکهاتەیە بە ناوەندی دەسەڵاتی شیعەوە، تا هاتنی #داعش# و خۆشکردنی زەمینەی درووستکردنی حەشدی شەعبی و چەسپاندنیان لە ناوچە سوننییەکان و بەشێک لە خاکی کوردستان، هەموو ئەو وێرانکارییانەی ناوەندەکانی سوننەنشین و دەستبەسەرداگرتنەوەی نیوەی جوگرافیای کوردستان، لە مەتبەخی ئێران ئامادەکراون و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی فەرماندەکانی سوپای قودس و پاسداران جێبەجێکراون.
لێدان لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی سوننەی وەک تارق هاشمی و ڕافع عیساوی و بنەماڵەی نجێفی، دوورخستنەوەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکانیان لەناو هۆز و عەشیرەتەکانی سوننە لە دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و نەینەوا، هەروەها لێدان لە بەشێک لە پێگەی کەسایەتی و هێزە سیاسییەکانی کورد و ئەو درز و ناکۆکییە سیاسییانەی ناو ماڵی کوردیش بەشێک بووە لە و ستراتیجەی بۆ بەشیعیکردنی ئێراق داڕێژراوە. بۆیە هەرکەسێک پێی وابێت بە ئاسانی یا لە ڕێگەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسییەوە دەتوانێت پاڵ بە ئێرانەوە بنێت و لە هاوکێشەی سیاسیی ئێراق بیخاتە کەنارەوە، بە هەڵەدا چووە.
دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێراقیش لە #10-10-2021# ئەو ڕاستییەی زیاتر دەرخست، کە ئێران نەک دەستەبەرداری ڕۆڵ و پێگەی خۆی نابێت، تەنانەت ڕێگە نادات هێزە وابەستە و دۆستەکانیشی لە دەسەڵات پەراوێز بخرێن. ئەو گوشارانەی لە دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە لەسەر کورد و سوننە بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی نەبەستن، تەنیا لەپێناو پێگەی هێزە وابەستەکانی ئێراندا بوو نەک ئەوەی ئێران پێی وابێت کورد و سوننە دەتوانن لێی یاخی بن. کاتێک گوێیان بە ئێران نەدا و هاوپەیمانێتیی سێقۆڵییان درووستکرد، چەند هەوڵێکی دیکەی ئێران هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی کە تێگەیشت لە و ڕێگەیەوە ناتوانێت دڵنیایی سازشی بەرەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) بۆ هێزە وابەستەکانی دەستەبەربکات، لەسەر چەندین ئاست کەوتە گوشار درووستکردن بەتایبەت بۆ سەر پارتی، چونکە بە هەوێنی یەکڕیزیی سوننەکانیشی دەزانی. هەموو بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووشەکەکانی سەر هەولێر، گوشارەکان بۆ سەر کاندیدەکانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، نەهێشتنی دەستەبەرکردنی نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی ڕێگە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق، هەر بە و ئامانجەیە کە ناهێڵێت هێزە وابەستەکانی ئێران لە پەراوێزی حوکمڕانیی ئێراقدابن.
هێشتا ئەو گوشار و ڕێگە و ئامرازانەی ئێران بەکاری بردوون، هەموو کارتەکانی دەستی ئێران نین، کارت و ڕێگەی دیکەی زۆر لە بەردەست ماوە، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە ئاقارێکدا بەرێت حکومەتێک لە سێبەری تاران بێنێتە ئاراوە. دوای ئەوەی ماڵی کوردی بەیەکجاری لێک دوورخستەوە، تازەترین کارتیشی بۆ تێکدانی ناو ماڵی سوننی لەلایەک ئازادکردنی (رافع عیساوی) ە لە زیندان، کە پێشتر و لە سەردەمی نووری مالیکی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات لەگەڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی سوننە بوون، دژ بە هەژموونی شیعی و داوای هەرێمی سوننییان دەکرد، بەتۆمەتی گەندەڵی و بوونی پەیوەندی بە تیرۆرەوە ناچار بە هەڵهاتن و دواتر هێنایانەوە و خستیانە زیندانەوە. هەروەها هێنانەوەی (عەلی حاتەم سلێمان) سەرۆکی هۆزی گەورەی دلێمی ئەنبار کە ئەمیش بەهەمان شێوە دوای ئەوەی سەرکردایەتی پێکهێنانی هێزی چەکداری سوننەی کرد بۆ پارێزگاری لە ناوچەکانی خۆیان و پشتیوانی پێکهێنانی هەرێمی سوننە بوو، بەهەمان شێوە تۆمەتی تیرۆریان دایە پاڵ و ناچاریان کرد ناوچەکانی ئەنبار جێبهێڵێت. ئێستا زەمینەی گەڕانەوەیان بۆ خۆشکرد و لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا بردیانەوە بۆ بەغدا. بەمەش پێش هەر شت دەیانەوێ وەک بەدیل بۆ (حەلبووسی و خەمیس خەنجەر) بیانکەنەوە بە ڕووی سوننەکان، چونکە لە واقیعیشدا دوای لێدان لە هاشمی و بنەماڵەی نوجێفی و عیساوی دوورخستنەوەی عەلی حاتەم دلیمی، زەمینەی هاتنەپێشەوە بۆ حەلبووسی و خەنجەر ڕەخسا، هێنانەوە پێشەوەی ئەو کارەکتەر و بنەماڵانەی دیکە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر پێگەی ئەوانەی ئێستا نوێنەرایەتی سوننی دەکەن.
ئەوەی ئێران بەرانبەر بە پارتی و ئێستای سوننە دەیکات، بە ڕاستەوخۆ لێدانیشە لە سەدر، کە سەرکردایەتیی ئەو ئاڕاستەیە دەکات (هاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان) یان پێکهێناوە. دەیانەوێ لەم ڕێگەیانەوە گوشارەکانیان لەسەر سەدر زیاتر بکەن بۆ سازشکردن بۆ (چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان) کە ئەم بەرەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەکرێن و قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە هەر هاتنێکیدا بۆ بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانیان دەکات. ئەگەر سەدر بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم کارتە تازانەی ئێرانەوە و بکەوێتە سازش بۆ داخوازییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوە ئەگەری بەهێز ئەوەیە دوای جەژنی ڕەمەزان و لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوقی بڕۆن.
ئەگەر سەدر ئامادەی هیچ سازشێک نەبێت و موکڕبێت لەسەر ئەوەی حکومەت ئەو سێ لایەنەی هاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان پێکی بهێنن، دوای ئەوەی ئێران ڕافع عیساوی لە زیندان هێنایە دەرەوە و ڕێگەی بە گەڕانەوەی عەلی حاتەم دلێمی دا بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و ئەنبار، ئەوە بە دڵنیاییەوە ڕێگەی دووەم دەگرێتەبەر بەرەو سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن. لە ئەگەری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیشدا ئەم جارە لایەنە دۆڕاوەکانی شیعی بەهەر جۆرێک بێت تەکبیری حاڵی خۆیان دەکەن، کە نەبنە کەمینە. ئەو یەکڕیزییەی ناوماڵی سوننیش وەک خۆی ناهێڵنەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان بەرەی (حەلبووسی و خەنجەر) و (عەلی حاتم دلیمی و عیساوی) هەیە، هاوکێشەکانی سوننە بە جۆرێک دەگۆڕێن کە هیچ کەس نەتوانێ دڵنیایی ئەوە بدات سوننەکان دەتوانن پێکەوەبن. بەوەش دڵنیایی ئەوە دەستەبەر دەبێت کە دوای ئەمجارەی هەڵبژاردن ئەو سێ بەرەیەی هاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتمان پێکەوە بمێننەوە و دەبێت بەجیاجیا بکەونەوە ژێر هەژموونی شیعەوە.
بۆیە بۆ سەدر وەک هێزی یەکلاکەرەوەی ناو پەڕڵەمان و هاوبەشەکانی کە ئێستا زۆرینەی پەڕڵەمانیان هەیە و دەتوانن لە ڕێگەی پەڕڵەمانەوە هەژموونی خۆیان بەسەر حکومەتدا بهێڵنەوە، باشتر وایە ڕێگەی سازان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگرنەبەر بۆ دانانی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت، بە حوکمی ئەو زۆرینەیەی هەیانە هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەیە زۆر لە داخوازییەکانیان بسەپێنن، بەڵام ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی بەرەی ئێرانە و پێگەی سەدر و هاوپەیمانێتییەکەی وەک ئێستا ناهێڵێتەوە. [1]