شوبهاندنی شۆڕش، وەک نووگرە سەلمان
عارف قوربانی
نێرگز ئەو ژنە مامانەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا خۆی و سەرجەم ئەندامانی خێزان و کەسوکارەکەی دەستگیر دەکرێن، دوای پڕۆسەی لەیەکجیاکردنەوەیان لە تۆپزاوا، ڕەوانەی کەمپی دەستبەسەرداگرتنی (دوبز) دەکرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ لە خراپترین و سەختترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبات. لە و شەش مانگەدا بە بەرد ناوکی ئەو منداڵە تازە لەدایکبووانەی ناو زیندانی بڕیوە، مەرگەساتی زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئەنفالی لە یادەوەریدا هەڵگرتووە و لە پەڕتووکی (نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا) کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە چاپم گەیاندووە، دیووی ناوەوەی دۆزەخی ئەنفالمان بۆ دەگێڕێتەوە. لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی سەرگوزشتەی ئەم شێرە ژنە و تراژیدیاکانی ناو کەمپی دەستبەسەرداگرتنی ژن و منداڵەکان نییە، بەڵکوو دەمەوێ سەرنج بخەمە سەر ئاستی نیگەرانییەکانی کەسوکاری ئەنفال لە دەسەڵات و حوکمڕانی خۆماڵی، کە ئێستا هەندێکیان خۆزگە بە و ڕۆژگارانە دەخوازن.
نێرگز لە نزیکی کۆتایی دیدارەکەماندا دەڵێت: ئێستا جار وایە گوێم لێیە لەم ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنانە خەڵک هەیە بە باشە باسی سەدام دەکات، یان خۆزگە بە و ڕۆژگارانە دەخوازێ کە سەدام حوکمی ئەکرد. دەڵێم خۆزگە ئەو کەسانە بۆ یەک کاژێر دەهاتنە شوێنەکەی ئێمە تا بیانزانیایا ئەو قسانە چۆن وەک تیغ جەرگمان بریندار دەکات. باشە ئەوانە وەک خۆیان نەهامەتیان نەدیووە و زوڵمی سەدامیان نەچەشتووە، ئەی تۆ بڵێی نەزانن وای بەسەر ئێمەیا هێناوە؟ ئێ خۆ ئەگەر نەشزانن ئێمە چیمان بەسەرهاتووە، هەر نەبێ ناوی ئەنفالیان بیستووە یان دەزانن سەدام بە کیمیایی لە هەڵەبجەی داوە، ئیدی چۆن دڵیان دێ وا بڵێن. بەڵام دوێنێ نێرگزەکانی ئەنفال، نەوەکانی نێرگز، لەیادی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا خۆیان دڵیان هات و وایان گوت. وتیان سەدام بە جەستە ئەنفالی کردین ئێستا دەسەڵاتەکەی خۆمان هەموو ڕۆژێک ڕووحمان ئەنفال دەکات.
ئەوەی دوێنێ لەناو مۆنۆمێنتی ئەنفال ڕوویدا لە چەمچەماڵ، دەبێت کۆمەڵگەی کوردی، دەسەڵات و سیستەمە حوکمڕانییەکەی ڕابچڵەکێنێت. چونکە ئەوان کەسانێکی ئازارچەشتووی دەست و ڕۆژگاری حوکمی سەدام بوون، هەر یەک لەوانە چەندین ئازیزی لەدەستچووە. ئێستاش نازانن ئێسک و پروسکی دایک و باوک، خوشک و برا، کچ و کوڕە نازدارەکانیان لەژێر لمی کام بیابانن. ئەوان نیوەی تەمەنیان بەدیار چاوەڕوانیی هەواڵ و چارەنووسی ئەو ئازیزانەیانەوە بەڕێکردووە و وا 20 ساڵیشە چاوەڕێی هێنانەوەی ڕووفاتی خۆشەویستەکانیانن. برینی ئەوان لە هەموو برینەکانی دیکەی کورد بەسوێترە، هەر بۆیە تا ساڵانێک لەمەوبەر ڕقیان لەوانە دەبووەوە کە خۆزگە بە سەردەمی حوکمی سەدام بخوازن، بەڵام دوێنێ لەناو ئەو دەنگ و هاوارانەی لەناو ناخی پڕ لە سوێی ئەنفال زەدەکانەوە بەرزکرایەوە گوێبیستی خراپتر بووین. زۆرن ئەو پیرەژن و کەنەفتانەی شۆڕش بە نوگرە سەلمان دەشوبهێنن.
ناکرێت ئەم ناڕەزایەتییە هاوشێوەی ڕەخنە و نیگەرانی و ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە تەماشا بکرێت، هەرچەندە پێویستە دەسەڵاتدارێتیی کوردستان باوەش بۆ هەموو نیگەرانی و ناڕەزایەتییەک بکاتەوە داخوازییەکانیان لەبەرچاو بگرێت. بەڵام هاواری کەسوکاری ئەنفال، نیگەرانیی قوربانییانی هەڵەبجە جیاوازن، چونکە ئەوەی کورد بەدەستی هێناوە لەسەر خوێن و جەستەی قوربانییانی جینۆساید بەرهەم هاتووە نەک بەرهەمی شۆڕش و خەباتی چەکداری. ئەمان خاوەنی ڕاستەقینەی بەدەستهاتووەکانن، بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیی حکومڕانانی کورد ئەوەیە پێش هەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە ئاوڕ لەمان بداتەوە. بەڵام ئێستا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانەیە، ئەم بەشە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردی فەرامۆشکراوترینن.
کورد لەمێژە گوتوویەتی، کاسە پڕ بوو لێی دەڕژێت. ئەگەر تا ئەوپەڕی بێهیوابوون، چۆکی ئومێدیان نەشکێندرابێت، چۆن دەڵێن ڕۆژگاری حوکمی سەدام تەنیا بە جەستە ئەنفال دەکراین، ئێستا هەموو ڕۆژ ڕووحمان ئەنفال دەکرێت. ئاخر ئەم بەشمەینەتانەی کوردستان چۆن ناگەن بە و قەناعەتە کە دەبینن لە نزیکترین دەروازەی جەستەی ئەوانەوە لە کۆرمۆری قادرکەرەمەوە بۆڕی بۆ گواستنەوەی غاز ڕابکێشرێت تا تورکیا، بەڵام دەسەڵاتی کوردی لە 30 ساڵی تەمەن و حوکمڕانیدا نەیتوانیبێت بۆڕییەکی ئاو لە گۆپتەپەوە بگەیێنێتە چەمچەماڵ زێدی ئەنفالکراوەکان. ناهەقیان نییە کە دەڵێن ئێرەش هەر نوگرە سەلمان و دوبز و تۆپزاوایە بۆ ئێمە، لە نوگرە سەلمان ڕۆژانە دەبەیەک ئاومان پێئەدرا، بەڵام ئێستا لە شۆڕش حکومەتەکەی خۆمان دوو هەفتە جارێک ئاومان دەداتێ.
وڵاتێک ڕۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، نەتوانێ مانگانە ئەو بەشە کەمە مووچەیەی ئەو کەسانە بدات کە حوکمڕانییەکەی لەسەر خوێن و جەستەی ئەوان دامەزراوە، ئیتر چۆن نیگەرانییان ناگاتە ئەو ئاستە. ئاو و کارەبا، پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین نەکرێت، چۆن ژیانی ئێستای خۆیان بە زیندانەکانی نوگرە سەلمان ناشوبهێنن. ئەم دەستەواژە و بەراوردکردنە زۆر مەترسیدارە و دەبێت شۆکهێنەربێت بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات لە کوردستان. دەبێت حکومەت بەدەم داخوازییە سادە و ڕەواکانیانەوە بڕوات. ئەوان داوای شتگەلێکی زۆر سادە دەکەن، داوای ژیانی شاهانەیان نەکردووە، ئاویان دەوێ ئاو بۆ خواردنەوە. داوای قەرەبووی خوێن ناکەن، ئێسک و پروسکەکانیان دەوێتەوە. داوای تۆڵە لە ئەنفالچییەکان ناکەن، دەڵێن مەیانخەنە سەرووی ئێمەوە. داوای دادپەروەریتان لێدەکەن.
ئێمە بەردەوام گلەیی لە جیهان دەکەین، دەڵێن لە چرکەساتی ڕوودانی تاوانەکانی وەک هەڵەبجە و ئەنفال، چاویان لە بینینی تاوانەکە داخستبوو، گوێچکەیان لە ئاستی هاوار و ناڵەی قوربانییەکان کەڕ کرد، کەچی ئێستا کەسوکاری قوربانییەکان هەمان ئەو گلەییە ڕووبەڕووی دەسەڵاتە خۆماڵییەکەی خۆیان دەکەنەوە، چاو و گوێچکەی دەسەڵاتە کوردییەکەش هاوار و ئازاریان نابیستێ. بۆیە تا ئەو ئەندازەیە نیگەرانن کە ژیانیان بەخراپتر لە و سەردەمانە بزانن کە تاوانەکانیان بەرانبەر ئەنجام دراوە. دەبێت دەسەڵاتدارێتیی کورد بە حیزب و حکومەتەوە ڕابچڵەکێن، چونکە زۆر مەترسیدارە قوربانی بخرێتە ناو هەلومەرجێکی ژیانەوە خۆزگە بۆ سەردەمی جەلاد بخوازێت. دەبێت سەدای ئەو دەنگەی دوێنێ لە چەمچەماڵەوە بەرزکرایەوە، دەسەڵاتدارانی کورد بەئاگا بێنێتەوە، دەبێت بەهەموو جۆرێک بە ئاگابێنەوە. ئەگەرنا ئەوە دەبێت دڵنیابن هەڵگەڕانەوەی قوربانی وەک پەلاماری شێری بریندار وایە. [1]