$ئۆکراینا وانەیەک بۆ کوردستان$
#عارف قوربانی#
لە دەستپێکی هێرش و پەلامارەکانی ڕووسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، بابەتێک لەناو هەندێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەوروژێندرێت (کە بەدوور نازاندرێت تورکیا بە هەمان شێوە پەلاماری باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بدات) ئەمەش تاوەکو ئەندازەیەک جۆرێک لە ترسی درووستکردووە بە داهاتووی ئەزموونی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان.
سەرچاوەی ئەم پرسیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکە تورکیا پڕوپاگەندەی خاوەندارێتیی ویلایەتەکانی (حەڵەب و موسڵ) دەکات. بەدیاریکراوی لەوکاتەوەی ئەردۆغان ڕەفتار و کردارەکانی بردووەتەوە سەر سوڵتانەکانی عوسمانی، چەندجارێک ئەوەی تەئکید کردووەتەوە کە دوای ساڵی 2023 تورکیایەکی جیاواز دەبینن، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سنوورانەی پێش 100 ساڵ لێمان زەوتکراوە. بەتایبەتیش ناوی هەردوو ویلایەتەکانی موسڵ لە ئێراق و حەڵەب لە سووریا دەبات. وەکوو هەنگاوی کرداریش بۆ ئەم خواستە داگیرکارییەی لەسەر ئەرزی واقیع لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، هەنگاوی زۆری بڕیوە و بنکە و بارەگای سەربازیی تیا درووستکردوون، لە هەردوو پارچەکە جوگرافیای دیاریکراو بۆ سوپای تورکیا پاوانکراوە.
ئەوەی وادەکات لەم کاتەدا ئەم بابەتە ببێتە جێی باس و مەترسی، تەنیا هەڕەشە و هەنگاوەکانی تورکیا نین، بەڵکوو ئەو وێنا دزێو و نائەخلاقیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە پشتکردنە ئۆکراینا و بە تەنیا جێهێشتنی وەکوو نێچیرێک لە بەردەم پەلاماری ڕووسیادا، ئەم مەترسییەی زیاتر کردووە. گەرچی کورد پێویستبوو عیبرەتی لە ڕووداوەکانی کەرکووک و عەفرین وەرگرتایە کە چۆن دۆستەکانی پشتیان تێکرد، بەڵام هەندێک بەوە پاساویان دەهێنایەوە لەبەرئەوەی کورد دەوڵەت نییە، ناتوانێت لە بەرژەوەندیی نێوان دەوڵەتەکاندا هاوکێشەکان بگۆڕێت، بۆیە کەرکووک و عەفرین بوون بە قوربانیی بەرژەوەندیی وڵاتان، بەڵام ئەوەی ئۆکراینا زیاتر ئەوەی سەلماند کە ئەمریکا و ڕۆژاوا جێی متمانەی تاوەکو سەر نین پشتیان پێببەسترێت.
بۆیە بۆ هەر کوردێکی هۆشیار کە لەم دۆخەی ئۆکراینا دەڕوانێت، ئەگەر هەست بە هەمان مەترسی لەسەر چارەنووسی کوردستان بکات، نیشانەی بەئاگایی و زیندوێتییەتی، چونکە لە هەردوو دیوی ڕووداوەکەوە هاوشێوەبوونێکی زۆر لەنێوان کوردستان و ئۆکراینا هەیە. چی ئەوەی ڕووسیا دەیڵێت، کە ئۆکراینا ڕەچاوی پاراستنی ئاساییشی ڕووسیای نەکردووە، یان ئەو ئیدیعای خاوەندارێتییە مێژووییە بۆ ناوچەکانی ئۆکراینا. بوونی پێکهاتەی جیاواز لە هەرێمەکان و ڕیشەی مێژووییان بە ڕووسیاوە، هەروەها بوونی سەرچاوەکانی وزە و سامانی سرووشتی و زۆر بەرژەوەندیی دیکەی ئابووری، دەرگە و دەروازەی ڕووسیا و بەستنەوەی بە ئەوروپاوە و .... هتد. هەروەها چاوەڕوانی گەل و دەسەڵاتی ئۆکراینا بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و بەستنەوەی چارەنووسی خۆیان بە ئامانج و ستراتیژی ڕۆژاواوە، درووستکردنی ئومێد بە هێز و دەسەڵاتی زلهێزەکانی دیکەی جیهان. ئەوە ئەنجامەکەی بوو کە لە چرکەساتێکی زۆر هەستیاردا بە تەنیا بەجێیان هێشتن.
گەرچی هێشتا زۆر ڕوون نەبووەتەوە ئەوەی ئەمریکا و ئەوروپا بەرانبەر بە لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا کردیان، تاکتیکێک بوو بۆ ڕاکێشانی ڕووسیا بۆ ناو جەنگێک کە ئەنجامەکەی دیار نییە ڕووسیا چی لێدەچنێتەوە، یاخود هەر لە حەقیقەتدا ئەوە ئەخلاقی سیاسیی ڕۆژاوا بوو بۆ دۆستەکانیان؟ ئەنجامەکەی هەرکامیان بێت، دەرگەی بۆ ئەوە کردەوە کە شەرعیەت بۆ سنووری نێودەوڵەتی و پێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان نەهێڵێت. ئەوەتا یەک ڕۆژ دوای پەلامارەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا، چین مەیلی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تایوان خستەڕوو. لە ئێراقیش گوێمان لە و دەنگانە بووەوە کە داوای وەرگرتنەوەی (کوێت) بکەن بە و حوکمەی 100 ساڵ پێشتر بەشێک بووە لە ویلایەتی بەسرە، ئەوەی عەبدولکەریم قاسم و سەدام خەونیان پێوە دەبینی، دوێنێ لە بڵندگۆی شیعەکانیشەوە گوێبیستی بووین.
تورکیاش ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دوای 100 ساڵ لە و مێژووە، ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتنانە ڕەتدەکاتەوە کە بەهۆیەوە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لکێندراون بە دوو وڵاتی عەرەبییەوە. هەمان ئەو پاساوانە بۆ خاوەندارێتیی جوگرافیا و خەڵکەکەی و سەرچاوەکانی وزە و سامانی سرووشتی و ڕێڕەوی بەستنەوەی بە جیهانی عەرەبی و زۆر بەرژەوەندیی دیکەی کردووەتە بنەمای ئەو خەونە داگیرکارییەی. دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە قوبرس لە چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوو، گرتنی عەفرین و بەشێک لە ڕۆژاوای کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیە، دوو ئەزموونی ستەمکارانەی دەوڵەتی تورکیایە لە بێباکی و گوێنەدان بە سنوور و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان. بۆیە چاوتێبڕینەکانی ئێستای بۆسەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، ناکرێت نادیدە بگیرێن.
ئەوەی لێرەدا بۆ من جێی هەڵوەستە لەسەرکردن و پرسیارە، هەڵوێست و ڕەفتاری دەوڵەتی ئێراقە بەرانبەر بەم هاوکێشەیە، چونکە ئەوە هەر ئەردۆغان و تورکەکان نیین باس لەوە دەکەن کە دەچنەوە بۆ ویلایەتی موسڵ، ئەوە هەر ئێمەی کورد نیین وەک مەترسییەک باسی ئەو پلانە داگیرکارییەی تورکیا دەکەین، بەڵکوو ناوەندەکانی دەسەڵاتدارێتیی شیعە لە ئێراق خۆیشیان ئەو مەترسییەیان نەشاردووەتەوە. لە حاڵێکی وادا دەبوو بەغدا جۆرێک سیاسەتی لەبەرانبەر کورد و هەرێمی کوردستان پەیڕە و بکردایا، کە کورد بەغدا لە ئامێز بگرێت و پشت بکاتە تورکیا، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیکات بەزۆر پاڵ پێوەنانی کوردە و ناچارکردنێتی بەوەی وەکوو نێچیرێک خۆی لە بەردەم قەپاڵی تورکیادا ببینێتەوە.
ئایا هۆکار بۆ ئەم پاڵپێوەنانەی بەغدا چییە، نائومێدبوونە لە داهاتووی ئەم ناوچەیە و وەکوو ئەنجام بۆ ئەوان یەکلابووەتەوە کە بۆ تورکیا پاروویەکی ئاسانترە وەکوو لە خۆیان، یاخود ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە کە کورد خۆی نەبێت، ئیدی گرنگ نییە بەلایانەوە بۆ کێ دەبێت؟ یان بەشێکە لە پلان و دابەشکاریی هەژموون و ڕۆڵی وڵاتە هەرێمییەکان لەنێوان خۆیاندا. هەرکامیان بێت، ڕەنگە بۆ کورد هیچ لە ئەنجام نەگۆڕێت. ئەوەی بۆ کورد گرنگە وەرگرتنی پەند و وانەیە لە ڕووداوەکان.
ئایا وەکوو هیچ پەند و عیبرەتێکمان لە لەدەستدانی کەرکووک و عەفرین وەرنەگرت، کە یەکەمیان بێ بەرگری و دووەمیان بە دوو مانگ بەرخودان لەدەستمان چوون. کورد دەتوانێت پەند لەم ڕووداوانەی ئۆکراینا وەرگرێت؟ ئایا ئەو سەرکردە و سیاسییانەی ئەمڕۆ قەدەر و چارەنووسی کورد کەوتووەتە دەستیان، بیر لە ئەگەر و پێشهاتەکان دەکەنەوە یاخود سیاسەتی ڕۆژ بەڕێدەکەن؟ ئایا ئەو هەلومەرج و بارودۆخانە هەڵدەسەنگێنن کە لە گرتنەبەری کام ڕێگەدا کورد دەگەیێنێتە کەناری ئارامی، یاخود لەبەر ململانێ و دەستشکانی یەکدی ئاگامان لە و کەند و کۆسپانە نییە دێنە پێشمان؟ [1]