$هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و وێنای کوردستان لە دەرەوه$
#عارف قوربانی#
هەفتەی ڕابردوو بەهۆی لەبەرکردنی جلی پرتەقاڵی بۆ چەند خۆپێشاندەرێکی پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی و دەرخستنیان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وەک تاوانبار، بۆ جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و لە ئاستی دونیای دەرەوە کەوتەوە بەر ڕەخنە و لۆمەکردن و وەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ناوی کەوتە ناو ڕاپۆرتە جیهانییەکانەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیا ناوخۆییەکانیشدا ڕووبەڕوی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی زۆر بووەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی جلوبەرگی پرتەقاڵی کرابووە بەر دەستگیرکراوەکان، چونکە ئەو ڕەنگ و شێوازی جل لەبەرکردنە لە ئەمریکا بۆ زیندانیکراوانی گوانتانامۆ و داعشیش بۆ پێشمەرگە دیلەکان بەکاریان هێناوە و وێنایەکی سامناکی وەرگرتووە.
هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نییە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی سەرکۆنەی هەرێمی کوردستان بکەن، بەدرێژایی چەند ساڵێکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی هەرێمی کوردستانیش لە ڕیزی ئەو گرووپ و وڵاتانەدایە کە بەپێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ڕۆژنامەنووسان ناوی دەبرێت. ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) و زۆر ناوەندی دیکەی کاریگەر ڕەخنە لە دەسەڵاتدارێتیی کوردستان دەگرن.
ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە هیچ کات ئەو ڕەخنە و لۆمەکردنانە لە هەرێمی کوردستانەوە بەبایەخەوە وەرنەگیراوە و نەبووەتە هۆکاری ڕاچڵەکین و بەخۆداچوونەوە، وەک ئەوەی ئەو ڕاپۆرتانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان نەبێت و کارنەکاتە سەر سیاسەتی نێوودەوڵەتی لە تێڕوانینیان بۆ داهاتووی کوردستان، بگرە هەندێجار بە زمانی تووند و زبر (بە چەواشەکار و ناڕاست و بوونی دەستی دوژمنکارانە) وەڵامی ڕێکخراوە نێوودەوڵەتییەکان دراونەتەوە.
ئایا هەر بە ڕاستی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ڕێکخراوەکانی دیکەی ناوخۆی و جیهانی لە وێناکردنی هەرێمی کوردستان بە (بوونی زیندانی نایاسایی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، کوشتنی ڕۆژنامەنووس، سزادانی خەڵک لەسەر ئازادیی ڕادەبڕین و کوشتن و زیندانیکردنی خۆپێشاندەر) هیچ کاریگەرییەکی نابێت بۆ داهاتووی کوردستان؟ ئەوەی تێبینی دەکرێت و لە وەڵامدانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەخوێنرێتەوە بێباک بوونێتی بەرانبەر بە و کاردانەوە نێوودەوڵەتییانە. بێگومان ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە تێگەیشتنی هەرێمی کوردستان بە و جۆرەیە کە خودی ڕاپۆرتەکان و بگرە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش کە ڕاپۆرتەکان بەناویانەوە بڵاودەکرێنەوە، ڕۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە. چونکە ئەگەر تێگەیشتنەکە بە و جۆرە بووایا کە ئەم ڕاپۆرتانە مەترسی و هەڕەشەی گەورەن لەسەر هەرێمی کوردستان، دەبوو هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرانبەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە جۆرێکی دیکە بووایا.
ئەوانەی بە چاوی کەم و بێبایەخانە لە و ڕاپۆرت و ڕەخنانە دەڕوانن، پێدەچێت هێشتا هەستیان بە کاریگەرییەکانی نەکردبێت، ڕەنگدانەوەکانی نەبینن بۆ ئەو وێنایەی کە خەریکە لە دونیای دەرەوە بۆ کوردستان درووست دەبێت. هەرێمی کوردستان درووستبوون و مانەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئەوەی وایکردووە لەناو بازنەیەکی ئاگردا بۆ سێ دەیە بەپێوە بمێنێتەوە، ئەو سیاسەتە نێودەوڵەتییەیە کە بە چاوێکی جیاواز لە کورد دەڕوانێت و هیوای لەسەر هەڵچنیوە وەک دەوروبەرەکەی نەبێت. ئەگەر خوانەکردە ڕۆژگارێک بێت ئەو سیاسەتە نێودەوڵەتییە پشت بکاتە کورد، بەرگەی هەفتەیەکی ململانێی دەوروبەرەکەی ناگرێت. بۆیە دەبێت ئەو ڕاستیە هەمیشە لەبەرچاو بگیرێت بوون و مانەوەی قەوارەی کوردی بەستراوە بە پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە و، ئەرکە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەدوای بەهێزکردنی ئەو ڕایەڵانەوەبن کە بەجیهانیان دەبەستێتەوە.
بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی نێودەوڵەتیش بەهێزترین ئامرازێک کورد بتوانێت دەستیان پێوە بگرێت بۆ وابەستەکردنی جیهان بەخۆیەوە، درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ و سەروەربوونی یاسا تێیدا بەرقەراربێت. بەڵام ئایا دۆخی ناوخۆی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ درووستبوونی ئەو وێنایە بۆ کۆمەڵگەی کورد؟ بینینی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری کوردستان ئومێدبەخش نییە، نەک بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی دەرەوەی خۆی ڕابکێشێت، بەڵکوو ناتوانرێت ئومێدی ئەوەشی لەسەر هەڵبچنێت کە ئەگەر هیچ نەیار و دوژمنێکیشی نەبێت، بتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان درووستبووە ئەگەر بەری پێنەگیرێت، بەرگە ناگرێت و دەڕووخێت.
سادەترین هۆکاریش ئەوەیە هەستی خۆبەخاوەنزانین و بەرپرسیارێتیی گشتی نەماوە. حیزب و حکومەت، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکانی هەرکەس خەریکی خۆیەتی و وەک ئەوەی چاوەڕێی قەدەرێک بکەن، ڕۆژ بەڕێ دەکەن. کەس نییە خەم لە باشکردنی بخوات و هەڵە و چەوتییەکانی ڕاستبکاتەوە. بێمتمانەییەکی زۆر لەنێو خەڵک و لە خەڵکەوە بۆ دەسەڵاتەکەی درووستبووە. شیرازەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێکچووە، نایەکسانی و نادادپەروەری، لاوازبوونی ڕۆڵی دادگە و دەسەڵاتی دادوەری، سەرهەڵدانەوەی دیاردەی عەشیرەتگەری و دیوەخانی پیاوماقوڵان، پەرەسەندنی تاوان و زۆربوونی دیاردەی کوشتن بوونەتە سیما دیارەکانی کوردستان.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری، پەرەسەندنی دیاردەی وازهێنان لە خوێندن و ڕووکردنە نێرگەلەخانەکان، زۆربوونی تلیاک و حەشیش، پڕبوونی زیندانەکان لە ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر، دابەزینی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندرووستی، زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە، نائومێدی گەنجان لە ئێستای وڵات و بێهیوابوونیان بۆ دواڕۆژێکی باشتر، سەرهەڵگرتنی ڕۆژانەی پۆل پۆل لاوەکان و بوونە خۆراکی ماسی و قرشی دەریاکان.
بەردەوامبوون لەسەر فراوانکردنەوەی هێزی چەکدار، درووستبوونی گرووپی جیاجیای چەکداری خاوەن بەرژەوەندی و دەستخستنە بازاڕ و قووتی خەڵکی. تاڵانکردنی سەروەت و سامانی گشتی و سەرچاوەکانی داهات، سەپاندنی هەژموونی کەسی و حیزب بەسەر سامان و سەرچاوەی سرووشتی وڵاتەوە، لە هەمووی مەترسیدارتر تەشەنەسەندنی گەندەڵی و فراوانبوونەوەی تەنانەت بۆ ناو دامودەزگە تەندرووستی و دادوەرییەکان. لاوازکردنی ڕۆڵی دامەزراوە چاودێری و دەزگا دیموکراسییەکان. کڕینی میدیا و ڕاگەیاندنکارە ئازا و ئازادەکان، ترساندن و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و بایەخنەدان بە ڕەخنە و پڕۆژەی چاکسازی.
وەک مەترسی دەرەکیش بەردەوامبوونی بەعەرەبکردن و تەشەیوع لە و ناوچانەی کوردستانی بن دەستی بەغدا، هێنانە ناوەوەی لێشاوی کۆچی عەرەب بۆ ناو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتدارانی کورد. هاتنی لەشکری تورک بۆ ناو قووڵایی هەرێمی کوردستان و پڕکردنی بازاڕی کوردستان لە خۆراکی بێکوالێتی و ماوەبەسەرچووی تورک و ئێران. ئەمانە و دەیان هێندەی تر دیاردە و دیمەنی دزێوی ڕۆژانەی ناو ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو جوگرافیایەن کە پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان.
لێرەدا پێویستە خۆمان بخەینە بەردەم ئەو پرسیارەی کۆمەڵگەیەک ئەوە دیاردەی ڕۆژانە و سیما دیارەکانی بن، کە بێ هیچ تەڵخییەک لە جیهانەوە دیارە، چۆن دەتوانێت ببێتە خاڵی ڕاکێشان بۆ سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانیان؟ ئەگەر کورد دەیەوێ لەناو ئەو بازنەی ئاگرەدا بمێنێتەوە و سیاسەتی نێودەوڵەتی پشتیوانی مانەوەی قەوارەکەی بکات، دەبێت چاکسازی لە و خراپەکارییانەی دۆخی ناوخۆی خۆی بکات. ڕێگەی پشتیوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەردەوامبوونی سیاسەتی زلهێزەکانی جیهان لە کورد، بەستراوە بە حوکمڕانییەکی دادپەروەرانەی خۆماڵی کوردییەوە. [1]