$سزای خەڵک وەک گوشاری سیاسی$
#عارف قوربانی#
شتێکی نامۆ نییە و تا ئەندازەیەک لە هەموو دونیادا خەڵک لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکار دەبرێن. هەرچی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هەیە تەرەفە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن بیقۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان. تەنانەت زۆر جار خەڵک دەکرێنە گوشاری سیاسی بۆ سزادانی دەسەڵات. هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم دیاردە سیاسییە و بگرە هەر لە بنەڕەتەوە درووستبوونی بزاوتی چەکداری کورد لە باشوور قۆستنەوەی ناڕەزایەتی ئاغا و دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکانی کورد بوو دژ بە بڕیاری چاکسازیی کشتوکاڵی لە ئێراق کە عەبدولکەریم قاسم وەک پڕۆژەیەک کاری لەسەر دەکرد.
بەڵام ئێستا لە ئێراق و کوردستان وەک زۆربەی شتەکانی دیکە ئەمیش پێچەوانە بووەتەوە، لەبری ئەوەی خەڵک بەکار ببرێت وەک گوشار بۆ سزای سیاسی لایەنەکانی دەسەڵات، کەچی لایەنە سیاسییەکان و کارەکتەرەکانی دەسەڵات سزای خەڵک دەدەن وەک گوشاری سیاسی بۆ سەر ڕکابەرەکانیان. لێکەوتەی ئەم جۆرە نالۆژیکییە لە بەڕێوەبردن و ململانێی سیاسی لە ئێراق و کوردستاندا بەدیاریکراوی لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگیداوەتەوە.
وا بۆ هەشت ساڵ دەچێت هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ناو قەیرانێکی داراییەوە، سەرەتای درووستبوونی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی، هەروەها ململانێی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا. واتا لە بنەڕەتدا کێشەکە کێشەی دارایی نەبوو، بەڵکوو کێشەیەکی سیاسی بوو. هەوڵدان بۆ بەکاربردنی خەڵک وەک گوشاری سیاسی لە ململانێ سیاسییەکەدا ئەنجامێکی پێچەوانەی لێکەوتەوە، خەڵک سزاکەی چەشت نەک لایەنە ناکۆکەکان. بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن مالیکییەوە پەیوەندیی بە ململانێ سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغداوە هەبوو، نەک وەک ئەوەی دەگوترێت لەبەر ئەوە بوو هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتی دەفرۆشت.
دوای ئەم ڕووداوە و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، هەرێمی کوردستان هاتنی داعشی قۆستەوە بۆ دەستگرتن بەسەر نەوتی کەرکووکدا و بەپاساوی ئەوەی بەغدا بودجە ناداتە کوردستان، تا 16ی ئۆکتۆبەر هەرێمی کوردستان نەوتەکەی دەفرۆشت. لە 16ی ئۆکتۆبەردا نەوتی کەرکووک لە دەستی هەرێمی کوردستان دەرهێندراو بە ناوبژیوانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەغدا بڕیاریدا مانگانە بڕێکی دیاریکراو پارە بداتە هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کوورتهێنانی مووچە.
ئەوکاتیش بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەرەیەک و چوار لایەنی سیاسیی ناڕازی (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی) ، چەندین جار نوێنەریان چوونە لای عەبادی و داوایان لێدەکرد ئەو بڕە پارەیەی وەک هاوکاری بۆ پێدانی مووچە دەدرێتە هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت. چونکە ئەم چوار لایەنە کێشەی سیاسییان لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەبوو.
کاتێک عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆکوەزیران ئەو بڕە پارەیەی پێشتر عەبادی تەرخانی کردبوو کە 317 ملیار بوو، زیادیکرد بۆ 450 ملیار دینار و ناردنی ئەم پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی دەستی لەکارکێشایەوە. عادل عەبدولمەهدی پێشتریش لە کابینەکەی عەبادی کە وەزیری نەوت بوو بۆ ماوەیەکی زۆر یارمەتیی هەرێمی کوردستانی دابوو، لە هەردوو جارەکەشدا بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەولێر و بەغداوە تووشی ئیحراجی زۆر بوو، بەڵام تا بەردەوامبوونی لە پۆستەکانی نەکەوتە ژێر کاریگەریی ململانێ سیاسییەکانەوە و قوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تێکەڵ بە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان نەکرد. بەڵام هاتنی مستەفا کازمی هەر لە سەرەتاوە بووە مۆتەکەی سەر مووچەی هەرێمی کوردستان، 450 ملیار دینارەکەی بەیەکجاری بڕی و دوای چەند مانگێک و بێنەوبەرەی زۆر، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری دا و زۆر بە ڕوونی ئەویش پەیوەستکراوە بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان پارتی و سەرۆککۆمارەوە. نێوانیان باش بێت لەکاتی خۆیدا دەگات و پەیوەندییان خراپ بێت، کۆسپی دەخرێتەڕێ.
هەموو ئەو گێڕانەوانەم بۆ ئەوەیە کە بڵێم سەرباری ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، بەڵام بناخەی ئەو قەیرانە داراییەی بۆ هەرێمی کوردستان درووستبووە کێشەکە سیاسییە نەک دارایی. چی ئەوەی لە بەغداوە بەرانبەری دەکرێت و هەرچی ئەوەشی لە ناوخۆدا ڕوو دەدات، کە خەڵک باجەکەی دەدەن، لێکەوتەی ناکۆکییە سیاسییەکانن. ئەگەر ئەو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییانە نەبوونایە، بەدڵنیاییەوە شتێکیش نەدەبوو بەناوی قەیرانی دارایی.
داهات لە هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە بەشی مووچە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەمووی ناخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە و دەبینین مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا نادرێت و وابەستەکراوە بەوەی کەی بەغدا 200 ملیارەکە دەنێرێت؟ دەگوترێت ئەگەر بەغدا ئەو بڕە پارەیە نەنێرێت جارێکی دیکە لێبڕینی مووچە یاخود پاشەکەوتکردنی مووچە ئەگەرێکی کراوەیە.
تەماشا بکەن هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان، دەرئەنجامەکەی هەر سزای خەڵکەکەی لێدەکەوێتەوە. کاتێک بەغدا و هەرێمی کوردستان ناکۆکیی سیاسییان هەبوو بە ڕێگەیەک ویسترا خەڵک بەکار ببرێت وەکوو گوشار بۆ سزای سیاسیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەنجامەکەی سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بوو. ئێستاش پارتی و یەکێتی ململانێ و ناکۆکیی سیاسییان هەیە، هەردوولاش ئەو سیاسەتە پەیڕە و دەکەن کە بە حساب خەڵک بەکاربەرن لە ململانێ سیاسییەکانیاندا، بەڵام ئەنجامەکەی دیارە کە هاووڵاتییان سزاکە دەچێژن. بازاڕی کار ئەگەر نەشوەستابێت تا ئەندازەیەکی زۆر سست بووە، مووچەخۆران لەکاتی خۆی شایستەی کارەکانیان پێنادرێت، هۆکارەکان ئەوە نییە کە پارە نەبێت، پارە زۆرە، بەڵام کراوەتە کارتی سیاسی بۆ وروژاندنی خەڵک لە ناکۆکییە سیاسییەکاندا تا ببنە هێزی گوشار لەسەر ڕکابەرەکانیان، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لایەنە ناکۆکەکان پۆشتەتر دەبن و خەڵکیش لەڕ و لاوازتر.
بەپێی زانیاریی ڕاگەیێندراوی پەڕڵەمانتاران لە لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەکان بڕی ئەو پارەیەی لە داهاتی فرۆشی نەوت و غاز دەست هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بڕێکی زۆرە. هەروەها ئەوەی لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ کۆدەکرێتەوە، ئەوەشی لە باج و ڕسوماتی تاپۆ و داهاتی جۆراوجۆری وەزارەت و دام و دەزگا حکومییەکان دەست دەکەوێت، پێکەوە زۆر لەوە زیاترە، کە نەک هەر بەشی مووچە، بەڵکوو دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێبکرێت. بەڵام دەبینین سەرباری بوونی ئەو داهاتە جۆراوجۆرانە، کوردستان لەناو قەیرانی داراییدا دەتلێتەوە، لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی بە ڕێژەیەکی کەمی دیاریکراو (تەمویلی) حکومەت دەکەن بۆ مووچە، هەموو ئەو داهاتانەی دیکە کە کۆدەکرێنەوە نادرێتە حکومەت.
یەکێتی ناکۆکیی لەگەڵ پارتی هەیە لەسەر دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی، پارەی گومرگ و داهاتی ناوخۆی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەمووی ناداتەوە حکومەت بەپاساوی ئەوەی هەموو پارەی نەوت ناگەڕێتەوە. دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە خەڵک بەکار بەرێت وەک گوشار لەسەر پارتی و نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا ببێتە گوشار لەسەر دەسەڵاتدارانی پارتی تا لە دۆسیەی نەوت سازشی بۆ بکەن. لەبەرانبەریشدا پارتی هەموو داهاتی گومرگ و ناوخۆی ژێر دەسەڵاتی خۆی ناداتە حکومەت بەپاساوی ئەوەی کە سلێمانی پارەی کەم دەنێرێت و بۆچی بە پارەی هەولێر و دهۆک مووچەی سلێمانی بدەین. لەم نێوەندەدا پارتی و یەکێتی بەهۆی ئەم ناکۆکییە سیاسییەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داهاتی زۆرتر کۆدەکەنەوە و خەڵکیش برسیتر دەکەن.
ئەمەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات لە چوارچێوەی هیچ پێناسە و تێزێکدا پێناسە ناکرێت، شتێکی زۆر جیاوازە لە هەموو شێوازەکانی حوکمڕانی لە دونیادا. کە نەک هەر ئەوەی تێپەڕاندووە بەکاربردنی خەڵک بێت لە ململانێی سیاسی، بەڵکوو بە بارمتەگرتنی میللەتێکە بۆ ئامانجی لایەنە سیاسییەکانی. [1]