$بژاردەی چارەسەر بۆ پرسی دەرماڵە$
#عارف قوربانی#
لە هەفتەی ڕابردوو خۆپێشاندانی خوێندکاران و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە فراوانی دەستیپێکرد، گەرچی لە پەیام و داواکارییەکانیاندا کێشە و گیروگرفتی زۆریان خستەڕوو، بەڵام ئامانجی سەرەکییان بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو بڕە پارەیە بوو کە وەک دەرماڵە لە دوو دەیەی ڕابردوو دەدرایە ئەم توێژە و لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014وە ڕاگیراوە.
لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە شەقام، لەناو میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وەک جۆرێک لە پشتیوانی بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندکاران، زۆر کەس لە دەستەبژێری ناو کۆمەڵگە و مامۆستایانی زانکۆ سەرگوزشتەی ژیانی خۆیان دەگێڕایەوە کە بەهۆی بوونی دەرماڵەوە توانیویانە خوێندن تەواو بکەن و زۆربەیان ئەوەیان دووپاتکردبووەوە کە ئەگەر ئەو دەرماڵەیە نەبووایا بەهۆی هەلومەرجی سەختی ئابووریی ئەوکاتی کوردستانەوە نەیاندەتوانی درێژە بەخوێندن بدەن.
مەبەستم لە تیشک خستنەسەر ئەم باس و بەسەرهاتەی ئەو کەسانە ئەوەیە کە بیڵێم لە ڕابردوودا یەکێک لە و کار و هەنگاوە باشانەی حکومەتی هەرێم کە ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، بڕینەوەی دەرماڵە بووە بۆ قوتابییان و خوێندکاران. بەتایبەت لە و ڕۆژگارە سەختانەی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەهۆی گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی لەسەر ئێراق و گەمارۆی ئێراقیش لەسەر هەرێم، کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕی و خەڵک ناچار بوون بۆ پەیداکردنی نان تەنانەت دەرگە و پەنجەرەی خانووەکانیان بفرۆشن. لە و ڕۆژگارانەدا شانەبەشانی گرانی، شەڕی نەگریسی ناوخۆیش بەرۆکی بە خەڵک گرتبوو، لە و بارودۆخەدا درێژەدان بەخوێندن و بەپێوەمانەوەی زانکۆ و پەیمانگەکان وەک جۆرێک لە تەحەدا وابوو، ئەوەی بەپلەی یەکەم بووە هۆکاری بەردەوامی خوێندن بڕینەوەی ئەو بڕە پارەیە بوو کە بۆ هەر (خوێندکار – قوتابییەکی) ناو شارەکان پەنجا دینار و بۆ دەرەوەی شارەکان 150 دیناریان پێدەدرا، چەند ڕێکخراوێکی مرۆیی نێودەوڵەتیش لە ڕێگەی کۆمەڵەی خوێندکاران و یەکێتیی قوتابییانەوە هاوکاریی بەشەناوخۆییەکانیان دەکرد، تەنانەت کەلوپەل و هەندێکجار خواردنیشیان بۆ دابین دەکردن. ئەو قۆناخە بە و شێوەیە تێپەڕی و زۆرێک لەوانەی ئێستا پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ و کەسانی دیاری ناو کۆمەڵگەن، ئەوکات لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەیانخوێند و بە و پشتیوانییانەوە توانییان خوێندن تەواو بکەن.
ئێستاش کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و هەمان ئەو هەلومەرجانەی بوونە هۆکاری بڕیاردان بۆ بڕینەوەی دەرماڵە بۆ (قوتابی - خوێندکار) بوونیان هەیە. زۆربەی خێزانەکانی ناو هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی هاتوون بەهۆی نەبوونی کار و ئەو گیروگرفتانەی دیکەی ناو هەرێمەوە. ئەو ئامارانەی ساڵانە دەخرێنەڕوو کە لەبەر دەستکوورتی خێزانەکان ناچارن منداڵەکانیان لە خوێندن دابڕن، ژمارەی ترسێنەرن. بۆیە گرنگە و ئەرکیشە لەسەر حکومەت بەدوای چارەسەردا بگەڕێت، تەنانەت ئەگەر پێشینەی ئەو بڕیارەش نەبووایا، دەبوو بۆ ئێستا بیر لەوە بکرایەتەوە بە چ ئامرازێک و لە چ ڕێگەیەکەوە کۆمەک بە درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن بکرێت.
دوێنی هەر پەیوەست بە بابەتی دەرماڵە و خۆپێشاندانەکان، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکار و قوتابی زانکۆکانی کوردستان کۆبووەوە، لە و دیدارەدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ کرد کە (حکومەت تەنیا بەرپرس نییە لە ژمارەی مووچەخۆرەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان ملیۆنێک و 200 هەزار کەسە، بەڵکوو بەرپرسیارە بەرانبەر بە پێنج ملیۆن کەسی تریش کە مووچەیان نییە) . ئەمە مافیقەتە و حکومەت بەرپرسیارە لە دەستەبەرکردنی هەل و دەرفەتی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو خەڵک بە یەکسانی. جا لەبەر ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوو دەرفەتی یەکسان نەڕەخساوە بۆ خەڵک لە دامەزراندن و سوودوەرگرتن لە حکومەت و، بگرە ناعەدالەتی زۆرزۆر بووە لە شێوازی دامەزراندن کە خێزانی وا هەن بەهۆی پشتیوانیی حیزبەکانیانەوە هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان دامەزراون و مووچەخۆرن و لەبەرانبەردا بە سەتان خێزان هەن هیچ مووچەیەک لە حکومەت وەرناگرن. بۆیە ناتوانرێت بڵێین ئەو ڕێژەیەش لە فەرمانبەران دەربڕی ئەوەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک لە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان مووچەخۆریان هەیە، ڕەنگە ئەو ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرە سەر بە چەند سەت هەزار خێزانێک بن، واتا بەشی هەرە زۆری خێزانەکانی کوردستان مووچەیان نییە.
خوێندکار و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانیش بەشی هەرە زۆریان سەر بە و چینەی کۆمەڵگەن، چونکە بەهۆی کوالێتیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکانەوە، ئەو خێزانانەی ئیمکانیاتیان زۆرە منداڵەکانیان ناردووەتە بەر خوێندنی ئەهلی. بۆیە دەبێت بیرکردنەوە لە چارەسەر بۆ کۆمەکی خوێندن ڕەچاوی ئەوە بکرێت زۆرینەی ئەوانەی لە کەرتی حکومەت دەخوێنن ئەوانەن کە پێویستیان بە یارمەتییە. بۆ ئەم مەبەستە چەند بژاردەیەک دەخەمەڕوو کە هیوادارم یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە.
یەکەم: عەدالەت ئەوەیە بێجیاوازی حکومەت بڕیار بدات دەرماڵە بە هەموویان بدات. ناکرێ لە ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ و سەردەمی گەمارۆی ئابووری، حکومەت توانیبێتی دەرماڵە بداتە خوێندکاران، لە ئێستادا کە خاوەن چەندین دەروازەی نێودەوڵەتی و سەرچاوەی سرووشتی وەک غاز و نەوتە، داهاتی ناوخۆیی چەندینجار زیادیکردووە، نەتوانێت مانگانە کێشەیەکی گەورە کە بە کەمتر لە 10 ملیۆن دۆلار چارەسەر دەبێت، چارەی بکات. دوێنێ سەرۆکی حکومەت لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەگەر داهاتی هەموو پارێزگاکان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەتوانن زۆر کێشە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەوەش هەر ئەرکی حکومەتە داهاتەکان بە ڕێکی کۆبکاتەوە و بە رێکی دابەشی بکات، بۆ دەبێت قوتابی و خوێندکار باجی ئەوە بدەنەوە.
دووەم: دەکرێت حکومەت بڕیار بدات بە دامەزراندنی سندووقی هاوکاریی پڕۆسەی خوێندن، مانگانە حکومەت خۆی بە بڕێکی دیاریکراو یارمەتیی ئەم سندووقە بدات، هەروەها لە مووچەی هەر مووچەخۆرێک تەنیا بڕی 1٪ی مووچەکانیان بخرێتە ئەم سندووقە و داوا لە سەرمایەداران و کۆمپانیا و شەریکاتی ناوخۆیی و ڕێکخراوە کۆمەکبەخشەکانیش بکرێت یارمەتیی ئەم پڕۆژەیە بدەن. ئەو بڕە پارەیەی دەخرێتە سەر ئەم سندووقە تەنیا ئەو1٪ەی مووچەخۆران بەشی ئەوە دەکات کە بڕیاری پێدانی دەرماڵە بدرێتەوە، ئەگەر مووچەخۆرێکیش بڕی چەند هەزار دینارێکی کەم لە مووچەکەی ببڕدرێت بۆ ئەم سندووقە، دەدرێتەوە بە منداڵی خۆی کە لە زانکۆ یان لە پەیمانگە دەخوێنن.
سێیەم: لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو سندووقە پێکنەهێندرا، دەکرێت حکومەت بڕیار بدات بۆ هەر خوێندکار یان قوتابییەک کە ئەگەر لە ماڵەوە مووچەی دیکە وەرناگرن، بە پلەی یەکەم دەرماڵە بدات بەوان، چونکە سەرچاوەی بژێوییان نییە.
ئەگەر هیچ کام لەم ڕێگەیانە نەگرێتەبەر و پێمان وابێت وەک زۆر کێشەی دیکە بە تێپەڕینی کات ئەمیش تێدەپەڕێت، بەدڵنیاییەوە لێکەوتەکانی زۆر بەخراپ دەشکێتەوە لەسەر پڕۆسەی خوێندن و ژمارەی ئەوانەی بەناچاری دەستبەرداری خوێندن دەبن زۆر زیاتر دەبن. [1]