$کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان وەکوو زەنگێکی مەترسیدار$
#عارف قوربانی#
ڕۆژانە لە رێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵی جۆراوجۆری شێوازەکانی کوشتن لە کوردستان بڵاودەکرێنەوە، (باوکێک کوڕەکەی خۆی کوشت، برایەک براکەی کوشت، ژنێک پیاوەکەی کوشت، پیاوێک منداڵەکانی خۆی کوشت، هەرزەکارێک دوو خوشکی و دایکی پێکەوە کوشت، پیاوێک هاوسەرەکەی و دایکی پێکەوە کوشت، مامێک لەلایەن برازاکەی و زاوایەک لەلایەن خەزوریەوە کوژرا، زاوایەک هاوسەرەکەی و خەسووی پێکەوە کوشت، کەسێک لەلایەن هاوڕێیەکیەوە کوژرا، لەسەر دەمەقاڵێی نێوان دوو منداڵ دوو دراوسێ بووە شەڕیان و چوار کەسی تیادا کوژرا، لەسەر فول لایتی سەیارە شۆفێرێک درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا، لەسەر پارکینگی ئۆتۆمبێل دوو کەس کوژران، مامۆستایەک لەلایەن قوتابییەکەی و وەستایەک لەلایەن شاگردەکەیەوە کوژراون. ژنێک خۆی سووتاند، گەنجێک خۆی هەڵواسی، خوێندکارێک لە پردێک خۆی خستەخوارەوە، پیاوێک لە لایڤێکدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا) .
ئەمانە نموونەیەکی کوورتی ئەو هەواڵانەن کە ڕۆژانە هەموومان دەیانبیستین، بەڵام هەموو ئەو هەواڵ و ڕووداوانە نین کە وەکوو تاوان ڕوو دەدەن. زۆری دیکەش هەن دەکوژرێن و دەخنکێندرێن و دەڵێن کۆچی دواییکرد. ئێمە هەر تەنیا هەواڵی کوشتنەکان دەبیستین. هەروەها تاوانی دیکە زۆرزۆرن و نابنە هەواڵ، هاواری دیکەی زوڵملێکراوان زۆرن و دەنگیان بە گوێی کەس ناگات. ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات دەرهاویشتەی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەیەک خەریکە هیچ شتێکی لە شوێنی خۆی نامێنێت. کە چاوەڕوانکراوە بۆ کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی هاوشێوەی لەبەر زۆر هۆکار ڕێژەی تاوان تیایدا بەرز بێت، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستەلەسەرکردنە ئەوەیە کە جۆری تاوانەکان لە کوردستان پێچەوانەی زۆربەی کێشەی کۆمەڵگەکانی دیکەیە.
زۆرێک لە و ڕووداوی کوشتنانەی دەیانبیستین، شەڕی کۆنەقین و دوژمنایەتیی کۆن و تۆڵەکردنەوە نین، تاوەکو بگوترێت کێشەکەیان پێشینەی هەبووە و چارەسەرنەکردنی بووەتە هۆکار بۆ ئەنجامدانی تاوان، بەڵکوو پەیوەندیی بە ڕووداوی کاتی و سەرهەڵدانی کێشەیەکی بچووک و لێکتێنەگەیشتن و دەمەقاڵێ و زۆرجار تووڕەبوون و هەڵچوونێکی کاتییە وە هەیە. ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتییە.
بەڵام ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە، زۆریی قوربانییەکان یان لەلایەن کەسوکاری خۆیان یاخود برادەرە هەرە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن، بۆچی کەسێک لەناکاو و بەهۆی کێشەیەکی لاوەکی یان هەڵچوونێکی کاتییە وە ئامادەیە ئازیزترین کەسی ژیانی بکوژێت؟ یاخود لەسەر کێشەیەک ئامادەیە خێزانێک لەناوببات؟ ئەوەی ئێستا لە کوردستان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار، هەر قوڵبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان نین وەکوو سەرچاوەی زۆربوونی تاوان، بەڵکوو بەشی زۆریان کێشەی ناو خێزانەکانن. ئێمە ئەوەی ڕۆژانە لە میدیاکانەوە دەیانبیستین تەنیا باس لە ڕووداوەکان دەکەین، تەنانەت مرۆڤەکانیش بوون بە ژمارە، تەنیا ژمارەی قوربانییەکان دەبیستین، نە لە هۆکارەکانی دیاردەکە دەکۆڵینەوە و نە بەدوای چارەسەریشدا دەگەڕێین. لە کاتێکدا ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بە هەموو پێوەر و مانایەک زۆرزۆر مەترسیدارە.
ئەگەر ئامارێک بکرێت و کۆی تاوانەکانی 10 ساڵی ڕابردوو بخرێتەڕوو کە چەند دایک لەلایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون، یان چەند باوک بە دەستی کوڕ و چەند کوڕ لەلایەن باوک و چەند برا بە دەستی برا و چەند خوشک لەلایەن براکانیان کوژراون، ڕەنگە ژمارەکان زۆر تۆقێنەربن؛ کە هیوادارم یەکێک لە ناوەند و کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە و ئەرکە هەستێت. ناکرێت ئەمە هەر وەکوو کۆمەڵگەیەک وێنا بکرێت کە ڕێژەی تاوان تیایدا بەرزە، ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت پێویستی بە لەسەر وەستانە، دەبێت ڕاچڵەکین درووست بکات، چونکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات کە ئەنجامەکەی هەر بە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە کۆتایی نایەت، تێکچوونی شیرازەی خێزانیش دەگرێتەوە.
دەبێت بەدوای هۆکارەکانی پشت ئەم دیاردەیە بگەڕێین، تاوەکو هۆکارەکان نەدۆزرێنەوە چارەسەرکردنیش دەبێتە مەحاڵ. ڕەنگە کەسانێک بە ڕووکەشانە هۆکارەکەی تەنیا بۆ بوونی چەک لە ماڵاندا بگێڕنەوە، چەک ئامرازە بۆ ئەنجامدانی تاوان، چەک هۆکار نییە. زۆرێک لە و تاوانانەی ئەنجامیش دەدرێن بە ئەندازەی بەکاربردنی چەک ئامرازی دیکە بەکاردەبرێت، کوشتن بە چەقۆ، بە سووتاندن، خنکاندن و زۆر شێوازی دیکە هەن. کەواتە تەنیا بوونی چەک لە ماڵاندا یاخود بە بیرکردنەوە لە قەدەخەکردنی چەک ئەم دیاردەیە بنبڕ ناکرێت. ئەگەر توێژەرەکانمان بکەونە شەنوکەوکردنی هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، ڕەنگە بگەنە ئەنجامێک کە ڕاگەیاندن و پەروەردەی خێزان و سیستەمی پەروەردەیی وڵاتەکە و دەزگا و دامەزراوە ئایینییەکان لە بوونی چەک ئۆباڵی زیاتریان بەربکەوێت.
پێویستە ناوەندەکانی حوکمڕانیی کوردی بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتی، ئەم دیاردە ترسناکە لە شوێنێکدا دەبێت ڕابگیرێت، لێکەوتەکانی کێشەی خێزانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشی زۆری دەسەڵات هۆکارەکەیەتی و لێی بەرپرسە، کۆمەڵگەی کوردی و سیستەمی خۆبەڕێوەبردنی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەکێنێت. ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات بە درێژایی مێژوو لەناو کورددا بوونی نەبووە، ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە زۆر بە خێرایی و زیاتر پەرە دەسێنێت، ناو و وێنای کوردیش وەکوو کۆمەڵگەیەکی بەربەری دەخاتە پێشچاوی جیهان و بە و وێنایەوە دەچێتە مێژووەوە. [1]