$کورد و سوننە رۆڵیان لە هاوکێشەکاندا چییە؟$
#عارف قوربانی#
ڕەنگە بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی بەڕێوەبردنیان دامەزراوەییە و وڵاتانێکی چەسپاو و لەسەر ڕێچکەیەکی دیاریکراو و بە پلان و دونیابینییەکی ستراتیژی بەڕێوە دەبرێن، ئەوە ڕاست نەبێت کە ڕووداوێک ئاڕاستەی مێژوو بگۆڕێت. تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکە چەند کاریگەریش بێت، بۆ وڵاتە بەهێز و زیندووەکان لێکەوتەکانی کاتی دەبن و بەزوویی وڵاتەکە ڕێچکە ڕاستەکەی خۆی دەگرێتەوە کە وەک ئامانجێکی ستراتیژی بۆ خۆشبەختی نەوەکانی داهاتوویان داڕێژراوە. بەڵام بۆ وڵاتە دواکەتووەکان ئەمە پێچەوانەیە، ئەگەر خەون و خەیاڵی گەورەشیان هەبێت، ڕووداوێکی بچووک ئاڕاستەی مێژووییان دەگۆڕێت و هەموو خەون و خەیاڵەکانیان لەگۆڕ دەنێت.
ئێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی ئەوەی خاوەن ستراتیژێکی دیاریکراو نییە و لەسەر بنەمایەکی فشۆڵ دامەزراوە و بە شێوازێکی هەڕەمەکی بەڕێوە دەبرێت، ئەو قسەیە پڕ بە باڵایەتی کە نەک ڕووداوی گەورە تەنانەت ڕووداوی بچووکیش ئاڕاستەی مێژووی دەگۆڕێت. لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردووی تەمەنیدا دەیان ڕووداو هەن کە ئەگەر ڕوویان نەدایە، یاخود بە جۆرێکی دیکە بوونایە، مێژووی ئێراق بە و جۆرە نەدەبوو کە ئێستا لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کراون. ئەمە نەک هەر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو تەنانەت بۆ ئێستا و داهاتووش هەر ڕاستە.
بۆ نموونە ئەگەر سیستەمی مەلەکی نەگۆڕایە بۆ کۆماری، یان ئەگەر بەعس و سەدام نەهاتنایەتە سەر حوکم و لە بری ئەوان ڕژێمێکی دیموکراسی دابمەزرایە، بە درووستی ڕەنگە نەتوانرێت گریمانەی ئەوە بکرێت ئێراقی ئێستا چۆن دەبوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم ئێراقەی ئێستا نەدەبوو. زۆر نموونەی دیکە هەن مرۆڤ دەتوانێت وەک خاڵێک دیاری بکەیت کە بەهۆی فڵانە ڕووداوە وە ئێراق بە ئاقارێکدا ڕۆیشتووە و ئەگەر ئەو ڕووداوە نەبووایە ئێراق لە شوێنێکی دیکە دەبوو. هەرچەندە تازە زەمەن ناگەڕێتەوە تا ڕێگە لە ڕوودانیان بگیرێت، بەڵام دەکرێت پەندیان لێوەرگرین تا دووبارەیان نەکەینەوە.
لە ئێراقی تازەشدا لە 2003 بۆ ئێستا، ئەوەی دەکرێت وەک خاڵێکی وەرچەرخان ئاماژەی پێبکرێت کە ئێراقی بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە برد، بەتایبەتی بۆ کورد و سوننە بووە مایەی نەهامەتی، پێکهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2010 بوو. ئەوکاتەی لیستی ئێراقییە بەسەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی 91 کورسیی پەڕڵەمانی بەدەستهێنا و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نووری مالیکی 89 کورسی بردەوە. بەهۆی ئەوەی کورد و سوننە خۆیان لە ململانێکان بەدوور گرت و لێگەڕان بۆ شیعەکان، لەناو ماڵی شیعەشدا بۆ ئەوەی ڕێگە لە عەلاوی بگرن کە حکومەت پێکبهێنێت، ئەوە بوو دادگایی فیدراڵی بە بەرژەوەندیی مالیکی بڕیاریدا کە لە دوای هەڵبژاردنیش دەتوانرێت هاوپەیمانێتیی گەورە درووست بکرێت. مالیکی دەسەڵاتی گرتەوە دەست و کشانەوەی ئەمریکایان قۆستەوە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە زاڵکردنی هەژموونی شیعە بوو بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا، هەروەها گەیاندنی پڕۆسەی تەشەیوع بوو بە ناوچەکانی سوننە و کورد. #داعش# هێنرا و کرایە پاساوی ئەو لێکەوتانەی بەسەر کورد و سوننەدا سەپێنران. هەموو ناوچەکانی سوننە وێران کران، خەڵکەکەیان ئاوارە و دەربەدەرکران. بەرانبەر بە کوردستانیش بودجە و مووچەی خەڵکیان ڕاگرت و گەمارۆی ئابووری و سیاسییان خستە سەر هەرێمی کوردستان و دواجار نیوەی خاکەکەشیان داگیرکردەوە، ئێستا پڕۆسەی تەعریب و تەشەیوع بە ئاستێکی مەترسیدار تیایاندا بەڕێوە دەبرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر کورد و سوننە بێهەڵوێست نەبووایان لەو ڕووداوە و پشتیوانی چەسپاندنی دیموکراسییان بکردایە، ئایا عەلاوی حکومەتی درووست بکردایە نەک مالیکی، ئەو ڕووداوانە ڕوویان دەدا کە ئێراقیان گەیاندە ئاستی لەبەریەک هەڵوەشانەوە؟ ئەگەر سوننەکان هەموویان بچوونایەتە پاڵ عەلاوی، داعش ناوچەکانیانی داگیر دەکرد؟ کە هێنانی داعش کرایە پاساوی بەسوتماککردنی هەموو ناوچەکانیان؟ ئەگەر کورد بێهەڵوێست نەبووایە و لەگەڵ عەلاوی هاوپەیمانێتییان درووست بکردایە، بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان ڕادەگیرا؟ ئایا پڕۆسەی سیاسی لە ئێراق بە و ئاقارەدا دەڕۆیشت کە ئەنجامەکەی بۆ کورد داگیرکردنەوەی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوو؟
ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەشمان بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو بە درووستی دەست نەکەون، بە دڵنیاییەوە بۆ داهاتوو لە ئێستا وە وەڵامەکان لە بەردەستمانن. ئایا کورد و سوننە ئەم جارە چی دەکەن؟ ئەمجارەش لێدەگەڕێن تا شیعەکان هەموویان لەژێر چەترێکدا یەک دەگرنەوە و کەسێک دەکەنە سەرۆکوەزیران کە دوور نییە لە مالیکی خراپتر بێت، یان هەڵوێستیان دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعی و دەبنە تەرەف لە کێشەکانیان و دەبنە سەنگی مەحەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کوتلەی گەورە و ڕۆڵیان دەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو؟
دەبێت هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە بەوردی ئەو دۆخە هەڵسەنگێنن ئایا ببنە تەرەف لە کێشەی شیعەکان چییان دەست دەکەوێت و بێلایەن بمێننەوە و چاوەڕوانی ئەوەبن شیعەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە یەکگرتووی بێنەوە ناو هاوکێشەکە، کورد و سوننە چی دەچننەوه؟
کورد ئەگەر بیەوێ پەند لە ڕابردوو وەربگرێت دوو ئەزموونی تاڵی هەیە لە پێکهێنانی حکومەتی مالیکی و عەبادی. یەکەمیان بەهۆی ئەوەی کورد ئامادە نەبوو لە ململانێی مالیکی و عەلاوی پشتگیریی عەلاوی بکات بە پاساوی ئەوەی کورد نەبێتە بەشێک لە کێشەی شیعەکان، ئەنجامەکەی واکەوتەوە مالیکی هاتەوە دەسەڵات و پڕۆسەی سیاسیی ئێراقی بە و ئاقارەدا برد کە بینیمان چی بەسەر ناوچە سنوییەکان و کوردستاندا هات لەسەر دەستی حوکمی شیعە. دووەمیشیان هەر بەهۆی ئەوەی کورد ئامادەنەبوو بچێتە هیچ گفتوگۆیەکی تاکلایەنەی هێز و کوتلە سیاسییەکانی شیعەوە تا ئەوکاتەی هەموویان ڕێککەوتن، ئەوکات تەنانەت چاوەڕێی وەڵامی کوردیان نەکرد ئایا بەشداریی کابینەکەی دەکات یاخود نا، لە گردی زەرگەتە بەسەرپەشتی کاک نەوشیروان لایەنە کوردییەکان هێشتا لە کۆبوونەوە بوون، عەبادی کابینەکەی بردە پەڕڵەمان و بە میزاجی خۆی چەند پۆستێکی بۆ کورد بە بەتاڵی هێشتەوە، بێئەوەی هیچ ئیعتیبارێک بۆ لایەنە کوردستانییەکان دابنێن حکومەتی خۆیان پێکهێنا.
دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش بە جۆرێکە جارێکی دیکە خەریکە هەمان ئەو مێژووەی ڕابردوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ڕەوتی سەدر یەکەمی هەڵبژاردنە، دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی نیوەی ژمارەی کورسییەکانی ڕەوتی سەدری بەدەستهێناوە. ململانێ لەنێو شیعەکان هەیە لەسەر ئەوەی کامیان دەتوانن کوتلەی گەورە درووستبکەن، هەردوو لایان بەجیاجیا خەریکی کۆکردنەوەی دەنگی دیکەن و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئەوەی هەموو هێزە شیعییەکان لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە. کورد و سوننەش بە زیاتر لە 130 کورسیی پەڕڵەمانەوە دۆش داماون و چاوەڕوانی ئەوەن شیعەکان لەناو خۆیاندا ڕێک بکەون. بێئەوەی ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خۆیان بکەنەوە کە ئایا ڕۆڵیان چییە لە ناو هاوکێشەکاندا؟ ئێستا بەهۆی ناکۆکیی نێوان شیعەکانەوە دەتوانن هاوکێشەکان بەهەر جۆرێک بگۆڕن کە لە بەرژەوەندیی کورد و سوننە بێت، بەڵام ئەگەر شیعەکان لەناو خۆیاندا ڕێککەوتن نە کورد و نە سوننە هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێ و دەبێت وەک پاشکۆ و تەنیا بۆ شەرعیەتدان بە حکومەتێکی ڕووکەش کە بگوترێت بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانە، بەڵام لە واقیعدا حوکمی شیعەیە.
لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە بکرێتەوە، بۆچی پێکەوە ناچن لەگەڵ یەکێک لە هێزە براوەکانی شیعە هاوپەیمانێتییەکی فراوانی کوردی، شیعی، سوننی درووستبکەن و حکومەتێکی هاوبەشی ڕاستەقینەی هەر سێ پێکهاتەکە بێننە ئاراوە؟ بۆ چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە هەموو هێزە شیعەکان لەژێر چەترێکدا یەک بگرن و کاریان بە کورد و سوننە نەمێنێت؟ ئەگەر ئەمە ناکەن، ئەی کەواتە چ ڕۆڵێکیان هەیە لە پڕۆسەی سیاسی و نەخشەی داهاتووی ئێراق؟ [1]