$ئایا داعش دەگەڕێتەوە؟$
#عارف قوربانی#
لە سەروبەندی هاتنی داعش بۆ ئێراق و تا ماوەیەکی دواتریش زۆر جار گوێمان لە قسەیەکی کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەبوو کە لۆمەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئێراقی دەکرد بەوەی کە دەیگوت پێش چەند مانگێک لە هاتنی داعش من زانیاری ئەو مەترسییەم پێیداوە، بەڵام نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق مەترسییەکەی بە بایەخەوە وەرنەگرتووە) . ئەشێ بۆ ئەو هەلومەرج و ڕۆژگارانە کە کێشە و ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان هەولێر و بەغدایا هەبوو، نووری مالیکی متمانەی بە زانیارییەکانی بارزانی نەبووبێت، یان لە باوەڕبوون بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێراقەوە، پشت ئەستوور بووبێت بەوەی ئەگەر ئەو زانیارییانە درووستیش بن، بایی ئەوە نین هەڕەشە بخەنەسەر ئێراق کە سوپاکەی بە پێشکەوتووترین جۆرەکانی چەکی ئەمریکی تەیار کرابوون. بارزانی دەیویست بڵێت، غرووری مالیکی بە پلەی یەکەم بووە هۆکاری ئەو ڕووداوانەی ئێراق و ناوچەکەیان گیرۆدەی کێشەگەلێکی زۆر کردەوە.
ئێستا ناوەندی زۆر گرنگتر لە دەزگا هەواڵگرییەکانی کوردستان، سەرکردەیی کاریگەرتر و وڵاتانی زلهێز، ئەو قسەیە بە گوێی کورد خۆیدا دەدەنەوە کە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە. ئایا کوردیش هاوشێوەی مالیکی بایەخ بۆ ئەو ئاگادارکردنەوانە دانانێن تا سەری نەتەقێ بەسەری داعشدا؟ یان وەک پلانی پێشوەختە خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات؟ بەتایبەت کاتێک زانیارییەکان لەسەر زاری سەرکردەی وڵاتانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا و ئەڵمانیاوە باس بکرێن، ناکرێت پشتگوێ بخرێن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک ڕووبەڕووی ڕەخنە و نیگەرانییەکی زۆر کرایەوە لەسەر کشانەوەی لە ئەفغانستان و هەموو جیهان چاوی سەرنجی بڕیوەتە ئەوەی بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، تاڵیبان چی کارەساتێکی مرۆیی دەخووڵقێنێت، بایدن پێمان دەڵێت: تاڵیبان مەترسی نییە، ئەوەی مەترسییە سەرهەڵدانەوەی داعشە لە ئێراق و سووریا. بەدوای ئەوەیشدا لە دیداری لووتکەی نێوان ئەڵمانیا و ڕووسیا، جەخت لەسەر هەمان هەڕەشە کرایەوە.
داعش لە قۆناخی پێش هاتنی بۆ ئێراق و دەستگرتنی بەسەر چەندین کۆگای پڕ لە چەک و کەلوپەلی سەربازی، هێزێکی ناڕێکخراو و کەمتوانا بوو لەڕووی پێداویستی چەک و کەرەستەی سەربازییەوە، گرتە ڤدیۆییەکانی ڕۆژانی هاتنیان و گرتنی موسڵ هێشتا لەپێش چاومانن، بەڵام دوای گرتنی ناوچە سوننییەکان و هەڵهاتنی سوپای ئێراق و جێهێشتنی هەموو ئەو کەلوپەل و چەک و جبەخانە سەربازییانەی ئێراق کە لە باشترین و پێشکەوتووترین جۆرەکانی چەکی ئەمریکی بوون کەوتنە دەستی داعش، دواتریش لە هاتنی هاوپەیمانان و هێنانی چەکی جۆراوجۆری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی بازرگانانی خوێنەوە لەنێو هێزە کوردی و ئێراقییەکان چەکی زیاتریان پێفرۆشرا و بوونە خاوەن هەمان ئەو جۆرە چەکانەی لە دەستی سوپای هاوپەیمانەکاندا هەبوون. ئەزموونی جەنگی ئەو چەند ساڵەش کردوونی بە هێزێکی بە ئەزموونتر. بۆیە لە ئەگەری درووستبوونی هەر هەلومەرجێکدا بۆ سەرهەڵدانەوەیان، داعشی ئەم جارە بەهێزتر، پڕچەکتر و ڕاهێنراوترە لەو گرووپانەی لە 2014 هاتن.
سەرباری ئەوەی جوگرافیایەکی دیاریکراو لە دەستی داعشدا نەماوە، دەوڵەت و خەلافەتەکەیان ڕووخێندران و بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانیان کوژراون، بەڵام هەر بەپێی ئامار و داتای دەزگا هەواڵگرییە جێ باوەڕ و جێی متمانەکانی وڵاتانی دونیا، هێشتا ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش وەک گرووپ لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتە جیاجیاکاندا ماونەتەوە بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێن، زۆر زیاترن لەو ژمارانەی لە پێش هاتنیان بۆ ئێراق هەیانبوو. کەواتا پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەو داعشەی لە داهاتوودا سەرهەڵدەداتەوە لەو داعشەی پێشووتر بەهێزترە.
لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا و وەک پێشهاتێکی چاوەڕوانکراو ئەگەر داعش دەرکەوتنەوە، کورد چی دەکات بۆ ئەوەی خۆی لەشەڕێکی مەترسیداری لەو جۆرە بپارێزێت؟ بەتایبەتی کە ئەوەش سەلمێنراوە وڵاتە هەرێمایەتی و ناوەندە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و جیهان دەستیان لەنێو سەری داعشدایە و دەتوانن زۆر بە ئاسانی ئاڕاستەیان بکەن؟ ئایا کورد هیچ بیری لەوە کردووەتەوە بە کشانەوەی ئەمریکا چارەنووسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چی لێدێت، وڵاتانی دیکە تاوەکو چەند ئامادەن بە بێ ئەمریکا لە ناوچەکە بمێننەوە؟ دۆستەکانی کورد کە چەندین ساڵە گوشار دەخەنە سەر کوردستان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و پارتی و یەکێتی بەگوێیان ناکەن، هەڵوێستیان چۆن دەبێت و تاکەی ئامادەن چەک بدەن بە هێزی سەر بە حیزبەکان.
لە ئەگەری هاتنەوەی داعشدا و ئاڕاستەکردنیان ڕووە و کوردستان، کە هەلومەرجی هەرێمایەتی لەبارە بۆ گەلەکۆمەکێیەکی لەو جۆرە، کوردستان چۆن خۆی دەپارێزێت؟ ئەو نیگەرانی و ناڕەزایەتییەی هاووڵاتییانی کوردستان لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و نادادی و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قوورسترکردنی باری ژیان، دۆخی دەروونیی خەڵکی کوردستان بەرەو کوێ دەبات و تا کوێ ئامادەیی تیایە پشتیوانی لە مانەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکات؟ چەن کەڵک لە هەڵە و کەموکوورتییەکانی چوار ساڵی پێشووتری شەڕی داعش وەرگیراوە؟ توانای سەربازی و عەقیدەی سەربازی کورد لە چی ئاستێکدایە؟ فرە ناوەندیی بڕیار لەناو هێزی چەکداری کوردستان، ڕێگەچارەی درووستی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەم چەند مانگ و ساڵەی لە پێشمانن کورد چی دەکات بۆ یەکخستنی تواناو ئیرادەی سەربازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک بکەوێتە سەر کوردستان؟
هێشتا کات و دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی کورد بیر لە ڕێگەچارەی دوورخستنەوەی هەر مەترسییەک بکاتەوە کە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعشدا ڕوو لە کوردستان بکات، بەڵام پێویستی بە یەک هەڵوێستی کورد و یەکخستنی ئامانجی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی سەرکردەکان هەیە، ئایا ئەمانە دەستەبەر دەبن؟ دەبێت چاوەڕوان بین هەنگاوەکانی داهاتووی سیاسییەکانی کورد وەڵامی پێشوەختەمان دەدەنەوە، بەر لەوەی داعش بێتەوە. [1]