$شەڕ و ئاشتیی پارتی و پەکەکە$
#عارف قوربانی#
پارتی و پەکەکە وەک دوو هێزی سیاسی و سەرەکی لە ئاستی کوردستانی گەورە، جیاواز لەوەی هەریەکیان نوێنەرایەتیی پارچەیەکی دیاریکراوی کوردستان دەکات، بەڵام هەردووکیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا لق و پۆپ و حیزبی وابەستە و گرێدراو بە ستراتیجی خۆیان هەیە. ئەمەش وایکردووە بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەردووکیان بوونەتە لایەن لە کێشەی هەریەک لەو بەشانەی دیکەی کوردستان و لێکەوتەی ئەو بە تەرەفبوونەش کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خۆیانی قووڵتر کردووەتەوە. بۆیە هیچ کات پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حیزبەی کوردستان دۆخێکی سەقامگیری نەبووە.
سەرباری ئەوەی چەند جارێک گەیشتووەتە ئاستی بەریەککەوتن و خوێنیان لەنێوانیاندا ڕژاوە، بەڵام لە هەندێ قۆناخیشدا بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بوون و هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەبووە. جیا لەو ڕێککەتنە مێژووییەی نێوانیان لە سەرەتای سەرهەڵدانی خەباتی چەکداری لە باکووری کوردستان، لە شەڕی #داعش# و درووستبوونی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستانیش گەریلاکانیان شانبەشانی پێشمەرگەی باشووری کوردستان لە سەنگەری بەرگریدا بوون. تەنانەت دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەریش کاتێک سوپای ئێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنان دەیانویست لەنێو خاکی سووریاوە بچنە پێشخابوور، پەکەکە ڕێگری لێکردن و ڕێگەی نەدا گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان تووندتر بکرێن.
مەبەستمە ئەوە بڵێم لەگەڵ بوونی کێشە و ناکۆکییەکان، پەکەکە لە ساتە هەستیارەکاندا هاوکاریی باشوور و تەنانەت پارتیشی کردووە. ڕەنگە ئەمەش بەشێکی گرێدراوی ئەو پێشینانە بێت کە لە درووستبوونی پەکەکەشدا لەلایەن پارتییەوە هاوکاری کراون و لە قۆناخەکانی پڕۆسەی ئاشی نێوخۆی تورکیاشدا شانبەشانی مام جەلال، کاک مەسعود و کاک #نێچیرڤان بارزانی# بەردەوام دەستێکی لە پشت پڕۆسەی ئاشتی بووە. کەواتە ئەگەر ئەم هێزانە چەند ناکۆکیش بن، کێشە و ململانێیەکانیان بگاتە ئاستێکی زۆر خراپیش، پێویستە ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە لە ڕابردوودا بەکەڵکی یەکدی هاتوون و بۆ داهاتووش پێویستیان بە یەکدییە. ئەگەر لەم گۆشەیەوە بڕوانینە هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە ناکۆکیی و کێشەکانیشیان قووڵبکاتەوە، کورد واتەنی دەتوانن (نەیگەیێننە مریشکە ڕەشە) . پێویستە هەمیشە ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە سەرباری ئەو هاوبەشییانەی ڕابردوو، چارەنووسی کورد هەمووی پێکەوە گرێدراوە، واتە بۆ داهاتوویش مان و نەمانمان پێکەوە بەستراوە.
ئەوەی لێرەدا بە گرنگی دەزانم، جیاواز لەو هەموو خاڵە هاوبەشەی وەک نەتەوەیەکی چەوساوە و خاک داگیرکراو، هاوچارەنووسیی پێکەوەمان دەبەستێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو ناکۆکی و جیاوازییانەی ئێستا لەنێوان پارتی و پەکەکەشدا هەن، لە سەرهەڵدانی ئەم خولە تازەیەی ناکۆکیی و ململانێیەکانیان کە گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک و ئەگەری بەریەککەوتن لە هەموو ئەگەرێک لەپێشترە، یەک خاڵی گرنگی هاوبەش هەیە کە دەبێت ئەم دوو هێزە ئەمە بکەنە جەمسەری کێشەکانی ئەم قۆناخە و بیکەنە هەوێنی چارەسەر بۆ کێشەکانی دیکەیان، هاوکات ببێتە سەرچاوە و زادەی لێکتێگەیشتنێکی تازە لەنێوان پارتی و پەکەکە و ئەگەری بەریەککەوتنی چەکداری بۆ هەمیشە دووربخاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە پارتی مەترسی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەم جێگیرکردنە بەرفراوانەی هێزە پڕۆسەیەکی داگیرکارییە و ئامانج لێی داگیرکردنی ناوچە ستراتیجییەکانی باشووری کوردستانە.
پەکەکە زۆر لەمێژە بۆ وەڵامی ئەوانەی پێیان وایە (تورکیا بەهۆی پەکەکەوە هێز دەهێنێتە باشوور و ئەگەر پەکەکە لێرە نەبان ئەوە تورکیا سنووری نەدەبەزاند) ، هاوار دەکات کە ئەوە خوێندنەوەیەکی درووست نییە، پەکەکە وەک پاساو و بیانوویەکی ڕووکەشی ستراتیژی تازەی تورکیایە، ئەگینا حەقیقەتەکە پڕۆسەی داگیرکردنی باشووری کوردستانە.
لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە جوڵەی هێزی پێشمەرگە بۆ چیای مەتین و شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە کە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ئایا تورکیا شەهیدی کردوون یان پەکەکە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەگەرچی لێرەشدا هەر ئۆباڵەکە دەخاتە ئەستۆی پەکەکە و پێیوایە هۆی هەموو ئەو نەهامەتییە #پەکەکە#یە، بەڵام لە بەشێکی ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا کە ڕۆژی 6ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە هاتووە پەکەکە بەمەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ تورکیا گواستووەتەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و بە پیلانێکی دانراو شەڕ دەکات و ناوچەکان بۆ سوپای تورکیا بەجێدەهێڵێت تاوەکو خاکەکەمان بەداگیرکردن بدات.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو دەربڕینە تازەیەیە کە مەکتەبی سیاسیی پارتیش پێیان وایە هاتنی سوپای تورکیا ئیتر بەهەر هۆکارێکەوە بێت بۆ داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانە. لێرەدا کێشە نییە کە پارتی ڕاستەوخۆ کێ بە بەرپرسیار بزانێت لە بیانووی داگیرکارییەکە، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا بە پڕۆسەی داگیرکردن دەبینێت. کەواتە دوای ئەم بەیاننامەیە دەبێت چاوەڕوانییەکان لە ئەگەری بەریەککەوتنی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگەوە بگۆڕین بۆ پێشهاتی دیکە، چونکە مەبەست لەو پڕۆسەیە دەستگرتنە بەسەر هەرێمی کوردستاندا.
لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی پێشووترمان هەیە، کاتێک داعش گوندی بەشیری تورکمانی شیعەنشینی لە نزیک کەرکووک داگیرکرد، بەدرێژایی ماوەیەکی زۆر ئەو گوندە بە داگیرکراوی مایەوە، ئێراق ڕێگەیان نەدەدا پێشمەرگە گوندەکە ڕزگار بکات، چەند مانگ جارێکیش حەشدی شەعبی هێرشێکی ڕووکەشانەیان بۆ دەکرد و دەشکان. ڕزگارکردنی بەشیر وەکوو مەتەڵی لێهاتبوو، چونکە ئامانجەکە ڕزگارکردنی بەشیر نەبوو، بەڵکوو هێشتنەوەی بەشیر بەدەستی داعشەوە بۆ ڕەوایەتیدان بوو بۆ هێنان و جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک.
کەواتە پێویستە لە پشتی ڕووداوەکانەوە کەناڵی گفتوگۆ بکرێتەوە لەنێوان هەموو لایەنەکاندا بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی هاوبەش، بۆ ئەوەی ڕێگە لەم داگیرکارییە بگیرێت. ئەوەی پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا دوورخستنەوەی هێزی چەکدارە لە یەکدی بۆ دەستەبەری دڵنیایی لە درووستبوونی شەڕ لەنێوانیان، بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەڵە و ئەگەری ئەو گومانانەش بگیرێت کە دوور نییە هەبن لەنێو هەردوولادا. ئەوەی لەسەر پارتی پێویستە ئەوەیە کە لەبری هێزی پێشمەرگە، هێزی پاسەوانی سنووری ئێراق کە چەند فەوجێکیان کوردن، ئەوان بهێندرێنە ئەو ناوچانەی ئەگەری بەریەکەوتنیان لێدەکرێت. پەکەکەش پێویستە لە هەندێک ناوچە کە ئەگەری بەریەککەوتنیان هەیە دووربکەوێتەوە، وەک چۆن لەپێناوی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا چەندین ساڵ تفەنگەکانیان بێدەنگکرد و تەنانەت خاکی باکووری کوردستانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بەجێهێشت و هاتنە باشووری کوردستان. ئێستا لەپێناوی دوورکەوتنەوە لە ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵ هێزی باشووری کوردستان، بچنە شوێن و هەندێ لووتکە و دامێنی هەندێ لووتکە شاخی دیکە. ئەمە وەک قۆناخێکی ڕاگوزەر تاوەکو هاقڵمەندانی نێوان هەردوو حیزبەکە و خەمخۆرانی دیکە لەدەرەوەی هەردوولایان، تەگبیرێکی گونجاوتر بۆ خەبات و قۆناخی داهاتوو دەدۆزنەوە. [1]