$ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکارییە نەک شەڕی پەکەکه$
#عارف قوربانی#
ئەگەر ساڵانی پێشتر تورکیا لە کێشەی هەندێک لەو وڵاتە تورکزمانانەی دوای ڕووخانی سۆڤیێت سەربەخۆییان ڕاگەیاندبوو، ببووە تەرەف، وا لێکدەدرایەوە کە بەهۆی هاونەژادی و جۆرێک لە هەستی خۆبەخاوەنزانینی تورکیا بۆ ئەو وڵاتانە وایکردووە تورکیا ڕەوایەتی بەخۆی بدات دەستبخاتە نێو کاروباریانەوە، بەڵام لە چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستوەردانی لە کێشەی وڵاتانی وەکوو (ئێراق، سووریا، ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەفغانستان، لیبیا، یەمەن و بەشێکی دیکە لە وڵاتانی عەرەبی، تاوەکو دواجار دەستی گەیشتە کێشەکانی ئۆکراینا) شتێکی دیکەمان پێدەڵێن.
ئەمە ئاماژەی ستراتیژیی تازەی هەرێمایەتیی تورکیایە کە نەک هەر خەریکە دەبێتە بەشێک لە کێشەی ئەو وڵاتانە، بەڵکوو ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە ئاقارێک دەڕۆن کە دواجار کێشەکان بە بەرژەوەندی و باڵانسی هێز بەلای تورکیادا یەکلاببنەوە.
شانبەشانی ئەم ڕۆڵە سیاسییەی لەنێوخۆی هەریەک لەو وڵاتانەدا دەیگێڕێت، لە مەیدانیشدا خەریکە هەژموونی سەربازی بەدوای خۆیدا پەلکێش دەکات. پێدەچێت تورکیا چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەبێت لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی و دیمۆگرافیای تەواوی ناوچەکە، بۆیە چاوی لە فراوانکردنەوەی سنوورەکانێتی. بەتایبەتیش دەیەوێ لەڕوویی سیاسیی و سەربازییەوە هەژموونی خۆی بەسەر چەند ناوچەیەکدا بسەپێنێت کە بۆ داهاتوو دڵنیایی لە دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ تورکیا بەدەستبهێنێت. دیارترین ناوچەکە و نزیکترین جوگرافیاش کە ئەم دڵنیاییەی بۆ دەستەبەر بکات، جوگرافیای کوردستانە (باشوور و ڕۆژاوا) وەک دوو زۆنی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە و لە هەمانکاتدا وەک دوو ناوچەی بێخاوەن، چونکە نە دەوڵەتەکانی ئێراق و سووریا لەبەرانبەر داگیرکارییەکانی تورکیا بەدەنگ دێن و نە هێزە کوردییەکانیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکری تورکیایان هەیە.
ئەوەی لەدوای ڕووداوەکانی ناوخۆی سووریاوە، تورکیا لەو وڵاتە ئەنجامی داوە، بە تەرەف بوون نییە لە کێشەکان، بەڵکوو بە هەموو پێوەر و پێناسەیەک، داگیرکارییە. بەشێک لە جوگرافیای سووریا لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە و چاوی لە چەندین ناوچەی دیکەی دەوڵەمەندی سەرچاوەی وزەی ئەو وڵاتەیە. لە باشووری کوردستانیش (هەرێمی کوردستان) جیا لەوەی پێشتر بە پاساوی بوونی پەکەکە دەیان بنکەی سەربازی تیا درووستکردبوو، ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جوگرافیای زیاتر دەخاتەژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. هیچ کەسێکیش بەقەدەر ئەردۆغان لەوەیا ڕاستگۆ نەبووە کە پێمان دەڵێت هەر شوێنێک بگرین لێی ناکشێینەوە. ئەو ستراتیجە سەربازییەی تورکیا لە باشوور بەڕێوەی دەبات، شەڕ نییە دژی پەکەکە، بەڵکوو تەواو پڕۆسەیەکی داگیرکارییە.
کورد یا ئەوەتا زۆر درەنگ لە هاوکێشەکان تێدەگات، یا ڕەنگە کەوتبێتە بەردەم حوکمی ئەوەی کە ئەگەر هەر بڕیار بێت کوردستان داگیرکراوبێت، داگیرکاریی تورکیایان لە ئێراق و سووریا پێباشتربێت. ئەگینا بەم جۆرەی ئێستا خەمسارد و بێباک نەدەبوون لە بەرانبەر ئەو پڕۆسە سەربازیی و ستراتیژە تورکییەی لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوەدەبرێت.
ڕاستە کورد هێزێکی ئەوتۆی نییە خۆی بەرەنگاری سوپای دەوڵەتێکی وەک تورکیا ببێتەوە، بەڵام خۆ دەکرێت پەنا بۆ ناوەندەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببرێت. حکومەت و پەڕڵەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبوو یاداشتی ناڕەزایەتی و سکاڵایان بگەیاندایەتە جیهان. ئەگەر کورد لە سووریا کورد لە ناوەند هیچ ڕۆڵێکی نییە، بەڵام لە ئێراق پۆستە گرنگەکانی وەک وەزارەتی دەرەوەی ئێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار بەدەستی کوردەوەن و مافی ئەوەیان هەیە بۆ پارێزگاری لە سەروەریی وڵاتەکە لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی لەشکرکێشیی تورکیا تۆمار بکەن. پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستییەی ئەم دامەزراوانە زەمینەی زیاتر بۆ پڕۆسەی داگیرکاریی تورکیا خۆش دەکات.
پێدەچێت هێشتا ئەوان و خەڵکانێکی زۆرتریش باوەڕیان وابێت کە هۆکارەکە بوونی پەکەکەیە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان. جاران ئەگەر تورکیا ئەوەی کردبوو بەبیانوو کە پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمەوە ئاساییشی تورکیا تێکدەدات. پەکەکە ماوەیەکی زۆرە چالاکی سەربازی لەنێو تورکیا ئەنجام نەداوە. ئەوە پەکەکە نییە ئێستا هێزی بردبێتەوە نێو قوڵایی تورکیا و سەقامگیریی تورکیای خستبێتە مەترسییەوە، بەڵکوو تورکیایە هێزی هێناوەتە قوڵایی هەرێمی کوردستانەوە، لە #زاخۆ#وە تاوەکو باشیک و چاوی لە #شنگال# و کەرکووکیشە. ئەم بێدەنگییەی ئێراقیش خەریکە دەمباتە سەر گومانێک کە لەو ڕێککەوتنە نهێنیانەی سەردەمی گشتپرسی کوردستان لەنێوان ئێران و تورکیا ئەنجام دران، ڕێککەوتبن کوردستان وەک برا لەنێوان خۆیاندا بەش بکەن، ئێران لە 16ی ئۆکتۆبەر 50٪ی بەشەکەی خۆی لە جوگرافیای کوردستان داگیرکرد و پێدەچێت ئەمەی کە ماوەتەوە بۆ تورکیا دانرابێت. [1]