$ژینگە و ئافرەت و کۆرپەکەی$
#عەتیە حەمەسەعید سالحی#
#18-03-2023#
زۆر گرنگە ئادەمیزاد بە تایبەت ئافرەت وشیار بێت، بزانێت کە ژینگە چییە؟! کاریگەریی تێکچوونی لەسەر لەشی مرۆڤ چییە؟ خوێنەری بەڕێز: کاتێک باسی ژینگە دەکەین، واتە ژیانمان لەسەر گۆی زەوی پێکهاتووە لە: ئاو و هەوا و خاک. ئینجا دەبێ بزانین بەبێ ئەم سێ ڕەگەزە مرۆڤ ژیانی نابێت. ئایا مرۆڤ بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە؟ بەچی پیس دەبێت؟
ئاو: هەموو گیانلەبەرێک 85%ی پێکهاتەکەی ئاوە، باقیەکەی دیکەیشی ماددە و کانزاکانی دیکەیە. ئەو ئاوە جوانە، کە باران دێتەخوارەوە. لە کانیاوەکانی چیاکان دێنەدەر. هەروەها لەو بەفرە درووست دەبێت، کە لە چیا بەرزەکان بە گەرمای هەتاو دەتوێتەوە. هەمووی کۆدەبێتەوە و بەرەو ڕووبارەکان دەڕوات، ڕووبارەکانیش بەسەر زەویدا دەڕۆن، بەناو شارەکاندا، جوانیەک دەبەخشن و بۆ ژیان سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئینجا بەرەو دەریاچە و دەریا گەورەکان دەڕۆن. پاشان دووبارە دەبێتەوە هەڵم و دەڕواتەوە ئاسمان و.. هتد.
ئەو ئاوە خۆی پاکە، ئێمەی ئادەمیزاد پیسی دەکەین، بەهۆی شێوەی بەکارهێنانمان بۆ ئەو ئاوانە. لە هەمووی سادەتر، ئاوی کانی، کەلوپەلی پێ دەشۆین بە ماددە کیمیایییەکان. ئینجا تێکەڵی ڕووبارەکان دەبێتەوە و زبڵ و پاشماوەی کارگە و نەوت و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و ... هتد تێکەڵ بە ئاوی ڕووبارەکان دەکەین.
ئەو ماددە ژەهراوییانە نەک هەر ئاوەکە پیس دەکەن، بەڵکوو خاکیش پیس دەکەن. دووبارە زەوییەکە هەڵی دەمژێتەوە و دەچێتەوە ناو ئاوی ژێرزەوی و پیسی دەکات. بە تایبەت ماددە کیمیاییەکان و لە هەمووشیان ترسناکتر ماددەی قوڕقوشمە. ئەو هەموو بۆیاخەی لە بیناسازیدا بەکاردەهێنرێت، ئامێرەکانی ناوماڵ و دار و دیواری پێ بۆیاخ دەکرێت، هەمووی ماددەی قوڕقوشمی تێدایە.
هەوا: پیسبوونی هەوا زۆر ترسناکە، یەکسەر دەچێتە ناو سییەکانمانەوە و خوێن دەیمژێت بۆ ناو کۆئەندامەکانی لەش، بۆیە یەکسەر خانەکان تێک دەدات، بە تایبەت خانەی تازەدرووستبوو، لەناو خانەکەدا دەنیشێت و هەرگیز نایەتە دەرەوە، وەک خانەی مێشک.
لەکوێوە ئەو ماددەیە دێت؟ لە دووکەڵی ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و ماکینە و کارگەیەی ناو شارەوە، چونکە هیچیان بە شێوەیەکی تەندرووست مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.
کە دەبینین لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان نەخۆشیی جوراوجۆر زیادی کردووە، وەک نەخۆشیی جگەر و گورچیلەکان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەهۆی ژەهراویبوونی ئەو هەوایەوەیە، کە هەڵی دەمژین!
قوڕقوشم ماددەیەکی ترسناکە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی 500 ساڵ بەر لە ئێستا ڕووخا، چونکە زۆریان بۆیاخ بەکاردەهێنا، لە هەموو ناوماڵ و شوێنی حەوانەوەیان، قوڕقوشم-رصاص لەناو بۆرییەکانی ئاو درووست دەبێت، زۆریشی پێدەچێت تا بۆرییە کۆنەکان بگۆڕێن بە ماددەیەکی ناژەهراوی.
خۆزگە ئەو کەسانەی ئاوی کانی دەخۆنەوە یەکسەر لە کوپەی بکەن کە لە قوڕ درووستکراوە، چونکە ئاوەکە ساف دەکاتەوە. جاران خەڵک لە کوردستان تەمەنی درێژتر بوو، ڕێژەی نەخۆشی زۆر کەم بوو، شێرپەنجە زۆر کەم بوو، بە تایبەت لەناو منداڵاندا. ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە. هەر لەو شاری #هەولێر#ە سەرێک بدە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، دەبینی چەندین منداڵ دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن بوونە.
پێویستە لە بیرمان نەچێت، ئەو خواردنانەی لەناو نایلۆن دەیفرۆشن یان لەناو شوشەی نایلۆن، هەمووی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانمان هەیە. وادیارە ئێمەی نەزان زۆر بیرمان لەوە نەکردووەتەوە، زۆرجار لەسەر شووشەکە یان نایلۆنەکە شتێک نووسراوە، بەڵام کێ دەیخوێنێتەوە؟! ئایا کەس تەماشای ڕێکەوتی بەسەرچوونی دەکات؟ ئەو ئاوەی ناو شووشەکە ئەگەر لەبەر گەرما یان هەتاو دابنرێت، هەر زوو ماددەی ژەهراوی نایلۆنەکە لەگەڵی تێکەڵ دەبێت و یەکسەر دەچێتە ناو خوێنەوە ئەویش کاری خۆی دەکات. خواردنی منداڵی کۆرپە لەناو نایلۆن یان قوتووی ئاسن زۆر ترسناکە، چونکە منداڵ لەو تەمەنە ناسکە.
$مەترسییەکانی قوڕقوشم ئەمانەن:$
1. ڕێژەی زاوزێ کەمدەکاتەوە: کاریگەریی زۆری لەسەر سپێرمی پیاو هەیە لەڕووی ژمارە و جۆرەوە.
2. منداڵ لەبارچوون، لە 2-3 مانگی سەرەتای سکپڕیدا.
3. لە دایکبوونی منداڵ بەمردوویی.
4. ڕێژەی تووندوتیژی لە گەوراندا زیاد دەکات.
5. ئەوانەی لە کارگە ئیش دەکەن یان زۆر بۆیاخ لە دەستیانەوە دەچێتە ناو لەشیان، تووشی سەرئێشە دەبن و زۆرجار لەهۆش خۆیان دەچن.
6. کاردەکاتە سەر غودەی سایرۆید (دەرەقی) و وای لێدەکات بە باشی ئیش نەکات.
7. دەستوپێ ژان دەکات، زۆرجار ژانەسک ڕوودەدات بێ ئەوەی هیچ جۆرە هەوکردنێک هەبێت.
8. بەرگریی لەش زۆر کەم دەکاتەوە بەرانبەر بە نەخۆشییەکان.
9. ڕێژەی مردن زیاد دەکات و تەمەن کوورت دەکاتەوە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان کارگەمان نییە، تاکوو پاشەڕۆی کارگەگە بڕواتە ناو ئاوەکانمانەوە، بەڵام بەداخەوە پاشماوەی ماڵەکان دەڕوات. هەروەها زبڵ و خاشاک مامەڵەی زانستی لەگەڵ ناکرێت و ژینگە پیس دەکات.
پاراستنی خاک و ئاو و هەوا ئەرکی سەرشانی هەموومانە. پیسبوونی ژینگە خراپییەکەی هەر بۆ ئادەمیزاد نییە، بەڵکوو بۆ ئاژەڵ و دارستانەکان زیاتریشە. پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ پاککرنەوەی ئەو ژینگە نازدارە، کەمتر نایلۆن بەکاربهێنین و بیکەین بە کیسی کاخەز. ئاوی ناو نایلۆن کەم بکەینەوە، کەمتر ئۆتۆمبێل ببەینە سەر جادەکان، تەنیا بۆ کارە گرنگەکان. ڕۆنی ئۆتۆمبێل و کارگەکان لەسەر خاک فڕێ نەدرێت. [1]