ناونیشانی بابەت: بۆچی لە ڕابردوودا نەوت و غازی هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی حکومەتی ئێراق نەبووە؟
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
(مەبەست لە وشەی ڕابردوو ماوەی نێوان ساڵی 1927 تا ڕاپەرینی 1991) ە لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ساڵی (1927) ەوە نەوت لە شاری #کەرکووک# دۆزراوەتەوه و بە سەرەتای سەرهەڵدانی پیشەسازی نەوت لە ئێراقدا دەژمێردرێت ، له و کاتەوە تا ڕاپەرینی ساڵی 1991 چەندین دەسەڵات لە ئێراق هاتوونەتە سەر حوکم بە سەردەمە جیاوازەکانی پاشایەتی و کۆمارییەوە ، هەموو ئەم دەسەڵاتانە لە سیاسەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتدا یەک ڕێچکەیان گرتبووە بەر هەموویان لە ڕووی ئیدارەدانی کەرتی نەوتەوە ئێراقیان وەک یەک یەکەی ئیداری بەبێ جیاوازی سەیر کردووە.
لەسەردەمی حوکمی پاشایەتی دا کۆمپانیای نەوتی ئێراق (IPC) کە ئینگلیزەکان باڵا دەست بوون تیایدا زۆربەی خاکی ئێراقی ڕوو پێو (مسح) کرد پاشان لەسەردەمی حکومەتەکانی دوایاندا جارێکی تر پەڕەی پێ دراوە و توانراوە سەدان ستراکچەری جیۆلۆجی بدۆزرێتەوە کە ئێستا ژمارەیان 570 دانەیە . دواتر لە هەر ناوچەیەکدا لە یەکێک له و ستراکچەرانە بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندووە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان (ئەمە لە کاتێک دایە شاری کەرکووکمان خستۆتە دەرەوەی نەخشەی کوردستانەوە) لە کۆڕمۆڕ 8 بیر ، لە چەمچەماڵ 2 بیر ، تەقتەق 3 بیر هەڵکەنراون . هەموو ئەم بیرانە لە چوارچێوەی کێڵگە دۆزراوەکان ( الحقول المکتشفە) بە جێهێلدراون بۆ کاتی خۆی بە پێی ئەو پلانە زانستییەی دارێژرابوون.
=KTML_Bold=کێڵگە نەوتییەکان:=KTML_End=
تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تەرکیزی هەموو بەرهەمهێنانی ئێراق لەسەر کێڵگەی کەرکووک و بای حەسەن و ڕومێلە و زوبێر چڕ ببوەوە ، ئەم چوار کێڵگەیە زۆر مەزن بوون کە یەدەکیان خۆی لە پەنجا ملیار بەرمیل دەدا وبەشی هەموو ئێراقیان دەکرد هەر لە بەکاربردنی ناوخۆوە تا هەناردەکردنی نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ، تەنیا لە کەرکووک لە ساڵی 1979 ڕۆژانە ملیۆنێک و شەش سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا ئیتر چ پێویست دەکات دەست بۆ کێڵگەی تر ببرێت. کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم هەموویان بچوکن و یەدەگیان کەمە لە چاو ئەو کێڵگە زەبەلاحانەوە کۆمپانیاکان ئامادەنین مەسرەفێکی زۆری تێدا بکەن چونکە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا بیر هەڵکەندن نییە بەڵکوو پێویستە بە بۆڕی بگەیەنرێنە (وێستگەی جیاکردنەوەی غاز /Degasing station) پاشان وێستگەی کەپسی غاز دواتر وێستگەی چارەسەرگردنی نەوتەکە لە دواییدا گەیاندنی بۆ پاڵاوگەکان ئەوەی دەشمێنێتەوە بە بۆری لە ڕێگەی نزیکترین خاڵەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت. هەموو کاتێک سەر پەرشتیارانی پڕۆسەی نەوت لە هەموو سەردەمەکاندا زانستیانە سەیری پڕۆسەکەیان کردووە و (جدوی الاقتصادی ) یان خستۆتە بەر چاو تا چ ڕادەیەک سوودمەند دەبێت . کەواتە پڕۆسەی بە دەست هێنانی بەروبومە نەوتییەکانی وەک بەنزین و نەوتی سپی .......هتد پڕۆسەیەکی زۆر فراوانە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت پێویستی بە ڕووبەرێکی فراوانی زەوی هەیە کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین دەرنەهێنانی نەوت لە کۆردستان لەبەر بچووکی کێڵگەکانە و کاتی دەست بۆ بردنی زۆری ماوبوو. بۆ سەلماندنی وتەکانمان دەبینین قوببەی خورماڵە کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە پەڕەی پێدراوە و لە بەرنامەی حکومەتی ئێراقدا بوو چەند کۆمپانیایەکی بیانی بهێنێ و بەرهەمەکەی زیاد بکرێت لەبەرئەوەی ئەم قوببەیە قەبارەکەی گەورە بوو شایەنی ئەوە هەبوو کە مەسرەفی لێ بکرێت ، لە ساڵی 2008 بەدواوە حوکمەتی هەرێم دەستی بەسەردا گرتووە.
=KTML_Bold=کێڵگە غازییەکان:=KTML_End=
سەبارەت بە غازیش ئاشکرایە هەردوو کێڵگەی غازی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە ڕاپۆرتی کۆتایی (Final report) کۆمپانیای IPC دا باس لە بوونی برێکی باش غاز دەکات و یەدەگی هەردووکیان بە 3,9 ترلیۆن پێ سێ جا (SCF) لە قەڵەم دەدا ، بەڵام دەبینین لە هیچ سەردەمێکدا کاری پێنەکراوە و بە دەست لێنەدراوی ماونەتەوە وەک کێڵگەیەکی دۆزراوە (حقل مکتشف) چونکە بەرهەمی غاز لە کێڵگە نەوتییەکانی تری ئێراق بە کەرکووکیشەوە ئەوەندە زۆر بوو بەشی هەموو ئێراقی دەکرد بە زیادەوە. بۆ زانیاریتان لە 27 ی ئازاری 1967 تورگوت ئۆزال کە ئەو کاتە ڕاوێژکاری تورکیا بوو (پاشان بوو بە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار) داوای گفتوگۆی لە ئێراق کرد سەبارەت بە هەناردە کردنی غازی سرووشتی بۆ تورکیا بە بڕی 600 ملیۆن پێ سێ جا لە ڕۆژێکدا لە 6 ی نیسانی هەمان ساڵ پرۆتۆکۆلێک ئیمزا کرا تا غازی کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ و غازی تواوەی ناو نەوت هەناردەی تورکیا بکرێت ، دواتر کۆمپانیای (بکتڵ) ی ئەمریکا ڕاسپێردا بۆ تەواوکردنی توێژینەوە ئابووری و هونەرییەکان بەڵام لە کۆتاییدا شکستی هێنا لەبەر هۆکاری هونەری و ئەمنی.
=KTML_Bold=پاڵاوگە:=KTML_End=
تا ساڵی 1927 هیچ پاڵاوگەیەک لە خاکی ئێراقدا بوونی نەبووە بەروبومە نەوتییەکانیش لەپاڵاوگەی عەبادانی ئێرانەوە هاوردە دەکرا . یەکەم پاڵاوگە لە ئێراق لە شاری خانەقین بە ناوی (ئەڵوەند) لە ساڵی 1927 دامەزرا دواتر لە شارەکانی بەسرە و بەغدا و کەرکووک پاڵاوگەی تر دامەزرێنرا بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی وڵات لە بەروبومە نەوتییەکان.
تا کاتی ڕاپەرینی ساڵی 1991 هیچ پاڵاوگەیەک لە هەرێمی کوردستان بنیات نەنرابوو چونکە هیچ کێڵگەیەکی نەوتی پەرە پێدراوی نەبوو ئیتر پاڵاوگە لە کویوە نەوتی بو بهێنرێت ، لە هەردوو شاری موسڵ و ئەنباریش پاڵاوگە بنیات نەنرابوو ، لە موسڵ پاڵاوگەیەک دامەزرابوو کە بە نەوتی قوورسی کێڵگەی (گەیارە) کاری دەکرد کە تەنیا ئەسفەلتی بەرهەم دەهێنا.
تا ساڵی 1983 و 1984 کە پاڵاوگەی بێجی دامەزرا هەموو پارێزگاکانی باکووری ئێراق لەپاڵاًوگەی دۆرەی شاری بەغداوە سووتەمەنیان بۆ دەهات لە شاری کەرکووکیش پاڵاوگەیەکی بچووکیش هەبوو کە لە توانای دابوو نەوتی سپی و گازوایل بەرهەم بهێنێت. شارەزایانی وەزارەتی نەوتی ئێراقی پاش درکردن بە وەی پارێزگاکانی باکووری ئێراق پێویستیان بە پاڵاوگە هەیە ئەو کات شارۆچکەی بێجیان بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژارد چونکە جێکەوتەکەی ستراتیجی بوو بۆ دابین کردنی ئاو نزیک بوو لە ڕووباری دیجلەوە لە هەمان کاتدا دەیتوانی بە نەوتی کەرکووک و نەوتی بەسرە کار بکات هەر کامێکیان پەکی بکەوتایە نەوتی لەوی تر وەردەگرت ، ئەم پاڵاوگەیە زۆر گەورە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەی نەبوو لە توانای دابوو ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت پاڵاوتە بکات کە بەشی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و موسڵ و کەرکووک و سلێمانی و دهۆک و هەولێری دەکرد.
=KTML_Bold=ئەنجام:=KTML_End=
کەواتە یەکەمین فاکتەر لە نەبوونی پیشەسازی نەوت لە کوردستان بچووکی و کەم بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانە کە (جدوی اقتصادی) نییە ، نەبوونی بەرهەمی غازیش هۆیەکەی ئەوەیە ئەو کاتە بایەخی غاز لە هەموو جیهاندا نەک تەنیا ئێراق ئەوەندە نەبوو . فاکتەرێکی تریش کە تا ڕادەیەکی باش گیراوەتە بەرچاو ئەویش فاکتەری ئەمنییە بێگومان لە ساڵی 1961 ەوە لە کوردستان شۆڕشێکی چەکداری بەرپا کراوە و سەقامگیری لە کوردستاندا نەهێشتبوو ئەو کاتە هیچ کۆمپانیایەکی بیانی ئامادە نییە لە شوێنێکی نا ئارامدا کار بکات و پارەی خۆی بخاتە مەترسییەوە ، ئەگەر تا ساڵی 1961 تەنیا هۆکاری تەکنیکی ڕێگر بووبێت لە پێش بنیاتنانی پیشەسازی نەوت لە کوردستان ئەوا لە ساڵی 1961 بەدواوە کە شۆڕشی کوردی تێدا هەڵگیرسا هۆکاری نەبوونی ئارامی و سەقامگیریشی هاتە سەر. [1]