ناونیشان: پێکهاتە جیاوازەکان؛ دەروازەیەک بۆ شکاندنی گەمارۆ
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #04-06-2023#
هەموو ئەو پەڕتووکانەی لەبارەی مێژووی کۆنی ناوچەکە نووسراونەتەوە، سەرباری ئەوەی لە زۆربەیاندا هەوڵدراوە ڕۆڵ و پێگەی کورد و ژمارەی دانیشتوان و جوگرافیاکەی کەم بکەنەوە، بە مەبەست و لەژێر کاریگەریی سوڵتان و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمانە، ویستوویانە لایەنە گەش و جوانییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری فەرامۆش بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکەی ئەو سەردەمانەی ناوچەکە، تاکە کۆمەڵگەی فرەڕەنگ بووە.
لە تۆمار و یاداشتی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانی سەر بە نەتەوە جیاجیاکان کە سەردانی ناوچەکەیان کردووە و دابوونەریت و کولتوور و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ڕۆژگارانەیان تۆمارکردووە، هەموویان سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەی لە کوردستان و لەنێو کوردەکاندا پێکهاتەی ئیتنیکی و ئایینی جیاواز، بەئاشتی پێکەوە ژیاون.
لەکاتێکدا لە جوگرافیاکانی دەوروبەری کوردستان و لەناو گەلە دراوسێکانی کورددا، بەریەککەوتنی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی سیمای دیاری ئەو ڕۆژگارانە بوون، بەڵام لە کوردستان مێژوو لاپەڕەی ڕەشی چەوساندنەوە و بەریەککەوتنی ئایین و ئیتنیکە جیاوازەکانی نەنووسیوەتەوە.
ئەم سیما و خەسڵەتە جوان و دیارەی کۆمەڵگەی کوردەواریی بەرهەم و دەستکەوتی هیچ ڕێبەر و سەرکردە و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بەشێک بووە لە کولتوور و دابوونەریتی جوانی باو و باپیرانمان. ئەگەر لە ڕابردووشدا تەنیا وەک شانازییەک بۆ کورد بووبێتە دەستکەوت، بۆ ئەمڕۆ لە ڕووی سیاسییەوە بووە بە خاڵی بەهێز بۆ کوردستان، چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2003وە پاکتاوکردنی پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان لەژێر سایەی دەسەڵاتی تائیفی شیعەدا پێی نایە قۆناخێکی پلان بۆ داڕێژراوەوە، لە بەسرەی خوارووی ئێراق و بەغدای پایتەخت تیرۆر و تۆقاندنی کریستیانیەکان لە (کلد و ئاشووری و ئەرمەنی) ، ڕاوەدوونان و دەست بەسەردا گرتنی موڵک و ماڵ و سامانیان بووە دیاردەی ڕۆژانە.
دواتریش بەسەرهەڵدانی گرووپە تووندئاژۆکانی ئیسلامی لە تەواوی ئێراقدا ژیانیان کەوتە مەترسییەوە. تاکە ناوچەیەک بە سەقامگیریی مایەوە و بووە پەناگەی ئارام بۆیان هەرێمی کوردستان بوو. بەشێکی زۆری کریستیانیەکان لە خواروو و نێوەڕاستی ئێراقەوە ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە میدیای جیهانی و ناوەندەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی ڕۆژاوا کە بەچاوێکی جیاوازتر لە هەرێمی کوردستان بڕوانن و وەک ناوچەی ئارام وێنای بکەن.
دەرکەوتنی #داعش#، بە کۆمەڵکوشتنی ئێزدییەکان و ڕاوەدونانی شەبەک و کاکەیی و کریستیانیەکانی دەشتی نەینەوا، داڵدەدانیان لە هەرێمی کوردستان ئەم جیاوازییەی زیاتر بەرجەستە کرد و بووە یەکێک لەو پاڵنەرانەی کە سیاسەتی نێودەوڵەتی بیر لە پاراستنی هەرێمی کورستان بکاتەوە.
ئەو پرسیارەی لای نەیارانی کوردستان ببووە لوغزێکی نهێنی و دەیانپرسی بۆچی داعش کاتێک پەلاماری موسڵ و تکریت و دیالە و ڕوومادی دا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوەستەیان لە دژی داعش نەکرد، بەڵام کە ئاڕاستەی چەکەکانیان بەرەو کوردستان گۆڕی، دونیا لەسەریان هاتە دەنگ؟ پێدەچێت ئەو تێگەیشتنە لای ناوەندە هەواڵگرییەکانی نەیاری کوردستان بووبێت بە قەناعەت کە هۆکاری پشتیووانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، (سەقامگیریی فرەڕەنگییەکەی) بێت.
لە و کاتەوە پێچەوانەی مێژووی دوورودرێژیی کوردستان، گوێبیستی هەندێک دەنگی نەشاز دەبین دژ بە پێکهاتە جیاوازە ئایینی و ئیتنیکییەکانی کوردستان. خەریکە بەسووک تەماشاکردن و ناوزڕاندن و سووکایەتیپێکردنیان و داتاشینی ناو و ناتۆرە بۆیان دێتە ناو میدیا و ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییەوە. ئەوەشی وایکردووە ئەم پڕۆسەیە زەقتر بکاتەوە و بووە بە ڕووپۆشی داپۆشین و شاردنەوەی خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەو ئاڕاستەی دژە ئیتنیک و ئایینییە جیاوازانەی کوردستان، تێکەڵکردنی پێکهاتەکانە لە ململانێ سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستاندا. چی ئەوانەی دەیانەوێت پێکهاتەکان وەک ئامراز لە ململانێکان بەکاربەرن و چی ئەوانەی بۆ ململانێی سیاسی دژی پێکهاتەکانن، هەردوولایان فوو بە پشکۆی ئەو ئاگرەدا دەکەن کە دژی فرەڕەنگی و جوانی جیاوازییەکانی کوردستان داگیرسێندراوە.
بەحوکمی ئەوەی دابەشبوونی جوگرافیای پێکهاتەکان (ئەرمەنییەکان لە #زاخۆ#، کریستیان و تورکمانەکان زۆربەیان لە #دهۆک# و #هەولێر#) نیشتەجێن و ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دابەشبوونی جوگرافیای سیاسیی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە نەکرێت ئەم دابەشبوونە جوگرافییەی پێکهاتەکان دەبێتە بەشێک لە دابەشبوونە سیاسییەکە، بەمەش هەرێمی کوردستان ئەو وێنا و خەسڵەتە گشتییە لەدەستدەدات کە لە باو و باپیرانمانەوە وەک کولتوور بۆمان ماوەتەوە.
بۆیە بۆ پارێزگاری لەو کولتوورە کە بۆ ئەمڕۆ بووە بە سەرچاوەی هێز بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێت پێکهاتەکان جیابکرێنەوە لە ململانێی سیاسی، چونکە بە تێکەڵکردنیان بە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دیمەنە سیاسییەکە وایلێدێت کە لایەک دژی پێکهاتەکانە و لایەکیش پشتیووانییان دەکات. بەمەش وێنا گشتییەکە لە پێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێچەوانە دەبێتەوە کە پێکهاتەکان لە کوردستان ڕێزلێگیراوون، ئەوکاتە وا دەبینرێت کە بەشێکی کۆمەڵگەی کوردی دژی پێکهاتە جیاوازە ئایینی و ئیتنیکییەکانن.
زیانی گۆڕینی ئەم وێنا گشتییە بۆ کورد زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی لە بارودۆخێکی وەک ئێستا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکرێت، گرنگە ئەم خاڵە بەهێزە وەک سیما و وێنایەکی جیاوازی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک جوگرافیایەکی جیاواز لە دراوسێکانی، بەبەهێزی بهێڵینەوە.
بۆ ئەمەش سەرباری بوونی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە پەڕڵەمانی کوردستان دەنگی پێدراوە و ڕێوشوێنەکانی بەشداریی سیاسی و مافی پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکیەکان ڕەچاوکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە جۆرێک لە هاوبەشی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردن بێنێتە ئاراوە کە پێکهاتەکان بەشداریی کرداری بن لە بەڕێوەبردنی کوردستان.
بەتایبەتی دوای ئەو ڕێکارانەی لە ڕێگەی دادگەی باڵای فیدراڵیی ئێراقەوە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت گوشارەکان لەداهاتوودا زیاتربن وەک لەوەی لە ڕابردوو ڕوویانداوە، بۆیە دەبێت کوردستان بەدوای هێشتنەوەی ئەو دەروازانەدا بگەڕێت کە جیهانی پێوە دەبەستنەوە.
بۆ هەلومەرجێکی وەک ئەم قۆناخەی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خاڵە بەهێزەکانی لەدەستدەدات کە پێشتر بەهۆیانەوە ببووە جێ سەرنجی جیهان، پرسی هەرە گرنگ و دەسکەلای بەهێز کە بتوانێت وەک ئامرازێک بەکاریبەرێت و بیکاتەوە بەڕایەڵە و پردێک بۆ گرێدانەوەی بە دونیای دەرەوەی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، ئەوەیە کە پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان تورکمان و کلد و ئاشوور و ئەرمەنی، هەروەها ئێزدی و کاکەیی بهێنێتە واجیهەی کوردستان.
لەبەر ئەوەی دەستوورمان نییە تاوەکوو بوترێت هەقە لە دەستووردا نەخشەی ئەم هاوبەشییە بچەسپێنرێت، لەبەر ئەوەش کە بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە پەڕڵەمانیش لەکارکەوت و ناتوانرێت بە هەمواری یاسای مافی پێکهاتەکان، یاخود بەدەرکردنی یاسایەکی دیکە ڕێگە بۆ ئەو هاوبەشییە خۆشبکات. بەڵام سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە میساقی پێکەوەژیان نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەو جۆرە دابڕێژرێت کە لە سێ دەستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەت و پەڕڵەمان بەشێوەی فەرمی پۆستی جێگرێکی هەریەک لەو سێ دەستەیە بۆ تورکمان و ئەرمەنی و کلد و ئاشووری بێت. هەروەها لە کابینەی حکومەتدا هەریەک لە ئەوان و ئێزدی و کاکەیی پشکی دیاریکراویان بۆ دابنرێت. تاوەکوو لەبەرانبەر ئەو ئاڕاستە دژە جیاوازییانەی خەریکە خۆی دەخزێنێتە نێو هەرێمی کوردستانەوە، پایەیەکی بەهێز بۆ نیشاندانەوەی سەقامگیریی فرەڕەنگیی نیشانی دونیا بدرێتەوە.
ئەگەر ئەو جیاوازییەی کورد لە ڕابردوودا وەک کولتووری کوردەواری بۆمان مابێتەوە و دەست و دیاری هیچ ئایدۆلۆژیا و هێزێکی سیاسی نەبووبێت، بەڵام بۆ ئێستا ڕاگرتنی ئەو شەپۆلی دژە جیاوازییانە و پاراستنی ئەو جوانی و فرەڕەنگییەی کوردستان، هەر کەسێک ڕێبەرایەتی بکات لە داهاتوودا بۆی دەبێت بە شانازی. بۆ ئێستای کوردستانیش دەبێتەوە سەرچاوەی هێز و لەبەرانبەر ئەو پیلانگێڕییانەی بۆ گۆشەگیرکردنی کوردستان لەئارادایە، دەبێتە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ ڕاکێشانەوەی سەرنجی جیهان کە جیاواز لە دەسەڵاتە ستەمکارەکانی ناوچەکە لە کورد بڕوانن. [1]